بەهۆی هێرشی درۆنییەوە لە گەڕەکێکی شاری هەولێر زیان بەر 10 ماڵ کەوتووە

لە ئەنجامی ئەو درۆنانەی بەیانیی ئەمڕۆ ئاڕاستەی شاری هەولێر کرا و کەوتە گەڕەکێکی نیشتەجیبوونەوە، زیان بەر 10 ماڵ و سێ ئۆتۆمبێل کەوتووە، تەنیا زیانی ماددی هەبووە و زیانی گیانی نەبووە و ماڵەکە کەسی تێدانەبووە. 

زیانى درۆنەکان بۆسەر هەولێر

درۆنەکە لەگەڕەکی کارێزانی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و بنمیچی ماڵێکی تێکداوە و زیانێکی زۆر بەر هەیکەلی ماڵەکە و ماڵەکانی دورووبەریشی کەوتووە و دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکە شکاوە.

جیا لە ماڵەکان، زیان بەر سێ ئۆتۆمبێلی دیکەش کەوتووە، ئەو خاوەن ماڵەی درۆنەکەی بەرکەوتووە، ژنێکی بەتەمەنە بۆ کەناڵ8 باسی لەوەکرد، لەکاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵی کوڕەکەی بووە و لەڕێگەی دراوسێکانییەوە زانیویەتی ماڵەکەی لێیدراوە.

داواکارییەکانى هاونیشتمانییان لە حکومەتى هەرێم

داواشی لە حکومەت کرد، قەرەبووی بکەنەوە، هەروەها سنوورێکیش دابنرێت بۆ ئەو هێرشانە و وەستاندنیان.

هاونیشتمانییەک: بەدرۆنەوە ژیانیان تێکچووە

دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەش باسی لەوەکرد، ئەمە چەندەمین جارە هێرشدەکرێتە سەر گەڕەکەکەیان و گوتیشی، کەمتر لە 10 ڕۆژ لەمەوبەر درۆن کەوتووەتە سەر ماڵێکی دیکەی ئەو گەڕەکە کە 10 مەتر لەم ماڵەی ئەمڕۆوە دوور نییە، ئەوەشی خستەڕوو، بە دەست درۆنەوە ژیانیان تێکچووە.