فرۆشی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان 30% دابەزیوە
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لە ناوچەی کەنداو و بەشێکی زۆری سەرمایەدارەکان سەرقاڵی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیانن بۆ ئەوروپا.
کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕی کەنداو
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی شکاندووە و بەشێکی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لوکسەکان لە وڵاتانی کەنداو بەهۆی ئەم بارودۆخەوە داخراون. بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان 10%ـی کۆی بازاڕی جیهانی دەکەوێتە وڵاتانی کەنداو، بەڵام لە ئێستادا خواست لەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە هەموو بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کردووە.
دۆخی پێشانگاکانی دوبەی و ئاستی فرۆش
پێشانگەی "فێرست مۆتۆر" لە دوبەی کە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان، دوای چەند ڕۆژێک لە داخستن دەرگای پێشانگەکەی کردووەتەوە. کریس بووڵ، بەڕێوەبەری پێشانگەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، ئاستی فرۆشیان بە ڕێژەی 30% دابەزیوە. ئەم دابەزینە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان تەنها وەک هۆکارێکی گواستنەوە بەکارنایەن، بەڵکو سەرمایەدارەکان وەک وەبەرهێنان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و لە کاتی جەنگدا کڕیاران لە وەبەرهێنانی لەو شێوەیە سڵدەکەنەوە.
گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپا
سەرمایەدارەکانی وڵاتانی کەنداو دەستیانکردووە بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانیان بۆ دەرەوەی ناوچەکە تا لە مەترسییەکانی جەنگ دووریان بخەنەوە. خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە ئامادەن بڕی 30,000 یۆرۆ کە یەکسانە بە 34,512 دۆلار خەرج بکەن، تەنها بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بگوازنەوە و لەوێ بیپارێزن.
31/03/2026