رووماڵی کەناڵ8

واشنتن هێزەکانی زیاد دەکات و تاران هۆشداریی تووند دەدات

دەستوەردانی سەربازی

مانگێک بەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێپەڕی. تاوەکو دێت قەبارە و ئاستی هێرشەکان زیاتر دەبێت و ئەمریکا هێز و سەربازی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات و باس لە ئەگەری دەستوەردانی سەربازی، یان کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک لە ئێران دەکرێت. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، چاوەڕێی هاتنی سەربازانی ئەمریکان و سەربازەکانی ئەمریکا دەکەنە خۆراکی قرشەکانی کەنداو.

هێرشەکان لە کاتی دانوستاندا

هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران و ئەمریکا بەرامبەر بەیەکدی لە کاتێکدایە، هەوڵێک بەنێوەندگیریی پاکستان و میسڕ و تورکیا هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، سەرەڕای ئەو هەوڵە، ئێران و ئەمریکا بەردەوامن لە هێرشەکانیان لە دژی یەکدی و سەرەڕای بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە ئێران، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و لوبنانیش دەکرێنە ئامانج . هاوکات بەرەی مقاوەمە لە عێراق و حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە بەرژەوەندیی ئێران چوونەتە ناو شەڕەکە. ئەمریکا و ئیسرائیلیش بەردەوامن لە هێرش و بۆردومانەکانیان بۆ سەر هێزی دەریایی ئێران، ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان و بەشێک لە وێستگە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران.

ئامانج و خواستی لایەنەکانی شەڕەکە

لەبارەی ئامانجی شەڕەکەوە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، جەنگی دژ بە ئێران زیاتر لە نیوەی ئامانجەکانی بەدیهێناوە. ترەمپیش دەڵێت، لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان و نەکردنەوەی گەرووی هوورمز، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارگ و تەنانەت وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی ئێرانیش دەتەقێننەوە.

لە بەرامبەردا ئێران داوای قەرەبووی زیانی هێرشەکان، گرەنتی بۆ ئەوەی هێرش نەکرێتەوە سەر ئێران، دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و داننان بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە. بۆ ئەوەش ئێران دەیەوێت باج لەو کەشتیانە بسەنێت، کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

بەرپرسانی باڵای ئێران و هێرشەکان

لە ماوەی ئەو مانگەدا بەهۆی هێرشەکانەوە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشی مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و 12 وڵات بەردەوامە و گەرووی هورمزیشی بەڕووی کەشتیوانی و بازرگانیدا داخستووە.

ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران

سەرلەبەیانیی ڕۆژی 28/2/2026 ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشە هاوبەشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. ئیسرائیل هێرشەکانی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر و ئەمریکاش ھێرشەکانی بە ناوی توڕەیی داستانخوڵقین لە دژی ئێران ئەنجام دەدات.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
رۆزا حیسام

چین و پاکستان پلانێکی پێنج خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژن

چین و پاکستان ڕايانگەياند، ئامادەن هەماهەنگييەکانيان زياتر بکەن سەبارەت بە شەڕی ئێران، دەشڵێن ، "خوازیارن دەستبەجێ شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتای پێبێت و لە زووترين کاتدا دانوستانی ئاشتی دەستپێبکات".

کۆبوونەوەی هاوبەشی پاکستان و چین

ئەمڕۆ، ئيسحاق دار وەزيری دەرەوەی پاکستان سەردانی چينی کرد و لەگەڵ وانگ يیی هاوتا چينييەکەی کۆبووەوە، لە سەردانەکەدا هەردوو وڵات دەستپێشخەرییەکی هاوبەشی پێنج خاڵييان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو.

ئامادەیی بۆ میوانداری دانوستانەکان

ئەو دوو دراوسێیەی کيشوەری ئاسیا هەردووکیان هەوڵیانداوە نێوەندگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان، ئیسلام ئاباد ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە میوانداری دانوستانەکان بکات لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

ڕێککەوتن لەسەر پێنج خاڵ

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندووە، هەردوولا لەسەر پلانێکی پێنج خاڵی ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی بە زووترین کات و  وەستاندنی شەڕ لە ناوچەکە.

خۆ بەدوورگرتن لە بەکارهێنانی هێز لە کاتی دانوستاندا

ئاماژە بەوەشکراوە، "چین و پاکستان پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لە دەستپێکردنی گفتوگۆکاندا، هەموو لایەنەکان پابەندن بە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان، و خۆبواردن لە بەکارهێنان یان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتیدا".

کۆتاییهێنان بە هێرشی سەر پێگە مەدەنییەکان

هەروەها لە پلانەکەدا داوای کۆتاییهێنان بە هێرشکردنە سەر پێگە مەدەنی و ئامانجە ناسەربازییەکان وەک ژێرخانی وزە و وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو دەکرێت.

پارێزراوی هێڵەکانی کەشتیوانی

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هێڵەکانی کەشتیوانی پارێزراو بن و ڕێگە بە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە مەدەنی و بازرگانییەکان بدرێت بەناو گەرووی ستراتیژی هوورمزدا.

هەردوو وڵات ڕایانگەیاندووە، پێویستە ئاشتییەکی بەردەوام لەسەر بنەمای میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێتەدی.

هەماهەنگی کردن لەسەر دۆخی ئێران

ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چين لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هەردوو وەزیری دەرەوە، پەیوەندی و هەماهەنگی ستراتیجی لەسەر دۆخی ئێران بەهێزتر دەکەن و هەوڵی نوێ بەرەو داکۆکیکردن لە ئاشتی دەدەن، چین و پاکستانی بە هاوبەشی ستراتیجی قووڵ ناوبرد.

سەردانەکەی ئیسحاق دار دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە میوانداری هاوتاکانی خۆی کرد لە وڵاتانی سعودیە، میسڕ و تورکیا بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چین وەک هاوبەشێکی سەرەکی ئێران

چین هاوبەشێکی سەرەکی ئێرانە بەڵام هاوکاریی سەربازی بۆ تاران ڕانەگەیاندووە، لەبری ئەوە چەندین جار داوای ئاگربەستی کردووە.

بەگوێرەی زانيارييەکانی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، تاران دان بەوەدا نانێت کە دانوستانی فەرمی لەگەڵ واشنتن ئەنجام بدات بەڵام لە ڕێگەی ئیسلام ئابادەوە وەڵامی پلانە 15 خاڵييەکەی ترەمپی بۆ کۆتايهێنان بە شەڕ داوەتەوە.

پاکستان یەکێکە لە هاوبەشە نزیکەکانی چین لە ناوچەکەدا، بەڵام پەکین داوای هێمنی و خۆڕاگری لە ئیسلام ئاباد کردووە لە ململانێکانيدا لەگەڵ ئەفغانستان، لەم مانگەدا نێردەی تايبەتی چين بۆ ماوەی هەفتەيەک نێوەندگيریی هەردوو وڵاتی کردووە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
رێبوار حمە وەیس

لە ئەنبار و نەینەوا هێرشکرایە سەر حەشدى شەعبى

لە ئەنبار و نەینەوا، هێرشى ئاسمانى کرایە سەر هێزەکانى حەشدى شەعبى و دوو چەکدارى کوژراون و چوارى دیکەش برینداربوون، درۆنێکیش لە نزیک کێڵگەى نەوتى قوڕنە کەوتەخوارەوە.

لە خۆرئاوای عێراق

دەستەى حەشدى شەعبى لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، کاتژمێر دوو 30ـى خولەکى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکەى لیواى 17ـى حەشدى شەعبى "بازگەى سوودانى" لە شارۆچکەى ڕوتبەى سەر بە پارێزگاى ئەنبار ڕووبەڕووى هێرشی ئەمریکى- ئیسرائیلى بووەتەوە.

زیانە گیانییەکان

ڕاشیگەیاندووە، لە هێرشەکەدا دوو چەکدارى حەشدى شەعبى کوژراون و چوارى دیکەش برینداربوون.

بۆمبارانکردنی یەکەی پۆپراسیۆنەکانی نەینەوای حەشد

دەستەى حەشدى شەعبى ڕاشیگەیاندووە، لە کاتژمێر 10 و 30ـى خولەکى بەیانى ئەمڕۆ بارەگاى لیواى 30 سەر بە یەکەى ئۆپراسیۆنەکانى نەینەواى حەشدى شەعبى ڕووبەڕووى هێرشى ئەمریکى- ئیسرائیلى بووەتەوە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتووەتەوە.

کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی

هەر ئەمڕۆ شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان لە ناوچەیەکى بیابانى لە نزیک کێڵگەى نەوتى قوڕنەى یەک لە پارێزگاى بەسڕە کەوتووەتەخوارەوە بەبێ ئەوەى بتەقێتەوە و هیچ زیانێکى گیانى و ماددى لێبکەوێتەوە.

شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەشکردووە، لەناوچەى سەرسارى سەر بە پارێزگاى ئەنبار مووشەکێک لە سەربانى ماڵێک کەوتووەتە خوارەوە، هەرچەندە سەربانى ماڵەکەى بڕیوە بەڵام لە هۆڵى ماڵەکەدا نەتەقیوەتەوە و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

موجتەبا خامنەیی بۆ زانایانی سنە: خودا یارمەتیدەرتان بێت بۆ خزمەتکردنی ئیسلام

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران لە یەکەم پەیامیدا بۆ مامۆستایانی ئایینیی پارێزگای سنە، سوپاسی پشتیوانیی ئەوانی کرد دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و نزا بۆ سەرکەوتنی زانایانی سوننە دەخوازێت لە خزمەتکردنی ئاییندا.

سوپاسگوزاریی ڕێبەری نوێ

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، نامەیەکی ئاراستەی مامۆستایانی ئایینیی پارێزگای سنە کرد. لە نامەکەیدا پێزانینی خۆی بۆ دەربڕینی هاوخەمی و پشتیوانیی ئەوان دەربڕیوە بە بۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی وڵاتەکە. خامنەیی نووسیویەتی: "پێزانینم هەیە بۆ نیشاندانی میهرەبانیتان بەرامبەر بە من؛ نزا دەکەم کە خودای گەورە زانایانی سوننە بۆ خزمەتکردن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەرکەوتوو بکات."

