وەزارەتی دادی عێراق: لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ هەزار گیراوی داعش کردووە

ساتی لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە زیندانیانی داعش لە زیندانی کەرخ
ساتی لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە زیندانیانی داعش لە زیندانی کەرخ

وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار کەس لە گیراوانی داعشدا کراوە و دڵنیاییش لە پاراستنى گیراوانی داعش دەدەن.

لە زیندانی کەرخ دەستبەسەرکراون

ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندووە، گیراوانی داعش لە زیندانی کەرخی ناوەندیی دەستبەسەرکراون و لە ئێستادا ناگوازرێنەوە بۆ هیچ زیندانێکی دیکە، دەشڵێت، گرتووخانەکان پارێزراون و بە بەردەوامی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێریی دەکرێن.

لێکۆڵینەوە لە زیندانیانی داعش بەردەوامە

لعێبی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا بەشێک لە گیراوانی داعش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و تاوەکو ئیستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار داعشیدا کراوە، بەڵام هیچ بڕیارێکی دادیی کۆتاییان بەسەردا نەسەپێندراوە.

بڕیاری لەسێدارەدان پێویستی بە واژۆی سەرۆککۆمارە

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕوونیشیکردووەتەوە، هەرکات بڕیارێکی کۆتایی درا بەسەر گیراوانی داعشدا لەوانە بڕیاری لەسێدارەدان، پێویستە سەرۆککۆمار پەسەندی بکات.

هیچ وڵاتێک داوای بردنەوەی گیراوەکانی داعشی نەکردووە

ئەحمەد لعێبی،  گوتەبێژەی وەزارەتی دادی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێشتا هیچ وڵاتێک داوای گواستنەوەی گیراوەکانی داعشی نەکردووە بۆ ئەوەی ئەو سزایەی بەسەریاندا سەپێندراوە، لەخاکی خۆیاندا تەواوی بکەن.

ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان نانێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لەماوەی داهاتوودا وەزارەتی داد بەنیازە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا واژۆبکات کە دەیانەوێت داعشەکانی خاوەن ناسنامەى وڵاتەکانیان وەربگرنەوە، ئەوەش لەپاش دەرچوونی بڕیاری دادگا بەسەریاندا، بەڵام بڕیاری گەڕاندنەوەی داعشەکان بۆ وڵاتی خۆیان ئەو گیراوانە ناگرێتەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.