ئەمریکا: کەتائیبی حیزبوڵڵا ڕۆژنامەنووسێکی ئێمەیان ڕفاندووە و ئیف بی ئای هاتە سەر خەت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەیان لە بەغدا ڕفێندراوە و یەکێک لە ئەندامانی "کەتائیبی حیزبوڵڵا" بە تۆمەتی تێوەگلان لەو ڕووداوە دەستگیرکراوە. واشنتن داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەپەلە عێراق جێبهێڵن.
هەوڵ بۆ ئازادکردنی شێڵی کیتڵسۆن
ئەمڕۆ سێشەممە 31-03-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئاگاداری ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکییە لە بەغدا بەناوی "شێڵی کیتڵسۆن". باسی لەوەش کرد کە پێشتر هۆشدارییان دابووە ئەو ڕۆژنامەنووسە لەبارەی ئەو مەترسییانەی لەسەریەتی. ئێستا وەزارەتەکە لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) خەریکی هەماهەنگیی بەردەوامن تاوەکو لە زووترین کاتدا ئازادی بکەن.
کەتائیبی حیزبوڵڵا لە پشت ڕفاندنەکەیە
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی ئەمریکا، ئەو کەسەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بە تۆمەتی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسەکە دەستگیرکراوە، پەیوەندیی بە گرووپی "کەتائیبی حیزبوڵڵا"ی نزیک لە ئێرانەوە هەیە. ئەمە وەک پێشهاتێکی مەترسیدار دەبینرێت لە کاتێکدا دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەهۆی جەنگەوە زۆر ئاڵۆزە.
ئۆتۆمبێلی ڕفێنەرەکان وەرگەڕاوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی زانیاریی وردی هەواڵگری، ڕاوەدووی ڕفێنەرەکانیان ناوە. لە کاتی ڕاوەدوونانەکەدا، ئۆتۆمبێلی چەکدارە ڕفێنەرەکان وەرگەڕاوە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگرن، بەڵام هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی کیتڵسۆن بەردەوامە.
عێراق لە ئاستی چوارەمی مەترسیدایە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی و ڕایگەیاند، عێراق لە ئاستی 4ـی مەترسیدایە (ئاستی سوور). واشنتن داوای لە تەواوی ئەمریکییەکان کرد بە هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەو ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتییانەشی ئێستا لەوێ نیشتەجێن، دەستبەجێ خاکی عێراق جێبهێڵن.
31/03/2026