سنە؛ خاڵە ستراتیژییەکەی تاران

شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزگای سنە هەمیشە بایەخێکی تایبەتی بۆ دەسەڵاتی تاران هەبووە. لەم کاتەدا کە ئێران لەژێر هەڕەشەی هێرشی زەمینیی ئەمریکادایە، تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیامانەوە دڵنیایی بداتە زانایانی سوننە کە ڕێبەری نوێ بە هەمان سیاسەتی "برایەتیی ئیسلامی" بەردەوام دەبێت.

ڕێگریکردن لە ئۆپۆزسیۆن

ئامانجێکی دیکەی ئەم نامەیە، هەوڵدانە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی لەم دۆخە هەستیارەی جەنگدا. تاران دەیەوێت بە نزیکبوونەوە لە زانایانی ئایینیی ناوچە کوردییەکان، ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی ئۆپۆزسیۆن یان ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی بگرێت تاوەکو بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکان نیشان بدات.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: جەنگی ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت و تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشبینی دەکات جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی بێت. ترەمپ داواش لەو وڵاتانە دەکات کە زیانمەندی داخستنی گەرووی هورمزن، خۆیان هەوڵی کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە بدەن، چونکە بە وتەی ئەو، ئەمریکا تواناکانی تارانی تێکشکاندووە.

کۆتاییهاتنی جەنگ و کردنەوەی هورمز

ڕۆژی سێشەممە 31-03-2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ڕایگەیاند: "پێموایە جەنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی دیکەش دەتوانن سەربەخۆیانە کار بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بکەن و جەختی کردەوە: "کاتێک ئێمە ناوچەکە جێدەهێڵین، ئەو کات گەرووی هورمز دەکرێتەوە."

دۆسیەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە

سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی سەرەکیی وڵاتەکەی لەوەدا کورتکردەوە کە "تەنیا دڵنیابنەوە لەوەی تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" باسی لە یۆرانیۆمی کۆگاکراوی ئێران کرد و وتی: "ئەو یۆرانیۆمانە لە شوێنی زۆر قووڵدان و دەرهێنانیان پرسێکی ئاڵۆزە و کاتی دەوێت، بەڵام واشنتن بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دەدات."

32 ڕۆژ لە جەنگ و هەوڵە دیپلۆماسییەکان

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە، پێی ناوەتە 32ـەمین ڕۆژی خۆی. سەرڕای ئەوەی ئەمریکا هێزی سەربازیی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، بەڵام هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ڕێگەی وڵاتانی وەک پاکستان، تورکیا و میسر بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی پێش ئەوەی شەڕەکە زیاتر درێژە بکێشێت.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

لە بەغداد ڕۆژنامەنووسیێکی ئەمریکی ڕفێنرا

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بە ناوی شیلی کیلتسۆن، لە نزیک شوێنی حەوانەی لە ئوتۆێلی فەڵەستین مریدیان ڕفێنراوە و چارەنووسی نادیارە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

داخستنى ئاسمانى عێراق بۆ 72 کاتژمێرى دیکە درێژکرایەوە

دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنیى عێراق، داخستنى کایەى ئاسمانى عێراقى بە ڕووى گەشتەکان بۆ ماوەى 72 کاتژمێرى دیکە درێژکردەوە ئەوەش دەبێتە 13 جار کە درێژبکرێتەوە.

تا سێی مانگی نیسانی داهاتوو

لە ڕاگەیێنراوێکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنیی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 31ـی ئازار، داخستنى کایەى ئاسمانیى عێراق بەڕووى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەى 72 کاتژمێرى دیکەو تاوەکو کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆى ڕۆژى 3ـی نیسانی 2026 درێژکراوەتەوە.

هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت

لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بەگوێرەى هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ بارودۆخەکە، بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان یان درێژکردنەوەی ماوەکە دەدرێت".

بڕیارەکە بۆ پاراستنی سەلامەتی گەشتیارانە

ئەم ڕێکارە پشتبەستە بەو هەڵسەنگاندنە ئەمنییانەی کە بۆ پەرەسەندنی بارودۆخە هەرێمییەکە کراوە. دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنی عێراق دەشڵێت "ئامانج لەم بڕیارەش پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و فڕۆکە مەدەنییەکانە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکەدا".

لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە کایەی ئاسمانیی عێراق گەشتی هاتن و چوونی بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکانی داخستووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، 13 جار دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق داخستنەکەى درێژکردووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

داخستنى ئاسمانى عێراق بۆ 72 کاتژمێرى دیکە درێژکرایەوە

دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنیى عێراق، داخستنى کایەى ئاسمانى عێراقى بە ڕووى گەشتەکان بۆ ماوەى 72 کاتژمێرى دیکە درێژکردەوە ئەوەش دەبێتە 13 جار کە درێژبکرێتەوە.

تا سێی مانگی نیسانی داهاتوو

لە ڕاگەیێنراوێکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنیی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 31ـی ئازار، داخستنى کایەى ئاسمانیى عێراق بەڕووى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەى 72 کاتژمێرى دیکەو تاوەکو کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆى ڕۆژى 3ـی نیسانی 2026 درێژکراوەتەوە.

هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت

لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بەگوێرەى هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ بارودۆخەکە، بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان یان درێژکردنەوەی ماوەکە دەدرێت".

بڕیارەکە بۆ پاراستنی سەلامەتی گەشتیارانە

ئەم ڕێکارە پشتبەستە بەو هەڵسەنگاندنە ئەمنییانەی کە بۆ پەرەسەندنی بارودۆخە هەرێمییەکە کراوە. دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنی عێراق دەشڵێت "ئامانج لەم بڕیارەش پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و فڕۆکە مەدەنییەکانە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکەدا".

لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە کایەی ئاسمانیی عێراق گەشتی هاتن و چوونی بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکانی داخستووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، 13 جار دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق داخستنەکەى درێژکردووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کارزان ساڵح

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پزیشکیان: هێرشەکانتان بۆسەر دراوسێکانتان ڕابگرن

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێرانى گووت "هێرشەکانتان بۆسەر وڵاتانی دراوسێ ڕابگرن".

هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە

ئەنتۆنیۆ کۆستا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، گوتیشى "بە سەرۆککۆماری ئێرانی گوتووە، هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان".

تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان کردنەوەی گەرووی هورمز بووە

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، ئاماژەی بەوەشکردووە، داوای لە پزیشکیان کردووە، لە گفتۆگۆکانیان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەبن بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز.

ڕێژەی زیانی جەنگەکە لەسەر وڵاتانی ناوچەکە

ئەمە لە کاتێکدایە، عەبدوڵڵا دەرداری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی وڵاتانی عەرەبی لە (UNDP) ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی 186 ملیار دۆلاریان لە ئەنجامی یەک مانگ لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لەدەستداوە.

دەرداری ئاماژەی بەوەش کرد، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی 6% دابەزیوە، لە کاتێکدا پێشتر زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە گەشەی بەردەوامدا بوون.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
رۆزا حیسام

ترەمپ: ئێران لەناوچووە و بەشە قورسەکە تەواو بووە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا، لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ترووس ڕايگەياندووە، ئێران لە بنەڕەتدا لەناوچووە و بەشە قورسەکە کۆتایی هاتووە، داوا لە بەريتانيا و وڵاتانی هاوشێوەی دەکات بچن گەرووی هوورمز بگرن.

هێرشی توند بۆسەر بەریتانیا

ترەمپ دەڵێت، "بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە ناتوانن سوتەمەنیی فڕۆکە دابينبکەن، وەک شانشينی يەکگرتوو (بەريتانيا) و ڕەتيانکردووەتەوە بەشداربن لە سەربڕينی ئێراندا، پێشنيازێکم هەيە بۆيان". "يەکەم، لە ئەمریکای بکڕن ئێمە زۆرمان هەیە، دووەم، هەرچەندە دواکەوتوون بەڵام هەندێک بوێری (غيرەت) کۆبکەنەوە و بچن بۆ گەرووەکە و بيگرن".

پێویستە فێربن چۆن شەڕ بۆ خۆتان بکەن

دەشڵێت، "پێويستە دەستبکەن بەوەی فێربن چۆن شەڕ بۆ خۆتان بکەن، چيتر ئەمريکا لەلاتان نابێت بۆ ئەوەی هاوکاريتان بکات، وەک چۆن ئێوە بۆ ئێمە نەبوون".

بەشە قورسەکەی ئێران کۆتایی هاتووە

باس لەوەشدەکات، ئێران لە بنەڕەتدا لەناوچووە و بەشە قورسەکە کۆتایی هاتووە، بەو وڵاتانەش دەڵێت "بڕۆن و نەوتەکەی خۆتان وەربگرن".

ڕەخنە لە فەڕەنسا

ترەمپ لە پۆستێکی ديکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتی فەڕەنسا ڕێگەی نەداوە ئەو فڕۆکانەی کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆیشتن و پڕ بوون لە پێداویستییە سەربازییەکان، بەسەر خاکی فەڕەنسادا بفڕن.

فەڕەنسا يارمەتی نەداون لەبارەی "ئێرانی قەسابەوە"، کە بە سەرکەوتوویی لەناوچووە، ئەمریکا لەبیری دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

قەتەڕ: وڵاتانی کەنداو یەکهەڵوێستن لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ڕایگەیاند، وڵاتانی کەنداو یەکهەڵوێستن لەبارەی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

یەکهەڵوێستی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، گەرووی هوورمز بەهۆی ئۆپراسیۆنێکی سەربازییەوە داخراوە، بۆ کردنەوەی دەبێت سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە یەکهەڵوێستیان هەبێت.

