سەرۆکی ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕۆیشتنی جولیان ئەلڤارێز ڕەت دەکاتەوە

ئێنریکی سیریزۆ، سەرۆکی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیارییانە ڕەت دەکاتەوە کە باسیان لە ڕۆیشتنی جولیان ئەلڤارێز کردووە بۆ یانەی بەرشلۆنە، یاخود هەر یانەیەکی دیکە.

لەم ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە لە ئارادا بوو، کە جولیان ئەلڤارێز لە ئەتلەتیکۆ مەدرید بەختەوەر و جێگیر نییە، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە ڕوو لە یەکێک لە یانەکانی بەرشلۆنە لە لالیگا، یان یانەکانی ئارسیناڵ و چێڵسی لە پرێمەرلیگ.

دوای شکستەکەی ئەتلەتیکۆ مەدرید (2-1) بەرامبەر بەرشلۆنە لە لالیگا، سیریزۆ بە میدیاکانی ئیسپانیای ڕاگەیاندووە، "ئێوە لەبارەی جولیان ئەلڤارێزەوە زۆر لاتانداوە، چونکە ئەو یاریزانە یاریزانی ئەتلەتیکۆ مەدریدە و گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ یانەکەماندا هەیە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی 'ترانسفێرمارکت'، ئەلڤارێز لە هاوینی 2024 بە تێچووی 82 ملیۆن یورۆ لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە ئەتلەتیکۆوە کردووە، ئێستا نرخەکەی لە سەرو 100 ملیۆنە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 46 گۆڵی لە 101 یاریدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان تۆمارکردووە.