سى پى تى: زیاتر لە 500 هێرش بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە
کامەران عوسمان، ڕێکخەرى هەرێمى کوردستانى ڕێکخراوى CPTى ئەمریکی بەکەناڵ8ـی گوت، زیاتر لە 500 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەو هێرشانە 14 شەهید و 93 برینداریان لێکەوتووەتەوە و ئاڕاستەی هێرشەکانیش لەمدواییانە گۆڕاون بۆ ناوەندە ئابووری و بازرگانییەکان.
500 هێرشی درۆنی و مووشەکی
کامەران عوسمان، لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هێرشى درۆنى و مووشەکی بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە.
هێرشەکان زیانیان هەبووە
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمڕۆش ژمارەیەک هێرشى دیکە بۆسەر هەولێر و ناوەندە بازرگانییەکان ئەنجامدراون و زیانێکى ماددى زۆریان لێکەوتووەتەوە.
14 شەهید و 93 بریندار
بەگوێرەى ڕێکخراوى CPTى ئەمریکی، جگە لە زیانە ماددییەکان بەهۆى هێرشەکانەوە 14 کەس لە هەرێمى کوردستان شەهید بوون و 93 کەسى دیکەش برینداربوون.
هێرشکردنە سەر ناوەندە بازرگانی و ئابوورییەکان
هێرشە درۆنى و مووشەکییەکانى سەر هەرێمى کوردستان بەردەوامە و بەدەر لە هێرشى سەر ناوەندە دیبلۆماسییەکان، هێرشەکانى ئەمجارە لەسەر ناوەندە بازرگانییەکان چڕکراونەتەوە.
کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل کرایە ئامانج
پێشتریش هێرشی درۆنى کرایەسەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لە سنوورى هەولێر، کە بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانى ناو کۆگاکە بەتەواوى سووتان.
هێرش بۆ سەر کارگەی خەڵوز
کارگەیەکى خەڵووز له گوندی ڕماوێژ لە دۆڵی ئالانەى سنوورى خەلیفان بە دوو درۆن کرایە ئامانج، بەهۆى بۆردوومانەکەوە کارگەکە بەتەواوى وێران بووە و نزیکەى 70 هەزار دۆلار زیانى بەرکەوتووە.
بە ئامانجگرتنی کێلگەی نەوتی چەمانکێ
لە سنووری شارۆچکەى ئامێدیش جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی چەمانکێ و لە ئەنجامدا دوو عەمباری نەوت ئاگریان گرت.
02/04/2026