پێکەوە وەستانەوە بەرامبەر جەنگ

ئەنساری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەکو وڵاتانی کەنداو بڕیاریانداوە، بەیەکەوە بەرامبەر بەم جەنگە بوەستنەوە.

تەنیا ئاگربەست بەس نییە

ئەمەش لە کاتێکدایە، یوسف عوتەیبە، باڵیۆزی ئیمارات لە واشنتن، لە وتارێکی کە لە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی، تەنیا ئاگربەست بەس نییە بۆ جەنگەکە بەڵکو دەبێت بە تەواوەتی ئەو جەنگە کۆتایی بێت.

 کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی ئێران

دەشڵێت، پێویستە کارێک بکرێت بە یەکجاری هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە کۆتایی پێبهێنرێت، لەوانە توانای ئەتۆمی، مووشەک، درۆن، گرووپەکانی مقاوەمە و داخستنی گەرووی هوورمز.

یوسف عوتەیبە، دەشڵێت، ئیمارات ئامادەیە دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەوەی دووبارە گەرووەکە بکرێتەوە و هاتووچۆی بازرگانی دەستپێبکاتەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

سوپاسالارى ئەمریکا: لە ئۆپراسیۆنەکانمان بەردەوامین

سوپاسالارى ئەمریکا گوتی: "لە ئۆپراسیۆنەکانمان بەردەوامین و هێرشمانکردووەتە سەر چەندین پێگەى هەستیار لە ئێران و چەک و جبەخانەى ئەمریکا هەرگیز کۆتایی نایەت".

جەنگ بۆ ئاشتی و ئارامیی ئەمریکا

سوپاسالارى ئەمریکا باسی ئەوەشیکرد، "ئێمە جەنگ بۆ ئاشتى و ئارامى ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەین و  ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانمان بەردەوامن. توانا مووشەکییەکانى ئێرانمان لاواز کردووە و لە 30 ڕۆژدا 11 هەزار ئامانجمان لەناوبردووە".

"تواناکانمان ڕۆژ لە دواى ڕۆژى زیاتر دەبن"

سوپاسالارى ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "چەک و جبەخانەى ئەمریکا هەرگیز کۆتایی نایەت،  کارگەکانى ئەمریکا بەردەوامن لە دروستکردنى چەک و بۆمبى نایابمان بۆ دروست دەکەن، هەروەها تواناکانمان ڕۆژ لە دواى ڕۆژى زیاتر دەبن" و گوتیشی، "زیاتر لە 150 کەشتى ئێرانمان لەناوبردووە".

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

وەزیری جەنگى ئەمریکا: قوڵایی ئێران بە بەهێزى بۆردوومان دەکەین

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، قوڵایی ئێران بە بەهێزى بۆردوومان دەکەین و ڕۆژی شەممە (28/2/2026) سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم کرد.

"سەربازەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسیی ئێران دەبنەوە"

وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتیشی، "سەرۆک ترەمپ جەختیکردووەتەوە نابێت ئێران چەکى ئەتۆمى هەبێت و ڕۆژانە سەربازەکانمان ڕووبەڕووى مەترسیى ئێران دەبنەوە".

"سوپای ئێران لە ناوچووە"

پیت هێگسێت باسی ئەوەشیکرد، "لە ڕۆژانى داهاتوودا ئێران دەزانێت چى بەسەر دێت و سوپاى ئێران لەناوچووە و سەرکردەشى نەماوە و تەنیا شەوى ڕابردوو 200 هێرشمانکردووەتە سەر ئێران".

گەرووی هورمز بۆ هەموو وڵاتانە

وەزیری جەنگی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا باسی ئەوەیکرد، "گەرووى هوورمز تەنیا بۆ ئەمریکا نییە و بۆ هەموو وڵاتانە و پێویستە ئێران گەرووى هوورمز بکاتەوە و پێویستیشە جیهان لەپێناو گەرووى هوورمز بجووڵێت".

"بە بەکارهێنانی بۆمب لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەین"

پیت هێگسێت ئەوەشی خستەڕوو، "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ڕاستەقینە و جددین و بە بەکارهێنانی بۆمب لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەین".

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
ژولیا ئەحمەد

نەتەوە یەکگرتووەکان: وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 186 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە

نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئامار لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی یەک مانگی جەنگی ئێران بڵاودەکاتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامی ململانێکان کاریگەری نەرێنی لەسەر تێکڕای ئابووری جیهان دادەنێت.

قەبارەی زیانە داراییەکان و گەشەی ئابووری

عەبدوڵڵا دەرداری، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی وڵاتانی عەرەبی لە (UNDP) ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی 186 ملیار دۆلاریان لە ئەنجامی یەک مانگ لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لەدەستداوە. دەرداری ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی 6% دابەزیوە، لە کاتێکدا پێشتر زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە گەشەی بەردەوامدا بوون.

پێشبینییەکان بۆ مانگی دووەمی جەنگ

بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە عەممان هۆشداری دا کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، قەبارەی زیانەکان لە مانگی دووەمدا بۆ زیاتر لە 190 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هەرچی زووترە جەنگەکە بوەستێنرێت، چونکە هەر دواکەوتنێک کاردانەوەی نەرێنی گەورەی لەسەر ئابووری جیهانی دەبێت.

ڕەخنە لە پشتبەستن بە گەرووی هورمز

عەبدوڵڵا دەرداری ڕەخنەی لە وڵاتانی عەرەبی گرت کە زیاتر لە 40 ساڵە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە گەرووی هورمز بەستووە، لە کاتێکدا هەمیشە ئەو شوێنە ناوچەی گرژی و هەڕەشە بووە. ناوبراو داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد هەنگاوی جدی بنێن بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتیان و دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی وزە.

داکشان لە هاتوچۆی کەشتیوانی

دوای هێرشە ئاسمانییەکانی 28ـی شوبات بۆ سەر ئێران، تاران هاتووچۆی لە گەرووی هورمز سنووردار کردووە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکانی پلاتفۆرمی دەریایی کیپلەر، هاتوچۆی کەشتیوانی لەو گەرووەدا بە ڕێژەی 95% کەمی کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی تاران دامەزراوەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کردە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

کۆشکی سپی: ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی تێچووی جەنگی ئێران لەئەستۆ بگرن

گوتەبێژی کۆشکی سپی پەردە لەسەر پلانە نوێیەکانی سەرۆکی ئەمریکا لادەبات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، هاوکات هەڕەشەی وێرانکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران دەکرێت ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە.

پلان بۆ خستنە ئەستۆی تێچووی جەنگ

کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی هەیە وڵاتانی عەرەبی بانگهێشت بکات بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە دابینکردنی تێچووی جەنگی ئێران. لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە بیرۆکەیەکە لەلایەن ترەمپەوە پەسەند کراوە و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.

ناکۆکی لە نێوان ڕاگەیاندن و ژوورە داخراوەکان

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ئەو قسانەی تاران لە ڕاگەیاندنەکاندا دەیکات جیاوازە لەوەی لە ژوورە داخراوەکاندا بە بەرپرسانی ئەمریکای دەڵێت. بە گوتەی لیڤیت، گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئێران لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە چەند خاڵێکی واشنتن ڕازی بووە، هەرچەندە لە دەرەوە بە پێچەوانەوە دەردەکەوێت.

تاقیکردنەوەی بەڵێنەکانی تاران

کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە هەر شتێک لایەنی ئێرانی لە کۆبوونەوەکاندا بە واشنتنی بڵێت، لەسەر ئەرزی واقیع تاقی دەکرێتەوە. ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەوەی تاران بەڵێنەکانی بباتە سەر و لە ئەگەری هەر پاشەکشەیەکدا لێپرسینەوەی توندی لەگەڵدا بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.

هەڕەشەی وێرانکردنی کێڵگە نەوتییەکان

لە کاردانەوەی داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و کێڵگە نەوتییەکانی ئێرانی کردووە ئەگەر تاران گەرووی هورمز نەکاتەوە. ئەم هەڕەشەیە دوای ئەوە هات کە تاران پێشنیازەکانی ئەمریکای بۆ ئاشتی بە "ناواقیعی" ناوبرد و چەندین هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمریکاش کردنەوەی گەرووەکەی وەک مەرجێکی سەرەکی داناوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

ڕێبوار تەها: ڕۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم فەرمانگە و قوتابخانەکانی کەرکووک پشووی فەرمییە

پارێزگاری کەرکووک بەبۆنەی جەژنەکانی پێکهاتەی مەسیحی زنجیرەیەک بڕیاری تایبەت بە پشووی ڕاگەیاند و جەخت لە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان لە پارێزگاکە دەکاتەوە.

پشووی تایبەت بۆ پێکهاتەی مەسیحی

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بڕیاریدا ڕۆژی چوارشەممە بکرێتە پشوو بۆ خوشک و برایانی پێکهاتەی مەسیحی لە کلدان، ئاشووری و سریانییەکان. ئەم بڕیارە بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری (ئەکیتۆ) دراوە و وەک ڕێزگرتنێکە لە جەژن و بۆنە کلتوورییەکانی ئەو پێکهاتەیە.

ڕاگەیاندنی پشووی گشتی لە پارێزگاکە

بەپێی بڕیارەکەی پارێزگار، ڕۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم فەرمانگە حکوومییەکان، قوتابخانەکان و زانکۆکانی سەرتاسەری پارێزگای کەرکوک دەبێتە پشووی فەرمی. ئەم پشووە گشتگیرە و هەموو فەرمانبەران و خوێندکارانی سنووری پارێزگاکە دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی.

