ئاژانسی ناسا: کاتژمێر 1:24ـی بەیانی گەشتی ئارتەمیس 2 بۆ سەر مانگ دەستپێدەکات
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 ساڵ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی کەشتیوانانی ئاسمانی بۆ خولگەی مانگ، ئەوەش وەک سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە هەسارەی مەریخ.
وردەکاری کات و شوێنی گەشتەکە
بڕیارە ڕۆژی 2ـی نیسانی 2026 کاتژمێر 1:24ـی بەیانی بەکاتی هەولێر، کەپسولی ئارتەمیس 2 لە بنکەی کەنەدی ئاسمانی لە فلۆریداوە گەشتەکەی دەستپێبکات. تیمەکە لە 3 کەشتیوانی ئەمریکی و 1 کەشتیوانی کەنەدی پێکهاتوون و گەشتەکەیان بۆ ناو خولگەی مانگ 10 ڕۆژ دەخایەنێت.
ئامانجە ستراتیژییەکانی پڕۆگرامی ئارتەمیس
پڕۆگرامی ئارتەمیس کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئامانجی کۆتایی گەیاندنی مرۆڤە بۆ سەر ڕووی مانگ و دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی لەوێ. ئاژانسی ناسا پلانی هەیە لە ڕێگەی ئەم بنکەیەوە پڕۆسەی گەڕان و پشکنینی هەسارەی مەریخ لە داهاتوودا دەستپێبکات.
بەراوردکاری لەگەڵ پڕۆژەی ئەپۆلۆ
گەشتەکەی ئارتەمیس 2 هاوشێوەی ئەپۆلۆی 8ـی ساڵی 1968ـە، بەڵام ئەمجارە کەشتیوانەکان لەسەر ڕووی مانگ دانابەزن، بەڵکو تەنیا دەگەنە ئەو کەشتییەی لە خولگەی مانگدایە. بەپێی پلانەکان، دابەزین بۆ سەر ڕووی مانگ بۆ ساڵی 2028 دواخراوە، کە ئەوەش یەکەم هەوڵ دەبێت بۆ دابەزینی مرۆڤ لە دوای گەشتی ئەپۆلۆ 17 لە ساڵی 1972.
کێبڕکێی ئەمریکا و چین لە بۆشایی ئاسماندا
ئەمریکا لەژێر فشاری کێبڕکێیەکی تونددایە لەگەڵ وڵاتی چین، هەر بۆیە هەوڵدەدات بەر لە ساڵی 2030 بگاتە سەر ڕووی مانگ، کە ئەوەش وادەی دیاریکراوی چینە بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانج. ناوی ئارتەمیس-یش لە خوداوەندێکی یۆنانی و خوشکی ئەپۆلۆوە هاتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی و لێکچوونی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژە کۆنەکەی ناسا.
مەترسییە تەکنیکییەکان و ئەگەری دواخستن
شارەزایانی ناسا هۆشداری دەدەن کە گەشتەکە مەترسیدارە، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ کەپسولێک بەم شێوەیە کەشتیوانی بۆ دەرەوەی زەوی نەگواستووەتەوە. هەر هەڵەیەکی تەکنیکی لە کاتی بەرزبوونەوە یان لە ناو خولگەکەدا، دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت. لە ئەگەری دەرکەوتنی هەر کێشەیەکی لەناکاو، ناسا گەشتەکە بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات.
01/04/2026