دەزگای ئاسایش: 13 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر سلێمانی و کۆیە

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان
لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان

هێرشى سەر شارەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆش زنجیرەیەک هێرشى درۆنى کرایەسەر پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێریش هێرشێکی درۆنی تێکشکێنرا.

هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێر

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، هێرشەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر لە ڕێگەى درۆنەوە ئەنجامدراون و چەند شوێنێکى جیاوازى گرتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکى گیانییان نەبووە.

هێرشی درۆنی بۆ سەر سلێمانی

لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى چەند هێرشێکى درۆنى کراون، بەڵام هیچ زیانکى گیانییان نەبووە، لەڕێگەى ژمارەیەک درۆنەوە چەند ناوچەیەکى سنوورى شارۆچکەی کۆیەش کراونەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکیان نەبووە.

13 هێرشی درۆنی بۆسەر پارێزگای سلێمانی

بەگوێرەى دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان، لە ماوەى 48 کاتژمێری ڕابردوودا 13 هێرشى درۆنى کراونەتەسەر پارێزگاى سلێمانى، کۆیە و کەمپى پەنابەران.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری هێرشی 48 کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە و لە ئامارەکەدا هاتووە، ڕۆژی هەینی 3/4/2026 ، هەشت هێرشی درۆنی کراوەتە سەر شاری کۆیە – کەمپی پەنابەران و هەروەها ڕۆژی شەممە 4/4/2026 ، بە دوو درۆن هێرشکراوەتە سەر فەرماندەیی هێزەکانی 70 و بە دوو درۆنی دیکەش هێرشکراوەتەوە سەر شاری کۆیە – کەمپی پەنابەران و هەروەها درۆنێکیش هێرشکراوەتە سەر گوندی شێخ وەیساوای نزیک شاری سلێمانی.

ناوەندە بازرگانییەکان دەکرێنە ئامانج

هێرشە درۆنى و مووشەکییەکانى سەر هەرێمى کوردستان بەردەوامە و بەدەر لە هێرشى سەر ناوەندە دیبلۆماسییەکان، هێرشەکانى ئەمجارە لەسەر ناوەندە بازرگانییەکان چڕکراونەتەوە و لەو چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا ، بە درۆن هێرشکرایە سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لە سنوورى هەولێر، کە بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانى ناو کۆگاکە بەتەواوى سووتان.

کارگەی خەڵووز لە خەلیفان

کارگەیەکى خەڵووز له گوندی ڕماوێژ لە دۆڵی ئالانەى سنوورى خەلیفان بە دوو درۆن کرایە ئامانج، بەهۆى بۆردوومانەکەوە کارگەکە بەتەواوى وێران بووە و نزیکەى 70 هەزار دۆلار زیانى بەرکەوت.

کێڵگەی نەوتیی چەمانکێ

لە سنووری شارۆچکەى ئامێدیش جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر کێڵگەی نەوتی چەمانکێ و لە ئەنجامدا دوو عەمباری نەوت ئاگریان گرت.

14 شەهید و 93 بریندار

بەگوێرەى ڕێکخراوى CPT ئەمریکی، زیاتر لە 500 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەو هێرشانە 14 شەهید و 93 برینداریان لێکەوتووەتەوە.