ئامانجی بڕیارەکە و پەیامی پێکەوەژیان

ئیدارەی کەرکووک ڕایگەیاندووە، ئەم بڕیارە وەک نیشانەیەک بۆ هاوسۆزیی ئیدارە و خەڵکی کەرکووکە لەگەڵ پێکهاتەی مەسیحی. هاوکاتبوونی ئەم وادەیە لەگەڵ جەژنی قیامەت، وەک پەیامێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی، پێکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتەکان لێکدراوەتەوە، بە ئامانجی بەردەوامیدان بە گیانی برایەتی لە شارەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

پشت پەردەی بڕیارەکەی پەرلەمان؛ بۆچی داواکەی بارزانی بۆ دواخستنی دانیشتنەکە پشتگوێ خرا؟

سەرەڕای داواکارییەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و زۆرینەی فراکسیۆنەکان لەژێر فشاری دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پەیامێکی تاران، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان دیاری کرد.

پێداگری لەسەر دیاریکردنی وادەی دانیشتنەکە

پێش دیاریکردنی وادەکە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی، عەدنان فێحان و فەرهاد ئەتروشی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری یەکەم پێداگرییان لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنەکە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێگەی نامەیەکەوە داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان کردبوو دانیشتنەکە دوا بخرێت.

ترسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەلەکردن لە دیاریکردنی وادەی دانیشتنەکە، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو. هەرچەندە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، بەڵام فشارەکان و ڕەخنە توندەکان لەسەر پەرلەمان زیادیان کردبوو کە نەیتوانیوە ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت جێبەجێ بکات.

کۆکردنەوەی 220 واژۆ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە

بە مەبەستی ناچارکردنی سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکان، زیاتر لە 220 واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆکرایەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. موختار موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەمە هەوڵێکی خودی ئەندامەکان بووە نەک فراکسیۆنەکان، ئەوەش وایکرد سەرۆکی فراکسیۆنەکان هاوهەڵوێست بن لەگەڵ داواکاری ئەندامەکانیان.

پەیامەکەی ئێران بۆ لایەنە عێراقییەکان

هۆکارێکی دیکەی دیاریکردنی وادەکە بۆ پەیامێکی وڵاتی ئێران دەگەڕێتەوە، کە تێیدا داوای کردبوو بەرژەوەندییەکانی تاران لەبەرچاو بگیرێت و پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت بکرێت. تاران لە نامەکەیدا نموونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە تەنانەت لە ژێر بۆردومانیشدا ڕێبەری نوێی خۆیان هەڵبژاردووە، ئەوەش وەک فشارێک بۆ سەر لایەنە شیعییەکان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان.

بەهێزبوونی بەرەی نەیاری پارتی لە پەرلەمان

لە ئێستادا بەرەی نەیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو پەرلەماندا بەهێزە، کە ژمارەیان دەگاتە 187 ئەندام و 77 ئەندامیان سەر بە بەرەی "موقاوەمە"ن. بەپێی پێشبینییەکان، زیاتر لە 130 ئەندام پەرلەمان ئامادەییان هەیە دەنگ بە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی پێشووی پارتی لەگەڵ سەدر و سوننەکان.

هەڵوێستی حەلبووسی و فراکسیۆنی تەقەدوم

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدوم کە خاوەنی 33 کورسییە، ڕایگەیاندووە کە دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدەن. ئەم هەڵوێستەی حەلبووسی وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ ئەو ڤیتۆیەی پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان بەرانبەر بە بوونەوەی ئەو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەکاری هێنابوو.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
ڕۆزا حیسام

چین: هەماهەنگی و پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ پاکستان لەسەر دۆخی ئێران بەهێزتر دەکەین

پەکین و ئیسلام ئاباد هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن چڕ دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە وەڵامی پێشنیازەکانی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ داوەتەوە.

کۆبوونەوەی دیپلۆماتکارە باڵاکانی چین و پاکستان

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی بەرپرسانی باڵای ئیسلام ئاباد بۆ پەکین، هەماهەنگییەکانیان سەبارەت بە دۆخی ئێران بەهێزتر دەکەن. ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی پاکستان، سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ وانگ یی، دیپلۆماتکاری باڵای چین، کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتی و دووقۆڵییەکان. ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، جەختی لەوە کردەوە کە هەردوولا وەک هاوبەشی ستراتیژی قووڵ، هەوڵی نوێ بۆ داکۆکیکردن لە ئاشتی دەدەن.

نێوەندگیری ئیسلام ئاباد لە نێوان تاران و واشنتن

پاکستان و چین وەک دوو دراوسێی گرنگی کیشوەری ئاسیا، هەوڵ دەدەن نێوەندگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان. ئیسلام ئاباد ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە میوانداری دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی تەسنیم، تاران هەرچەندە دان بە دانوستانی فەرمیدا نانێت، بەڵام لە ڕێگەی ئیسلام ئابادەوە وەڵامی پلانە 15 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ داوەتەوە.

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەردانەکەی ئیسحاق دار بۆ چین دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە میوانداری هاوتاکانی لە سعودیە، میسڕ و تورکیا کردبوو. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان گفتوگۆ بوو سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا دەستیپێکردووە. چین کە هاوبەشێکی سەرەکی ئێرانە، تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی سەربازی بۆ تاران ڕانەگەیاندووە و چەندین جار داوای ئاگربەستی کردووە.

پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان

پەکین جگە لە پرسی ئێران، داوای هێمنی و خۆڕاگری لە پاکستان کردووە لە ململانێکانیدا لەگەڵ ئەفغانستان. لەم چوارچێوەیەدا، نێردەی تایبەتی چین بۆ ماوەی 1 هەفتە نێوەندگیری لە نێوان ئیسلام ئاباد و کابولدا کردووە. چین هەوڵ دەدات وەک هێزێکی نێوەندگیر سەقامگیری لە ناوچەکەدا بپارێزێت و ڕێگری لە فراوانبوونی گرژییەکان بکات.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

شانەی ئەمنیی عێراق: درۆنێک لە بەسڕە و مووشەکێک لە ئەنبار کەوتوونەتە خوارەوە

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق وردەکاری کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە کێڵگەیەکی نەوتی و نیشتنەوەی مووشەکێک لە ناو ماڵێکی هاونیشتمانی بڵاودەکاتەوە و جەخت لە نەبوونی زیانی گیانی دەکاتەوە.

کەوتنەخوارەوەی درۆن لە کێڵگەی قوڕنە 1

سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، درۆنێک لە ناوچەیەکی بیابانیی بەرفراوان لە ناو کێڵگەی نەوتیی "قوڕنە 1" لە پارێزگای بەسڕە کەوتووەتە خوارەوە. بە گوتەی سەرۆکی شانەکە، درۆنەکە نەتەقیوەتەوە و هیچ جۆرە زیانێکی ماددی یان برینداربوونی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

مووشەکێک سەقفی ماڵێکی لە ئەنبار بڕیوە

هەر ئەمڕۆ مووشەکێک لە ناوچەی سەرسار لە پارێزگای ئەنبار بەسەر یەکێک لە ماڵەکاندا کەوتووەتە خوارەوە. مووشەکەکە سەقفی ماڵەکەی بڕیوە و لە ناو هۆڵی ماڵەکەدا گیرساوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەتەقیوەتەوە، هیچ زیانێکی گیانی بە دانیشتووانی ماڵەکە نەگەیاندووە و تەنیا زیانی ماددی بە بیناکە گەیشتووە.

ڕێکارە ئەمنییەکان و پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون. تیمە پسپۆڕەکان لە ئێستادا خەریکی مامەڵەکردنن لەگەڵ پاشماوەی ئەو مووشەک و درۆنە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان دووریان بخەنەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
سامیا حەسەن

تاران و ئیسفەهان بەچڕى بۆردوومانکران و ژێرخانى وزە و کارەبای شارێکیش بۆردوومانکران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین هێرشی چڕیان بۆ سەر چەند ناوەند و ژێرخانى وزە و کارەباى ئێران ئەنجامدا.

گەرەکی تاران پارس

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان و میدیاى ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بینایەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی تاران پارس لە ڕۆژهەڵاتی تاران بە تەواوی خاپوورکراوە، تاوەکو ئێستاش زیانە گیانییەکان ئاشکرا نەکراون.

شیراز و فارس و هورمزگان و ئیسفەهان

بە گوێرەی میدیایی ئێرانی جگە لە تاران، ئەمریکا و ئیسرائیل رێگەى هێرشی ئاسمانى شاری شیراز لە پارێزگای فارس، پارێزگای هورمزگان و ئیسفەهانیان بۆردوومانکردووە، کە هێرشەکە تەقینەوەى گەورەى لەدواى خۆى درووستکردووە.

هێرشەکانی 24 کاتژمێری ڕابردوو

هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە لە 24 کاتژمێری ڕابردوو شارەکانی شیراز، بوشەهر، تاران، بەندەرعەباس، ئەردەبیل، کەرەج و ئەسفەهان و چەندین شاری دیکەی وڵاتە بە چڕی بۆردوومان کراون.

ناوچەی پیشەسازی

بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا ئاماری فەرمی سەبارەت بە زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە، جگە لەوەى میدیاى ئێران باس لەوەدەکات کە زیان بە چەندین ناوچەى پیشەسازی گرنگ و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە کەوتووە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026

هەشت درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێران و زیان بە  دوو خانوو و ئۆتۆمبێلێک گەیشت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی درۆنی بووەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکە کراون، بەڵام پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تەقێندراونەتەوە و هێرشەکە پووچەڵکراوەتەوە.

زیانی ماددی لە گەڕەک و ناوچە نیشتەجێبووەکان

تەقاندنەوەی درۆنەکان لە ئاسماندا، بووە هۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوە و پارچەی درۆنەکان بۆ ناو چەند گەڕەکێکی نزیک لە فڕۆکەخانە. لە ئەنجامدا، لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا پارچەی درۆن بەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کەوتووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام بەهۆی چۆڵبوونی ئۆتۆمبێلەکە زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە. هاوکات، دوو ماڵ لە هەمان ناوچە زیانیان بەرکەوتووە و پارچەیەکی دیکەی درۆن لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەیەکدا کەوتووەتە خوارەوە.

