وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کەناڵ8: هەموو ڕێکارێک بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت دەگرینەبەر
وەزارەتی نەوتی عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند کە کار بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی دەکات و پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە فەرمی تاوتوێ دەکات.
هەوڵەکان بۆ زیادکردنی هەناردە
عەبدولساحب بەزون حەسناوی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند ، وەزارەتەکەیان هەموو هەوڵ و ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەناردەی نەوت زیاد بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق هەموو دەرفەتێکی گونجاو دەقۆزێتەوە تاوەکو بە شێوەیەکی سەلامەت و لە ڕێگەی بەندەرەکانەوە بڕی هەناردە بەرز بکاتەوە، هەروەها بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کڕیاران و کۆمپانیاکانی نەوت لە بڕیارە نوێیەکان ئاگادار بکرێنەوە.
هەڵوێست لەسەر بڕیارەکەی ئێران
سەبارەت بە پەیامی ئێران بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکرای کرد کە ئەم بڕیارەی تاران "نوێیە" و لە ئێستادا لە ناو وەزارەتدا تاوتوێ دەکرێت. جەختیشی کردەوە کە دوای لێکۆڵینەوەکان، ڕێکاری پێویست لەو بارەیەوە دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سوود لەو ڕێڕەوە وەربگیرێت.
ڕێڕەوەکانی ئێستای هەناردەکردن
لە ئێستادا هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە تەواوەتی ڕاگیراوە. عێراق تەنیا لە ڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە بە تێکڕا 230,000 بەرمیل نەوت ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکات. هاوکات ڕۆژانە بڕی 50,000 بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی وشکانییەوە دەگەیەنرێتە وڵاتی سووریا.
کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان
بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کە چووەتە هەفتەی 5ـەم، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە بەرهەمهێنان لە 4,200,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ 1,300,000 بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر کەرتی وزەی وڵاتەکە دروست کردووە.
05/04/2026