شەپۆلێکی تووڕەیی دهۆکی گرتووەتەوە؛ ڕەخنەی توند لە گرانیی کارەبا دەگیرێت
ناڕەزایەتییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک دژی بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی ڕوو لە زیادبوونە و مامۆستایانی ئاینیش هۆشداری لە سەختیی بژێویی خەڵک دەدەن.
گردبوونەوەی هاونیشتمانیان لە دهۆک
لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتی لە دژی گرانبوونی نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی زیاد دەکات. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی شاری دهۆک لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای دهۆک گردبوونەوە و ناڕەزاییان لە بەرامبەر گرانبوونی نرخەکان نیشاندا و داوای چاوخشاندنەوەیان بە نرخەکاندا کرد.
داخستنی دەرگای فەرمانگەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی نەداوەتەوە. لە ڕۆژی گردبوونەوەکەدا، دەوامی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای دهۆک ڕاگیرا و دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ڕووی هاونیشتمانیاندا داخرا، ئەمەش وەک هەڵوێستێکی ناڕەزایەتی بەرامبەر گردبوونەوەکە لێکدرایەوە و نیگەرانیی زیاتری لای بەشداربووان دروست کرد.
هەڵوێستی مامۆستایانی ئاینی
دوێنێ هەینی، بەشێک لە وتارخوێنی مزگەوتەکانی دهۆک، لەوانە هەرمان بێسفکی، وتارەکانیان بۆ پرسی گرانبوونی نرخی کارەبا تەرخان کرد. مامۆستایانی ئاینی ڕەخنەی توندیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و ئاماژەیان بەوە کرد کە لەم دۆخە قورسەی دارایی هەرێمدا، گرانکردنی خزمەتگوزارییەکان باری ژیانی هاونیشتمانیانی سەختتر کردووە و پێویستە حکومەت لە بڕیارەکەی بکشێتەوە.
04/04/2026