پزیشکانی پێست لە بەریتانیا: دەرکەوتنی زیپکەی لەناکاو لە کەسانی پێگەیشتوودا نیشانەی بوونی نەخۆشییە

وێنەی ڕووخساری چارەخوازێک کە تووشی زیپکە بووە بەراورد بە وێنەی ڕووخسارێکی  ئاسایی
وێنەی ڕووخساری چارەخوازێک کە تووشی زیپکە بووە بەراورد بە وێنەی ڕووخسارێکی ئاسایی

زیپکە گرفتێکی باوی تەندروستییە، بەتایبەت لە گەنجاندا، لە کوردستان حاڵەتێکی باوە و زۆرجار بەشێوەیەکی نازانستیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرفتەدا دەکرێت، هەندێکجار هاونیشتیمانییان بێ ڕاوێژی پزیشکی پەنادەبەنە بەر کڕینی دەرمانی ئۆنلاین و بەکارهێنانی گیراوەی ناپزیشکی کە چەندین لێکەوتەی نەرێنی لەسەر پێستی چارەخوازان دروست دەکات، کۆمەڵەی پزیشکانی پێست لە بەریتانیا دیارترین هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە دەخاتەڕوو.

 زیپکە چییە؟

زیپکە حاڵەتێکە تێیدا خانەکانی دروستکەری موو پڕدەبن لە چەوری و خانە مردووەکانی پێست، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی پێستەکە، دەکرێت زیپکە لە هەموو تەمەنێکدا ڕووبدات، بەڵام بەزۆری گەنجان تووشی دروستبوونی زیپکە دەبن، هەرچەندە چەندین چارەسەری زیپکە بەردەستنم بەڵام دەکرێت زیپکە درێژخایەن بێت، هەتاوەکو چارەخوازەکە زووتر دەست بەوەرگرتنی چارەسەرەکان بکات، مەترسیی بەردەوام بوونی زیپکە و دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی کەمتر دەبن.

دیارترین هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە چین؟

  1. گۆڕانی باری هاوسەنگیی هۆڕمۆنەکان
  2. تیشکی سەروو بنەوشەیی
  3. فشاری دەروونی
  4. جۆری خۆراک
  5. هەندێک کەرەستەی جوانکاری
  6. بەکارهێنانی هەندێک دەرمان

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

تەنها خود گرینگیپێدانی چارەخوازەکە بە زیپکە چارەسەری حاڵەتەکە ناکات، بەڵکو پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری جۆری چارەسەر لەسەر حاڵەتەکە بدات، بەتایبەت لە حالەتی زیپکەی درێژخایەندا، سەبارەت بە خانمان دەکرێت زیپکە بۆ چەند دەیەیەک بمێنێتەوە،  زۆربەی کات لە هەفتەیەک پێش خوێنبەربوونی سووڕی مانگانەدا زیپکە سەرهەڵدەدات، ئەم جۆرە لە زیپکە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر نییە و خۆڕسکانە نامێنێت، دەرکەوتنی زیپکەی لەناکاو لە کەسانی پێگەیشتوودا نیشانەی بوونی نەخۆشییە و پێویستە بەپەلە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و چارەسەری پێویست وەربگیرێت.

ئەم حاڵەتانە بە حاڵەتی کتوپڕی فریاکەوتن هەژمار دەکرێن:

هەر کاتێک دوای بەکارهێنانی هەندێک دەرمان بۆ چارەسەری زیپکە تووشی ئەم حاڵەتانە بوویت، بەپەلە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە

  1. لەهۆشخۆچوون
  2. دروستبوونی ئاستەنگیی هەناسەدان
  3. ئاوسانی چاو، ڕووخساری دەموچاو، لێو و زمان
  4. تووندبوونی قورگ