هێرش بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە

لەبارەی هێرشەکانەوە گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی ڕایگەیاند، کە هەر ئەمڕۆ بەرەبەیان هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەپێی گوتەی ناوبراو، هێرشەکە لە ڕێگەی دوو مووشەک و دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە.

سلێمانی؛ بەئامانجگرتنی نووسینگەیەکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان

دۆخی ئەمنی تەنها لە هەولێردا قەتیس نەماوە؛ شەوی ڕابردوو لە شاری سلێمانیش، لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر گردی ڕیعایە، کە پێشتر وەک نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بەکاردەهات و لە ئێستادا چۆڵکراوە.

بۆردوومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە بابل و ئەنبار

لە لایەکی دیکەوە، پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغداد ئاماژەی بەوە کرد، کە شەوی ڕابردوو چەند ناوچەیەک لە پارێزگاکانی بابل و ئەنبار بەچڕی بۆردوومان کراون. دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە لیوای 45 لە ناوچەی جورف سەخر و لیوای 31 لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆکەکانەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکان زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

گۆڕینی خوێندن بۆ ئۆنلاین؛ زیان بە خاوەنی فرۆشگەی قوتابخانەکان دەگەیەنێت

بەهۆی دەرکردنی بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین و نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، خاوەن فرۆشگەکان لە ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. بەشداربووانی گردبوونەوەکە ڕایانگەیاند کە بەهۆی پەککەوتنی دەوامی ناوپۆل، زیانێکی دارایی زۆریان بەرکەوتووە و داوا لە وەزیری پەروەردە دەکەن میکانیزمێکی خێرا بۆ قەرەبووکردنەوەیان بدۆزێتەوە.

پڕکردنەوەی فرۆشگەکان لەسەر بنەمای لێدوانە فەرمییەکان

خاوەن فرۆشگەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەوان لەسەر بنەمای لێدوانەکانی پێشووی وەزیری پەروەردە کە بڕیاربوو ڕۆژی ٢٩ی ئازار دەرگای خوێندنگەکان بکرێتەوە، سەرجەم فرۆشگەکانیان پڕکردووەتەوە لە پێداویستی و خواردەمەنی. بەڵام دواتر گۆڕینی بڕیارەکە بۆ خوێندنی ئۆنلاین، بووەتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو کاڵایانەی کڕیویانە لە فرۆشگەکاندا بمێنێتەوە و مەترسی بەسەرچوونیان لەسەر بێت.

زیانی ملیۆنان دینار و مەترسیی بەسەرچوونی کاڵاکان

سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، نوێنەری خاوەن فرۆشگەکان ڕایگەیاند: "هەر خاوەن فرۆشگەیەک بەپێی قەبارەی قوتابخانەکەی، بڕی یەک ملیۆن تا چوار ملیۆن دینار کەلوپەل و خۆراکی کڕیوە. ئێستا کە دەوام نییە، کەس نییە ئەو کاڵایانەمان لێ بکڕێتەوە و زۆربەشیان بەرواری بەسەرچوونیان نزیک بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە ڕاستەوخۆ بکەوینە ناو زەرەرێکی گەورەی داراییەوە."

داواکارییەکان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکرێن

لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا، خاوەن فرۆشگەکان داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کرد چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە. داواکارییەکانیان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە یان ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کڕیویانە، یان وەزارەت بڕیاری بدات لە ساڵی داهاتووی خوێندندا قەرەبووی ئەو زیانانەیان بۆ بکاتەوە و ڕەچاوی دۆخی داراییان بکرێت، چونکە بژێوی ژیانی زۆرینەیان تەنها لەسەر ئەو فرۆشگەیانەیە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

تەلەڤزیۆنی پەروەردە: سەرقاڵی وردەکاریی تۆمارکردنی وانەکانین

لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی خوێندن بۆ ئۆنلاین، تەلەفیزیۆنی پەروەردە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکات بۆ تۆمارکردنی وانەکان و دیاریکردنی خشتەی پەخشی ڕۆژانە بۆ قوتابیان.

هەماهەنگی بۆ تۆمارکردنی وانەکان

ئاسۆ جەمال موختار، بەڕێوەبەری تەلەفیزیۆنی پەروەردە ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەرهێڵن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی تۆمارکردنی وانەکان. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک مامۆستا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستکردن بە تۆمارکردنی وانە جیاوازەکان تاوەکو لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەکەوە بگاتە دەستی خوێندکاران.

کاتی پەخش و خشتەی وانەکان

بەڕێوەبەری تەلەفیزیۆنی پەروەردە ئاشکرای کرد، پەخشی کەناڵەکەیان ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کاتژمێر 10ـی شەو. هەموو وانەکان بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو پەخش دەکرێن و هەوڵدەدرێت سەرجەم قۆناغەکان لەو کاتانەدا سوودمەند بن لەو بابەتانەی بۆیان ئامادە دەکرێت.

ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکان

لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکردنی پڕۆسەکە، ئاسۆ جەمال باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ئامادەبوونی وانەکان، بە فەرمی دایک و باوکان ئاگاداردەکرێنەوە. بەو شێوەیە قوتابیان دەتوانن لەو کاتانەی بۆیان دیاریکراوە بینەری وانە تۆمارکراوەکان بن و سوود لەو خزمەتگوزارییە پەروەردەییە وەربگرن کە بۆ خوێندنی ئۆنلاین دابینکراوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
سامیا حەسەن

مەسعود پزیشکیان: عێراقییەکان لەم جەنگدا لە تەنیشت ئێرانەوە وەستان

سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی فەرمیدا ستایشی هەڵوێستی خەڵک و بەرپرسانی عێراق دەکات و جەخت لە قووڵیی پەیوەندییە مێژوویی و ئاینییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە.

سوپاسگوزاری پزیشکیان بۆ عێراقییەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە فەرمی سوپاسی خەڵک و بەرپرسانی وڵاتی عێراقی کرد. پزیشکیان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە عێراقییەکان لەم جەنگەدا لە تەنیشت ئێرانەوە وەستاون و پشتیوانییان لێ کردوون.

هۆکاری پاڵپشتییەکانی عێراق بۆ ئێران

سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەو پاڵپشتی و پشتیوانییەی عێراقییەکان بۆ گەلی ئێران نیشانیانداوە، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پەیوەندییە مێژووییە قووڵەکان، ناسنامەی هاوبەش و ئەو بەها ئاینییە سەرەکییانەی کە هەردوو گەلی عێراق و ئێران بەیەکەوە گرێدەدات.

ڕێزگرتن لە خۆڕاگری وڵاتی نێوان دوو ڕووبار

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسعود پزیشکیان نووسیویەتی، "دەستی خەڵک و بەرپرسان و پارێزەرانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار دەگوشم." پزیشکیان جەختی کردووەتەوە کە بە بەرزی نرخاندنی بۆ خۆڕاگری عێراقییەکان هەیە و ڕێز لە پابەندییەکانیان بەرانبەر بەو دۆخە و پەیوەندییەکانی نێوانیان دەگرێت.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
سامیا حەسەن

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: قاچی هەر دەستدرێژکارێک بۆ سەر خاکی ئێران دەبڕین

گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایدەگەیەنێت، تاران بە جەنگی پڕوپاگەندە و نیشاندانی چەکی پێشکەوتوو خۆی ڕادەست ناکات و دوژمنانی لە "ڕێڕەوی لەناوچوون" داناوە.

هەڵەی ستراتیژی لە خەمڵاندنی هێزی ئێران

ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، سەرۆککۆماری ئەمریکا و سەرکردەکانی ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی هێزی ئێراندا تووشی هەڵەی ستراتیژی بوون. بە گوتەی ئەو، ئەوان نەتەوەی ئێران و هێزە چەکدارەکانیان بە پێوەرە ماددی و دنیاییەکانی خۆیان هەڵسەنگاندووە، ئەوەش وای کردووە ئامادەبوونی خەڵک و خۆڕاگریی هێزەکان لە مەیدانی جەنگدا بۆیان چاوەڕوان نەکراو بێت.

جەنگی پڕوپاگەندە و تیرۆرکردنی فەرماندەکان

گوتەبێژی قەرارگەکە جەختی لەوە کردەوە، ئێران بە "جەنگی پڕوپاگەندەیی، نیشاندانی چەکی پێشکەوتوو و تیرۆرکردنی ژنان، منداڵان، زانایان و فەرماندەکان" پاشەکشە ناکات و خۆی ڕادەستی هیچ فشارێک ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە هەڵانە دوژمنانی ڕووبەڕووی سووکایەتی کردووەتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێبایەخی کردوون.

باڵادەستی لە تەنگەی هورمز

لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان، زولفەقاری ڕەخنەی لە هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت و گوتی، "ئەوان وادەزانن دەتوانن باڵادەست بن بەسەر تەنگەی هورمزدا، بەڵام ئەم ئاواتەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە گۆڕ." جەختی کردەوە کە کۆنتڕۆڵی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشەکەی لە ئەستۆی هێزەکانی ئێراندایە.

هۆشداری کۆتایی بۆ دەستدرێژکاران

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئیبراهیم زولفەقاری هۆشداریی تووندی دایە نەیارانی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکان بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت پەلاماری خاکی ئێران بدات. گوتیشی، "نەتەوەی ئێران و رۆڵە سەربەرزەکانمان لە هێزە چەکدارەکاندا سەلماندوویانە کە قاچی هەر دەستدرێژیکارێک بۆ سەر وڵاتەکەیان دەبڕن و تووشی ریسواییان دەکەن."

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کیژان مەحمود

ماجید شەواف: بەرهەمهێنانی غاز لە 320 هەزار مەترسێجا بۆ 145 هەزار مەترسێجا کەمبووەتەوە

بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەرهەمهێنانی گازیش لە عێراق کەمی کردووە، و لە کێڵگەی گازی باشوور پێشتر بەرهەمهێنانی گاز 320 هەزار مەتر سێجای ڕۆژانەبووە و ئێستا دابەزیووە بۆ 145 هەزار مەتر سێجا گاز بەرهەم دەهێنرێت و بەگوێرەی بەرپرسان، ئەو بڕە لە ئاستی پێویستدا نییە.

کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان

ماجید شەواف، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باشوور ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە چوار ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە 320 هەزار مەتر سێجای ڕۆژانەوە بۆ تەنیا 145 هەزار مەتر سێجا لە ئێستادا>

پەیوەندی غاز بە نەوتی خامەوە

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باشوور ڕوونیشیکردەوە، هۆکاری کەمبوونەوەی غازەکە پەیوەستە بەوەی لەکاتی دەرهێنانی نەوتی خاودا ئەو غازە دەردەهێنرێت، هەبۆیە لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوت، بەرهەمی غازیش کەمدەبێتەوە.

چارەسەرە کاتییەکان بۆ کەرتی کارەبا

بەگوێرەی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باشوور ئەو بەرهەمی گازەی ئێستا لەئاست پێویستدا نییە بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە وەرزی هاوین، ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا کارکردنیان لە گازەوە گۆڕیوە بە دیزل ئەوەش وەک چارەسەرێکی جێگرەوە و کاتی بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنانی کارەبا.

مەرجی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی

ماجید شەواف ئەوەشخراوەتەڕوو، سەقامگیریی بەرهەمهێنانی غاز پەیوەستە بە گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوت بۆ ئاستی ئاسایی خۆی، بەجۆرێک گرەنتی بەردەستبوونی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دەکات.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

کێشەی گەورەی ترەمپ؛ ئایا دانوستانکارە ئێرانییەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە؟

لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا باس لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دەکات، میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکەن کە واشنتن گومانی لە دەسەڵاتی بڕیاردەرانی ئێران هەیە و تاران-یش متمانەی بە واشنتن نەماوە.

گومان لە دەسەڵاتی واژۆکردنی ڕێککەوتن

کەناڵی CNN لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، گەورەترین پرس لای نێردراوەکانی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە ئایا ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی پەیامیان پێدەگات، دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ واژۆکردنی هیچ ڕێککەوتنێک یان نا. ئەمریکییەکان گومانیان هەیە کە ئەو کەسایەتییانە بتوانن بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسەکان بدەن.

دانوستاندن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان و دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانی وڵاتی پاکستان و تورکیاوە ئەنجام دەدرێت. هاوکات لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانیش ئەو زانیارییانە پشتڕاست دەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە دانوستاندنێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن ڕووی نەداوە.

ناکۆکی ناوخۆیی و تێڕوانینی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دانوستانکارە نوێیەکانی ئێران کەسانی ژیرتر و عەقڵانی ترن و پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکاندا هەیە. بەڵام سەرچاوەکان بۆ CNN باسیان لەوە کردووە کە لە ناوخۆی ئێراندا هێشتا کۆمەڵێک کەسایەتی دەستڕۆیشتوو هەەن کە بە توندی دژایەتی هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن.

قەیرانی متمانە و پاساوەکانی ئێران

نەبوونی متمانە بە واشنتن بووەتە ڕێگرێکی سەرەکی لەبەردەم پڕۆسەکەدا. ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەوان کاتێک خەریکی دیپلۆماسی بوون، لە لایەن ئەمریکاوە ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی بوونەتەوە، ئەوەش وای کردووە ئێستا بە گومانەوە بڕواننە پرۆسەی دانوستاندنەکان و متمانەیان بە لایەنی ئەمریکی نەبێت.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

کوەیت: کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەمان لەلایەن ئێرانەوە کرایە ئامانج

هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو پەرەی سەندووە و لە نوێترین پەرەسەندندا، کەشتییەکی نەوتهەڵگری کوەیت لە بەندەری دوبەی بە درۆن هێرشی کرایە سەر.

بە ئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە ئیمارات

کۆمپانیای نەوتی کوەیت لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی خاوی وڵاتەکەیان لە کاتی لەنگەرگرتنی لە بەندەری دوبەی لە ئیمارات، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا کەشتییەکە ئاگری گرتووە. ئەم هێرشانەی سوپای پاسداران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە دێت کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر ئێران، بەتایبەت دوای هێرشە چڕەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر شاری ئەسفەهان.

زیانە ماددییەکان و مەترسیی ژینگەیی

بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی کوەیت، کەشتییەکە لە کاتی هێرشەکەدا پڕ بووە لە نەوتی خاو، ئەمەش زیانێکی ماددیی زۆری لێکەوتووەتەوە. هاوکات هۆشداری دەدرێت لەوەی ئەگەری ڕژانی بڕێکی زۆری نەوت لە تانکەرەکانی نێو کەشتییەکەوە بۆ ناو ئاوی کەنداو هەیە، کە مەترسی بۆ سەر ژینگەی دەریایی ناوچەکە دروست دەکات.

سەلامەتیی تیمی کەشتیوانی

سەبارەت بە زیانە مرۆییەکان، کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە کە سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتیوانییەکە کە ژمارەیان 24 کەسە، سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەوتووە.

شێوازی هێرشەکە و هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردن

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی دوبەی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـەوە ئەنجام دراوە. لە ئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دوبەی لە شوێنی ڕووداوەکەن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەن کە بەهۆی هێرشەکەوە لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

لێکەوتەکانی خوێندنی ئۆنلاین؛ حانوودەکان تووشی زیان بوون و ناوەندە ئەهلییەکانیش پارەی تەواوەتیان دەوێت

بڕیاری گۆڕینی شێوازی خوێندن بۆ ئۆنلاین زیانی دارایی گەورەی بە خاوەن فرۆشگاکانی نێو ناوەندەکانی خوێندن گەیاندووە و کێشەی لە نێوان خێزانەکان و قوتابخانە ئەهلییەکان لەسەر کرێی خوێندن دروست کردووە.

زیانی فرۆشیارانی نێو ناوەندەکانی خوێندن

ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندنی ئاسایی و گۆڕینی بۆ شێوازی ئۆنلاین، زیانێکی زۆری بە خاوەن کافتریا و حانوودەکانی نێو قوتابخانە و زانکۆکان گەیاندووە. ئەم فرۆشیارانە پێش هەڵگیرسانی جەنگ و بەهۆی نەبوونی بایکۆت، بڕێکی زۆر لە بەرهەم و کاڵایان کڕیوە، بەڵام ئێستا بەهۆی چۆڵبوونی ناوەندەکان و گواستنەوەی خوێندکاران بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی، ناتوانن ئەو بەرهەمانە ساغ بکەنەوە. دوایین ڕۆژ کە خوێندکاران بە شێوەیەکی ئاسایی دەوامیان کردووە 26ـی شوباتی 2026 بووە.

گرفتی ساغکردنەوەی کەلوپەلەکان

ئەڤرێست عوسمان، خاوەن فرۆشگایەک لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاندووە، بەرهەمێکی زۆری کڕیوە بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کارتۆن دەرهێنراون، کۆمپانیاکان ئامادە نین لێی وەربگرنەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنها لە ڕۆژی شەممەدا بە بەهای نزیکەی 1,000,000 دینار پێداویستی بۆ فرۆشگاکەی کڕیوە، بەڵام ئێستا ناچارە بە کەمتر لە نیوەی نرخەکەی بە فرۆشگاکانی دەرەوەیان بفرۆشێتەوە، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ ساغکردنەوەیان نییە.

کێشەی کرێی خوێندن لە ناوەندە ئەهلییەکان

بەپێی بەدواداچوونەکان، یەکێکی دیکە لە گرفتە سەرەکییەکان پەیوەندی بەو خێزانانەوە هەیە کە منداڵەکانیان لە پەیمانگە و زانکۆ یان قوتابخانە ئەهلییەکانن. بەڕێوەبەرایەتیی ئەم ناوەندانە بەبەردەوامی تەلەفۆن بۆ خێزانەکان دەکەن و داوایان لێدەکەن کە کرێی تەواوی ساڵی خوێندن بدەن، لەکاتێکدا خێزانەکان پێیان وایە بەهۆی گۆڕینی خوێندن بۆ ئۆنلاین و فەوتانی چەند مانگێک لە دەوامی ئاسایی، ڕەوا نییە هەموو کرێکە بدەن. ئەگەرچی باس لە داشکاندنی 20% بۆ 40% کراوە، بەڵام هێشتا میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕوون نییە.

داواکاریی باخچە ئەهلییەکان بۆ کرێی خوێندن

باخچە ئەهلییەکانیش هاوشێوەی ناوەندەکانی دیکە داوای کرێی تەواوی ساڵ لە دایک و باوکان دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیستمی ئۆنلاین بۆ تەمەنی منداڵانی باخچە گونجاو نییە و بڕیارەکە بە واتای کۆتاییهاتنی دەوامی ئەمساڵیان دێت. بەڕێوەبەرانی باخچەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەوان لەسەر ئاستی ساڵانە کرێ وەردەگرن و فەرمانبەرانی ژمێریارییان بۆ وەرگرتنی پارە ماوەی جێماوە بەبەردەوامی دەوام دەکەن.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

فرۆشی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان 30% دابەزیوە

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لە ناوچەی کەنداو و بەشێکی زۆری سەرمایەدارەکان سەرقاڵی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیانن بۆ ئەوروپا.

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕی کەنداو

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی شکاندووە و بەشێکی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لوکسەکان لە وڵاتانی کەنداو بەهۆی ئەم بارودۆخەوە داخراون. بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان 10%ـی کۆی بازاڕی جیهانی دەکەوێتە وڵاتانی کەنداو، بەڵام لە ئێستادا خواست لەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە هەموو بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کردووە.

