هەموو ساڵێک هەمان چیرۆک؛ لە هەولێر لافاو پردی سەرکارێزانی برد
بەهۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو، لایەکی پردی سەرکارێزان لە سنووری هەولێر ڕووخا و بەو هۆیەوە ڕێگای سەرەکی 50 گوند داخرا و هاتوچۆی هەزاران هاونیشتمانی پەکی کەوت.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بۆ 600 ملیم
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕێژەی بارانبارین تێکڕای ساڵانەی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 600 ملیم، ئەوەش دوو بۆ سێ هێندەی ساڵی ڕابردووە. ئەم بارانە زۆر و بەخوڕە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی چەم و ڕووبارەکان، کە دەرەنجام لافاوی لێکەوتووەتەوە و زیانی بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە.
داخرانی ڕێگای 50 گوند و ئاستەنگی هاتوچۆ
ڕووخانی لایەکی پردی سەرکارێزان بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆی دانیشتووانی زیاتر لە 50 گوند. ئێستا هاونیشتمانیانی ئەو ناوچەیە ناچارن ڕێگاکەیان بۆ زیاتر لە 30 خولەک دوور بخەنەوە تاوەکو بگەنە ناوەندی شار. ئەم دۆخە گەیشتن بە نەخۆشخانە و بازاڕەکانی بۆ هەزاران کەس قورس و پڕ زەحمەت کردووە.
دووبارەبوونەوەی گرفتەکە و داواکاری هاونیشتمانییان
هاونیشتمانیانی ناوچەکە، لەوانە هادی محەممەد، یونس غازی و ڕەفیق حەیدەر ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە یەکەمجار نییە پردەکە تووشی زیان دەبێت، بەڵکو لە ساڵانی ڕابردووشدا لەگەڵ هەر بارانبارینێکی بەهێز بەشێکی داڕماوە. گەورەترین گرفتی دانیشتووانەکە درەنگ چاککردنەوەی پردەکەیە و داوا دەکەن پێش ئەوەی بارانی داهاتوو تەواوی پردەکە بڕووخێنێت، بە پەلە بۆیان نۆژەن بکرێتەوە.
هەڵوێستی شارەوانی هەولێر
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، کە ئاگاداری گرفتەکەن و تیمەکانی شارەوانییان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بە وردی دەرخستە بۆ قەبارەی زیانەکان بکەن. جەختی لەوەش کردەوە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن و چارەسەری کێشەی هاتوچۆی ئەو گوندانە بکەن بۆ ئەوەی ژیانی ڕۆژانەیان ئاسایی ببێتەوە.
31/03/2026