کەمبوونەوە و دڕانی پارەی وردە؛ گرفتێکی نوێ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

کەناڵ8 05/04/2026

نەمانی پارەی وردە و دڕانی ئەو بڕە کەمەی لە بازاڕدا ماوە، ئاستەنگی بۆ مامەڵەی ڕۆژانەی کاسبکاران دروست کردووە و شارەزایانیش داوای چاپکردنی پارەی پلاستیکی دەکەن.

گرفتەکانی بەردەم کڕین و فرۆشتن

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، لەمپەرێکی گەورە هاتووەتە بەردەم مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کاڵا و شمەک، ئەویش کەمبوونەوەی بەرچاوی پارەی وردەیە. گرفتەکە تەنیا بە کەمبوونەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئەو پارە وردەیەی لە بازاڕدا ماوەتەوە، زۆرینەی کۆن و دڕاوە و زۆرجار لە لایەن کڕیار یان فرۆشیارەوە وەرناگیرێت.

هۆکاری کەمبوونەوەی پارەی وردە

بەپێی گوتەی شارەزایانی دارایی، هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە بانکی ناوەندیی عێراق هیچ چاپێکی نوێی پارەی وردەی نەخستووەتە بازاڕەوە. پارەی وردە بەهۆی ئەوەی بڕبڕەی پشتی مامەڵە بچووکەکانە، زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و ئەمەش وایکردووە زوو کۆن ببێت و تەمەنی کورت بێت.

پێشنیار بۆ چارەسەری گرفتەکە

پسپۆڕانی بواری دراو و بەرپرسانی بانکی ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق بیر لە دروستکردنی چاپی پارەی وردەی پلاستیکی بکاتەوە، چونکە ئەو جۆرە دراوە بەرگەی بەکارهێنانی زۆر دەگرێت و بەزوویی تێکناچێت.

نەبوونی هەنگاوی کردەیی بۆ گۆڕینەوەی دراو

لەگەڵ ئەوەی پارەی وردەی دڕاو و کۆن لە بازاڕەکاندا زیادی کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نابینرێت بۆ ئەوەی کاسبکاران بتوانن لە ڕێگەی بانکەکانەوە ئەو پارانە بە پارەی وردەی نوێ بگۆڕنەوە. ئەمەش وایکردووە کێشەکە بەردەوام بێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ هەبێت.

کەناڵ8

05/04/2026