یانە و هەڵبژاردەکان بوونەتە شێرپەنجە بۆ یەکتر

لە هەر پێگەیەکى تۆپى پێ بیت، لە هەر ئاست و خولێک بیت، خاوەنى چەندین ئەستێرە و ڕاهێنەرى مەزن بیت، بەڵام کاتێک پێکان ڕووى تێکردیت، هەموو ڕەنجەکەت بە هەدەر دەڕوات و پلانەکانت تێک دەشکێت، ئێستاش کە ژمارەى یارییەکان و خول و پاڵەوانێتیەکان زیاتر بوون، ڕێژەى پێکان زیاتر بووە و لە نێوان یانە و هەڵبژادەکان، یاریزان بووەتە قوربانى.

"هەموو شتێک جیاواز"

کاتێک یاریزان لەگەڵ یانەکەى یاری و ڕاھێنان دەکات، لەگەڵ ڕاھێنەر و ستافێکى هونەرى و کەشێک، ئاستى خۆى بەرز دەکاتەوە، لەگەڵ یانەکان بەلایەنى کەمەوە لە هەفتەیەکدا شەش بۆ حەوت یەکەى ڕاھێنان وەردەگرێت، بەتەواوى لەگەڵ ڕاهێنەرى یانەکە ئاوێتە بووە و پلانەکان و زەوى یاریگاکە و هاندەران و شێوازى یاریکردن لە مێشکى یاریزان چەسپیوە، جەستە و لەشى بەو ڕاهێنان و کەشە، بە تەواوى ڕاهاتووە، ئەمە تا ئێرە شتێکى ئاساییە و هیچ گرفتێک نیە، بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردەى وڵاتەکەى، ئیتر کێشەکان دەست پێدەکات و یاریزانان تووشى ئاستەنگى گەورە دەبن.

بۆ نمونە، کاتێک یاریزانێکى  بەڕازیلى، لە یانەکانى ئیسپانیا یان ئیتاڵیا و ئەڵمانیا، یان ڕوسیا و ژاپۆن، یاری دەکات، هەفتەى فیفا دەست پێدەکات و دەبێت بگەڕیتەوە بۆ وڵاتەکەى، سەیربکەن، چ کارەساتێک بەسەر ئەو یاریزانەدا دێت، گەشتێکى زیاتر لە 15 کاتژمێرى، ماندووبونى ڕێگا، خواردنى جیاواز، لەگەڵ گەیشتنى بە بەڕازیل، ڕاھێنەرى جیاواز، کەش و هەواى جیاواز، ڕاهێنان جیاواز، یاریزانى جیاواز، هاندەرى جیاواز، ئەمانە هەموو دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو یاریزانەدا.

جگە لەلایەنى دەروونى، لایەنى جەستەییش فشارێکى زۆرى دەکەوێتە سەر، چونکە ئەو ڕاهێنانەى پێش هەفتەى فیفا و ئەنجامیداوە، زۆر جیاوازە لەو ڕاهێنانەى ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەکەى ئەنجامى دەدا، ئەو ئەرکەى لە یانەکەى لە ئەستۆیدایە، ئێستا لەگەڵ وڵاتەکەى زۆر جیاوازە، بۆیە ئەوەش ڕیژەى پێکان زیاد دەکات، ڕۆژانە هەواڵى پێکانى یاریزانان دەبیستین، بەڵام لە کاتى ئەو گۆڕانکارییە و گەڕانەوەى یاریزانان بۆ هەڵبژاردەکانیان، ڕێژەکە زۆر زیاتر دەبێت.

"فێڵ دەکەن"

ئەوەى سەرەوە، لایەنە زانستیەکەى ڕاهێنان ئاماژەى پێکردووە و هۆکارن بۆ ئەو پێکانە زۆرە، بەڵام شتێکى تر هەیە، کە ئەوەش بەشێکى زۆرى شرۆڤەکاران باسى دەکەن، کە فێڵى یاریزانانە و یانەکان زۆر بەنرختر و گرنگترن لە هەڵبژاردەکان، ئەوەش وایکردووە خۆشەویستى بۆ هەڵبژاردەى نیشتمانیی کەم ببێتەوە.

کاتێک یاریزان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردەکەى بە تایبەتى بۆ یاریی دۆستانە، دواى ڕاهینانێک یان چەند خولەکێک یاریکردن، ڕاستەوخۆ یاریزانەکە خۆى بە زەویدا دەدات و دەڵێت ئازارم هەیە و ناتوانم یاری بکەم، لە کاتى بەجێھێشتنى هەڵبژاردەى وڵاتەکەى، دەگەڕێتەوە بۆ یانەکەى، سەیرى دەکەین لەگەڵ تەواوبونى یارییە نێودەوڵەتیەکان و دەستپێکردنەوەى خولە ناوخۆییەکان، ئەو یاریزانەى بە حساب پێکانى هەبووە لە هەڵبژاردەکەى، لە پێکهاتەى سەرەکیی یانەکەدا دەبینین، چەندین حاڵەتى لەو شێوەیەمان بینیوە و لە داهاتووشدا دەیبینین.

"یاریزان باجەکەى دەدات"

ئەوەى لەکۆتایدا پێویستە بوترێت، لە بەشە ڕاستەکەى پێکانى یاریزانان، یانەکان بوونەتە زیان بۆ هەڵبژاردەکان و هەڵبژاردەکانیش بوونەتە گرفتى گەورە بۆ سەر یانەکان، هۆکارى سەرەکیش ئەوەیە کە تۆپى پێ گۆڕانکارى گەورەى بەسەردا هاتووە و بووەتە بازرگانییەکى گەورە، لەو نێوەندەشدا یاریزان باجەکەى دەدات.