بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مەدەنی سووریا: دووشەممە داواکاری وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سووریا دەست پێ دەکات

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ڕێوشوێنەکانی پێشکەشکردنی داواکاریی هاونیشتمانییانی کورد بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سووریا دەست پێ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لە پێنج پارێزگا ناوەند دەکرێنەوە.

دەرهێنانى ڕەگەزنامە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مەدەنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، بەگوێرەی مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی سووریایان نییە، دەتوانن ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو فۆرمی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە لە پێنج پارێزگا پڕبکەنەوە.

لە چەند قۆناغێک پێکدێت

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، قۆناغی یەکەم تایبەت دەبێت بە وەرگرتنی داواکاری و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامە یاساییەکان و لە پارێزگاکانی دیمەشق، حەلەب، ڕەقە، دێرەزۆر و حەسەکە، ناوەندە تایبەتەکان ئامادەکراون.

ڕۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، مەرسوومی کۆماری ژمارە 13ـی دەرکرد، بەگوێرەی مەرسوومەکە، هاونیشتمانییانی کورد بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتوورى و زمانەوانییان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نەتەوەیی سووریا.

ڕژێمى بەعس و بێبەشکردنى کورد لە ڕەگەزنامە

لە ساڵی 1962 دەسەڵاتی ئەو کاتەی بەعس پڕۆسەی سەرژمێری لە پارێزگای حەسەکە کرد و زیاتر لە 100 هەزار هاونیشتمانی کوردی لە ڕەگەزنامە بێبەش کرد.

بەگوێرەی داتاکان، تاوەکو ساڵی 2011 ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەیان نەبووە، 517 هەزار کەسی تێپەڕاند بوو، بەڵام دوای مەرسوومی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ساڵانی دوای 2011دا نزیکەی 300 هەزار کەس ڕەگەزنامەی سووریان پێدرا، بەڵام زیاتر لە 150 هەزار هاونیشتمانیی کورد هێشتا بێ ڕەگەزنامەن.