دۆخی پێشانگاکانی دوبەی و ئاستی فرۆش

پێشانگەی "فێرست مۆتۆر" لە دوبەی کە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان، دوای چەند ڕۆژێک لە داخستن دەرگای پێشانگەکەی کردووەتەوە. کریس بووڵ، بەڕێوەبەری پێشانگەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، ئاستی فرۆشیان بە ڕێژەی 30% دابەزیوە. ئەم دابەزینە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان تەنها وەک هۆکارێکی گواستنەوە بەکارنایەن، بەڵکو سەرمایەدارەکان وەک وەبەرهێنان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و لە کاتی جەنگدا کڕیاران لە وەبەرهێنانی لەو شێوەیە سڵدەکەنەوە.

گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپا

سەرمایەدارەکانی وڵاتانی کەنداو دەستیانکردووە بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانیان بۆ دەرەوەی ناوچەکە تا لە مەترسییەکانی جەنگ دووریان بخەنەوە. خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە ئامادەن بڕی 30,000 یۆرۆ کە یەکسانە بە 34,512 دۆلار خەرج بکەن، تەنها بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بگوازنەوە و لەوێ بیپارێزن.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

نەوزاد شێخ کامیل: کۆگاکان پڕن لە خۆراک و بەشی 6 مانگی داهاتوو دەکەن

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی هاوردەکردنی خۆراک و ڕایدەگەیەنێت کە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بۆ جوڵەی بازرگانی کراوەن.

دۆخی دەروازە سنوورییەکان و هاوردەکردن

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەن و پڕۆسەی هاوردەکردنی خۆراک و هاتوچۆی بازرگانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.

کۆگاکردنی خۆراک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی کۆگاکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە خۆراک و ئەو بڕەی هەیە بەشی پێداویستیی 6 مانگی داهاتوو دەکات. جەختیشی کردووەتەوە کە لەو بارەیەوە هیچ گرفتێک نییە و پێویست بە نیگەرانیی هاووڵاتییان ناکات.

چاودێریی بازاڕ و ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخەکان

نەوزاد شێخ کامیل ڕایگەیاندووە، بەهۆی بەردەوامیی هاوردەکردنی سەرجەم جۆرەکانی خۆراکەوە، ڕێگە لە گرانبوونی نرخەکان گیراوە و نرخەکان جێگیرن. هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمەکانی بازرگانی بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی بازاڕەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخ.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق: ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان زیانی لە عێراق داوە

ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، زیانێکی دارایی گەورەی بە داهاتی عێراق گەیاندووە و ڕۆژانە هەزاران دۆلار زیان بە خەزێنەی دەوڵەت دەگات.

بڕی زیانە داراییەکانی عێراق

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ڕۆژانە نزیکەی 360,000 دۆلار زیان بە عێراق دەگات. بەپێی هەمان سەرچاوە، کۆی زیانە داراییەکانی وڵات لە ماوەی مانگێکدا دەگاتە 10,800,000 دۆلار.

ئاماری هاتوچۆی فڕۆکەکان پێش دەستپێکردنی جەنگ

پێش هەڵگیرسانی جەنگ و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی، ڕۆژانە نزیکەی 800 فڕۆکەی ناوخۆیی و بیانی ئاسمانی عێراقیان بەکارهێناوە بۆ گەشتەکانیان. ئەم ڕێژەیە لە چاو ساڵانی ڕابردوو زیادی کردبوو، کە پێشتر ڕۆژانە تەنها 700 بۆ 750 فڕۆکە هاتوچۆیان بە ئاسمانی وڵاتەکەدا دەکرد.

داهاتی تێپەڕبوونی فڕۆکەکان بە ئاسمانی وڵاتدا

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرای کردووە، کرێی تێپەڕبوونی هەر یەک فڕۆکە کە ئاسمانی عێراق بەکاردەهێنێت نزیکەی 450 دۆلار بووە. بەمەش داهاتی ڕۆژانەی عێراق لەم سێکتەرەدا 360,000 دۆلار بووە، کە ئێستا بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانەوە عێراق لەو داهاتە بێبەش بووە.

هۆکاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان

بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. ئەم ڕووداوە بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکی بەرفراوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری ڕاستەوخۆی کردە سەر جوڵەی فڕۆکەوانی.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

عێراق: هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ جەیهان دەستیپێکردەوە

عێراق گەڕایەوە سەر هێڵی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە و لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕۆژانە هەزاران بەرمیل نەوت دەگەیەنێتە بەندەری جەیهانی تورکیا.

دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە

عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە دەستیپێکردووەتەوە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارەکانی گواستنەوەی نەوت بە شێوازی وشکانیش.

ئاستی بەرهەمهێنان و پلانی داهاتوو

باسم محەمەد، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری گەڕان و بەرهەمهێنان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستادا عێراق بە ڕێژەی سەرەتایی 170 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان ڕەوانە دەکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پلان هەیە ئەم ڕێژەیە وردە وردە بەرز بکرێتەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

فراوانکردنی بژاردەکانی هەناردەکردن

بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکە لە ئێستادا سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە ئۆفەرەکانی چەند کۆمپانیایەکی کەشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. ئەم هەوڵە بە مەبەستی فراوانکردنی بژاردەکانی هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی باشوورەوە، تاوەکو بڕێکی زیاتری نەوت بگەیەنرێتە بازاڕە جیهانییەکان.

ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر

کۆمپانیای نەوتی باکوور پێشتر لە 17ـی ئاداری ئەمساڵدا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکوکی ڕاگەیاندبوو. ئەم بڕیارە دوای ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هات بۆ دەستپێکردنەوەی لێشاوی نەوت، کە کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە هەناردەکردنەکە بە توانای سەرەتایی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەردەوام دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ 113 دۆلار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 113 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان کرد.

دابەزینی نرخەکان لە بازاڕەکانی ئاسیا

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە ڕۆژی سێشەممە، نرخی نەوتی برێنت ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر و بەهای هەر بەرمیلێک زیاتر لە 2 دۆلار شکایەوە. نرخەکە لە 115 دۆلارەوە بۆ 113 دۆلار دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، هەندێک میدیای ئەمریکا ڕایگەیاند  کە سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراویش بمێنێتەوە.

هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر ژێرخانی وزەی ئێران

دۆناڵد ترەمپ پێشتر هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کردبوو و ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەو وڵاتە گەرووی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ژێرخانی وزە، کارەبا و نەوتی ئێران وێران دەکات. بەڵام لێدوانە نوێیەکانی سەرۆکی ئەمریکا نیشانەی گۆڕانکارییە لە ستراتیژی واشنتن و بووەتە هۆی ڕەنگدانەوەی خێرا لە بازاڕەکانی سووتەمەنیدا.

ئاماری گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت لەم مانگەدا

سەرەڕای ئەو دابەزینەی کە ئەمڕۆ سێشەممە تۆمار کرا، بەڵام نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا لە ماوەی ئەم مانگەدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئامارەکان، نرخی نەوت لەم مانگەدا بە ڕێژەی نزیکەی 50% بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش ئاستێکی پێوانەیی بووە پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی هێوربوونەوەی دۆخە سەربازییەکە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

نرخی زێڕ گەیشتە 4,556 دۆلار

نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و ئاستی 4,556 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.

بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی بەهای دۆلار

ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئازاری 2026، نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرزبووەوە و گەیشتە ئاستی 4,556 دۆلار. ئەم گۆڕانکارییە لە نرخدا هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی، کە وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزای زەرد هەژمار دەکرێت.

پەیوەندی نێوان لێدوانە سیاسییەکان و بازاڕ

لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ دروستبوونی ئەم پاڵپشتییە بۆ نرخی زێڕ. بەپێی زانیارییەکانی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ترەمپ بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە کە پێی باشە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و پرۆسەی کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ کاتێکی دیکە دوابخات، تەنانەت ئەگەر گەرووەکە بە داخراویش بمێنێتەوە.

ئامارەکان و تۆمارکردنی ریکۆردێکی نوێ

سەرەڕای بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆ، نرخی زێڕ لەم مانگەدا بە رێژەی 13.2% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم ئامارە بە گەورەترین دابەزینی مانگانەی نرخی زێڕ لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا دادەنرێت، کە لە دوای ساڵی 2008ـەوە هاوشێوەی نەبووە. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەش بۆ گەشبینیی بازرگانان دەگەڕێتەوە سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهاتنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

ترەمپ دەیەوێت کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بهێنێت

دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە ستراتیژی وڵاتەکەی بەرامبەر تاران بگۆڕێت و ئامادەیی نیشان دەدات هەڵمەتە سەربازییەکان رابگرێت، ئەگەرچی گەرووی هورمز بە داخراویش بمێنێتەوە.

گۆڕانکاری لە پلانی هێرشە سەربازییەکان

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هەوڵدان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە هێزی سەربازی، جەنگەکە زۆر درێژ دەکاتەوە و لەو خشتە زەمەنییەی ئەو بۆی داناوە کە 4 بۆ 6 هەفتەیە، زیاتر دەخایەنێت. هەر بۆیە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە تەنها جەخت بکاتەوە سەر ئامانجە سەرەکییەکان کە بریتین لە لاوازکردنی هێزی دەریایی و مووشەکیی ئێران، کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و فشارخستنی دیپلۆماسی بۆ گەڕانەوەی ئازادیی بازرگانی.

فشار بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە کە لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی واشنتنەوە گواستوویەتییەوە، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی گەرووەکە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا واشنتن فشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو تاوەکو خۆیان ئەرکی کردنەوەی گەرووی هورمز بگرنە ئەستۆ و ئەمریکا راستەوخۆ ئەو کارە نەکات.

تەمومژ لە بڕیار و رەفتارەکانی ترەمپدا

ستراتیژی نوێی ترەمپ جۆرێک لە دژبەریی پێوە دیارە؛ لەکاتێکدا باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات، هاوکات فەرمانی کردووە بە ناردنی کەشتیی جەنگی "USS Tripoli" و هەزاران سەربازی "فیرقەی 82" بۆ ناوچەکە. ترەمپ لە لێدوانەکانیدا جارێک جەنگەکە بە گەشتێکی خۆش ناو دەبات و جارێکی دیکەش باس لە ئۆپراسیۆنی مەترسیدار دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران.

کاریگەرییە ئابوورییەکانی داخرانی گەرووی هورمز

بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز بووەتە هۆی شڵەژانی بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی غاز و سووتەمەنی لە جیهاندا. هاوکات زۆرێک لەو پیشەسازییانەی کە پشت بە ماددەی "هێلیۆم" دەبەستن بۆ دروستکردنی چیپی کۆمپیوتەر، رووبەڕووی کەمیی توندی ماددە خاوەکان بوونەتەوە و پرۆسەی بەرهەمهێنان پەکیکەوتووە.

ئامانجە لەپێشینەکانی کۆشکی سپی

کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجیان گەڕانەوەی باری ئاساییە بۆ گەرووەکە، بەڵام لە ئێستادا لێدانی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران لە پێشینەی کارەکانیاندایە. ترەمپ لە نوێترین پەیامیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا ئێران لەلایەن رژێمێکی میانڕەوترەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام هاوکات هەڕەشەی توند دەکات کە ئەگەر پێویست بکات، وێستگەکانی کارەبا و ناوەندەکانی نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج، بەتایبەت "دوورگەی خارگ" کە شا دەماری هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: سعودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین هەموویان بە توندی شەڕ دەکەن

ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس ئاشکرای دەکات کە وڵاتانی کەنداو جەنگ وەک هەلێکی مێژوویی دەبینن بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران و هەندێک لەو دەوڵەتانە بە ڕەسمی داوای هێرشی زەمینی دەکەن.

فشارەکانی کەنداو بۆ بەردەوامیی جەنگ

ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشەیتد پرێس" ئاشکرای کردووە، زۆربەی وڵاتانی کەنداو پشتگیری لە بەردەوامبوونی کردەوە سەربازییەکان دەکەن دژی ئێران بە ئامانجی دروستکردنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەدا. هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە سەرکردایەتی سعودیە و ئیمارات، فشاریان خستووەتە سەر دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژەدان بە شەڕ و ئاماژەیان بەوە کردووە "تاران هێشتا بەو ئاستە لاواز نەبووە کە پێویستە"، ئەمەش دوای مانگێک لە هەڵمەتی چڕی بۆردوومانی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە دێت.

جیاوازیی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە جیاوازیی هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو دەکات؛ سعودیە، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین، لە گفتوگۆیە تایبەتەکاندا ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت شەڕ بوەستێت تا گۆڕانکاریی گەورە لە سەرکردایەتی ئێران یان ڕەفتارەکانیدا دروست نەبێت. ئیمارات بە توندترین لایەن دادەنرێت و داوای "داگیرکاریی زەمینی" دەکات، کە کوەیت و بەحرەینیش پشتگیری دەکەن. لە بەرامبەردا، هەریەکە لە عومان و قەتەر، بەهۆی ڕۆڵی مێژووییان وەک نێوەندگیر، زیاتر مەیلیان بەرەو چارەسەری دیپلۆماسی هەیە.

مەرجەکانی سعودیە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی

سعودیە پێی وایە هەر ڕێککەوتنێکی خێرا لە بەرژەوەندیی ئاسایشی ناوچەکە نییە و دەبێت هەر چارەسەرێک ئەم خاڵانە لەخۆ بگرێت: کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تێکشکاندنی توانای مووشەکە بالیستییەکانی، بڕینی هاوکارییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هوورمز و ڕێگریکردن لە داخستنی لە داهاتوودا.

لێدوانەکانی ترەمپ و بەرپرسانی ئیمارات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان پشتڕاستی کردەوە: "سعودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین هەموویان بە توندی شەڕ دەکەن." لەلایەکی دیکەوە، نورا کەعبی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند: "ڕژێمێک مووشەکی بالیستی بگرێتە ماڵان و بازرگانیی جیهانی وەک چەک بەکاربهێنێت، چیتر لە ناوچەکەدا جێگەی قبووڵکردن نییە."

هەڵوێستی کۆشکی سپی و نیگەرانییەکانی محەممەد بن سەلمان

کۆشکی سپی ئامادە نەبوو کۆمێنتی ورد لەسەر ئەم فشارانەی وڵاتانی کەنداو بدات، تەنیا جەختی کردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاوڕان لەسەر ئەوەی "ناکرێت ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." سەرەڕای پشتگیرییەکانی، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە بەرپرسانی ئەمریکی ڕاگەیاندووە؛ لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی ناوچەکەدایە، بەڵام هاوکات نیگەرانە لەوەی درێژەخایەنبوونی شەڕەکە ببێتە هۆی ئەوەی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بکرێنە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

پەرلەمانی ئێران: باج دەخەینە سەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هوورمزدا تێدەپەڕن

پەرلەمانی ئێران پلانێکی نوێ بۆ سەپاندنی سەروەری بەسەر گەرووی هوورمزدا پەسەند دەکات کە تێیدا وەرگرتنی باج و قەدەغەکردنی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لەخۆدەگرێت.

پەسەندکردنی پلانی وەرگرتنی باج

لیژنەی ئەمنیی پەرلەمانی ئێران پلانێکی نوێی پەسەند کرد بۆ وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەی بە گەرووی هوورمزدا تێدەپەڕن. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری ئەندامێکی لیژنەکەوە بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژی نوێی وڵاتەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێڕەوە ئاوییەکان جێبەجێ دەکرێت.

سیستمی دارایی و هەماهەنگی لەگەڵ عوممان

پلانەکە چەند ڕێکارێکی دارایی ورد لەخۆدەگرێت، لەوانە جێبەجێکردنی سیستمێکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی باج بە دراوی نیشتمانیی ئێران (ڕیاڵ). هەروەها جەخت لە سەپاندنی سەروەریی تەواوی ئێران بەسەر گەرووەکەدا کراوەتەوە و بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی لەگەڵ سوڵتاننشینی عوممان بکرێت کە لە ئەوبەری گەرووەکە هەڵکەوتووە.

قەدەغەکردنی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان

بەپێی پلانی لیژنەی ئەمنیی پەرلەمان، ڕێگە بە کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان نادرێت بە هیچ شێوەیەک بەناو گەرووەکەدا تێپەڕ بن. هاوکات بڕیاردراوە گەمارۆی دەریاوانی بخرێتە سەر سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە سزای ئابووری و سیاسییان بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندووە.

ئیفلیجبوونی گەرووەکە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

ئەم بڕیارانەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەڕ و نائارامییەکانەوە گەرووی هوورمز تووشی ئیفلیجبوون هاتووە. لە ڕێگەی ئەم گەرووەوە نزیكەی 1/5ـی بەرهەمی نەوتی جیهان دەگوازرێتەوە، پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لەم ناوچەیەدا بووەتە هۆی ئەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 31/03/2026
کەناڵ8

بنیامین نەتانیاهوو: جەنگی دژ بە ئێران زیاتر لە نیوەی ئامانجەکانی بەدیهێناوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەخت لەسەر لاوازکردنی توانای سەربازی و ئەتۆمیی ئێران دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ڕووخانی ڕژێمی تاران ئامانجی سەرەکیی جەنگەکە نییە، بەڵکو دەستکەوتەکان لە ڕووی ئەرکەکانەوە نیوەی ڕێگەیان بڕیوە.

بڕینی نیوەی ئامانجەکانی جەنگ

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، جەنگی دژی ئێران لە ڕووی جێبەجێکردنی ئەرکەکانەوە زیاتر لە نیوەی ئامانجەکانی پێکاوە. نەتانیاهوو لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "نیوزماکس"ـی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان نیوەی ڕێگاکەیان بڕیوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە مەرج نییە لە ڕووی کاتەوە بێت، بەڵکو مەبەستی لە ڕووی تەواوکردنی ئەو ئەرکە سەربازییانەیە کە بۆ جەنگەکە دیاریکراون.

وادەی کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەکان

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامادە نەبوو هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی جەنگەکە دەستنیشان بکات و گوتی: "نامەوێت وادەی کۆتاییهاتنی جەنگەکە دیاری بکەم." ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە 28ـی شوباتی 2026ـدا ڕایگەیاندبوو کە ئۆپراسیۆنەکە بۆ ماوەی 4 بۆ 6 هەفتە بەردەوام دەبێت.

زیانەکانی ئێران و لەناوبردنی پیشەسازیی چەک

نەتانیاهوو ئاشکرای کرد کە جەنگەکە ئامانجە سەربازییەکانی بەدەستهێناوە، لەوانە کوشتنی هەزاران ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران. هەروەها جەختی کردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا نزیکن لەوەی بەتەواوی پیشەسازیی چەکی ئێران لەناو ببەن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ بێتواناکردنی هێزی سەربازیی تاران هەژمار دەکرێت.

ستراتیژی ئیسرائیل بەرامبەر ڕژێمی ئێران

سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی تاران، نەتانیاهوو ڕایگەیاند کە ڕووخانی ڕژێمی ئێران ئامانجی فەرمیی ئەم جەنگە نییە. ناوبراو پێیوایە دواجار کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆدا دەڕووخێت، بەڵام کارەکانی ئێستای ئەوان تەنیا بۆ دابەزاندنی توانای سەربازی، مووشەکی و ئەتۆمیی ئێرانە، لەگەڵ لاوازکردنی پێگەی دەسەڵات لە ناوەوەی وڵاتەکەدا.

هەڵوێستی ترەمپ لەسەر گۆڕینی ڕژێم

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە کردبوو کە جەنگەکە بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە هۆی "گۆڕینی ڕژێم". ترەمپ پێیوایە ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەهێزکردنی چەند کەسایەتییەکی دیکە لە ناو دەوڵەتی ئێراندا کە ڕەنگە لە داهاتوودا کەسانێکی زیاتر خۆگونجێن و نەرم بن لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.