بۆچی بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ بۆ پێست پێویستە؟
رێتینۆڵ، شێوازێکی ڤیتامین A یە و دەخرێتە ناو کرێم، لۆوشن و سیرەمی رووخسار بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی زیپکە و گرفتەکانی پێست.
ڕێتینۆڵ چۆن کاریگەری لەسەر پێست دادەنێت؟
ڕێتینۆڵ دابەشبوون و زیادبوونی خانەکانی پێست زیاددەکات، کونیلەکانی پێست پاک دەکاتەوە و دروستبوونی کۆلاجینی پێست زیاددەکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی دەرکەوتنی چرچیی پێست، لەگەڵ ئەوەشدا وا دەکات پێست بە شێوازێکی جوانتر دەربکەوێت.
جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمەکانی ڕێتینۆڵ چیین؟
- ئەداپالین
- ئالیترێتینۆین
- بێکسارۆتین
- تازارۆتین
- ترێتینۆین
چەند کات پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ڕێتینۆڵ لەسەر پێست دەربکەون؟
ئەو ساتەی رێتینۆڵ بەر پێست دەکەوێت، دەست دەکات بە کارکردن لەسەر خانەکانی پێست، بەڵام ماوەی چەند هەفتەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی هەست بە گۆڕانکارییەکان بکرێت لە پێستدا. زۆرینەی جار ئەو کەسانەی دەستدەکەن بە بەکارهێنانی رێتینۆڵ، سەرەتا پێستیان خراپتر دەبێت و زیپکەیان لێدێت، بەڵام ئەو حاڵەتە کاتییە و دواتر چاک دەبێتەوە.
ئەو گرفتانەی پێست چیین کە بەرهەمەکانی ریتینۆڵ دەتوانن باشتر یان چارەسەریان بکەن؟
- زیپکە: دروستبوونی زیپکە گرفتێکی باوە و لە ئەنجامی پڕبوون و گیرانی کونیلەکانی پێست بە خانەی پێستی مردوو و چەوری دروستدەبێت. ڕێتینۆڵ رێگریدەکات لە پڕبوون و گیرانی کونیلەکانی پێست، هەربۆیە رێگریدەکات لە دروستبوونی زیپکە. ئەگەری هەیە بۆ ماوەی چەند مانگێکیش لە بەکارهێنانی رێتینۆڵ، هێشتا کەسەکە زیپکەی زیاتربێت بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی، وردە وردە چاک دەبێتەوە.
- جێزیپکە: جێزیپکە لە ئەنجامی برینداربوون و هەوکردن دروست دەبێت. لەگەڵ چاکبوونەوەی زیپکەدا چەند خاڵێکی بچوکی سوور، تۆخ و پەمەیی دەردەکەون و لەوانەیە بۆ چەند هەفتەیەک بمێنێتەوە. دەستکاریکردن و هەڵکەندنی ئەم جێزیپکانە زیاتر پێست برینداردەکات و لەوانەیە بۆ هەمیشە جێ زیپکەکان بمێننەوە. ڕێتینۆڵ یارمەتیی کەمترکردنەوەی هەوکردن دەدات لەکاتی دروستبوونی زیپکەدا بەڵام ناتوانێت جێزیپکەی گەورە و زۆر قوڵ چاکبکاتەوە.
- پەڵەی تۆخی پێست: هەندێجار بەهۆی بەرکەوتنی پێست لەگەڵ تیشکی زیانبەخشی خۆرەوە دروستدەبێت. ئەم پەڵە تۆخانە دەکرێت لەسەر دەستەکان، مل، قۆڵ و رووخسار دەربکەون، لە ئەنجامی کۆبوونەوەی میلانین دروستدەبن و رەنگێکی تۆختر بە پێست دەدەن. جگە لەو پەڵانەی کە بەهۆی خۆرەوە دروست دەبن، پەڵەی تەمەن و پەڵەی جگەریش هەن کە ئەمانە بێ ئازارن، بەڵام ئەگەر کەسەکە حەز بکات پەڵەکان نەمێنن، هەندێک بەرهەم هەن کە دەکرێت یارمەتی کاڵکردنەوە و نەهێشتنی ئەم پەڵانە بدەن. رێتینۆڵ دەکرێت ئەم پەڵانە کاڵ بکاتەوە ئەگەر لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕی پێستدا کەسەکە بەرهەمە گونجاوەکە بەکاربهێنێت.
- کونیلەی گەورەی پێست: کونیلەکانی پێست رێڕەوی چەوری و موون، کاتێک ئەم کونیلانە بە چەوری و خانەی مردووی پێست دەگیرێن، کونیلەکان گەورەتردەبن و دیارتر دەبن لەسەر رووخسار. بەرهەمەکانی رێتینۆڵ یارمەتیی نوێبوونەوەی خانەکانی پێست دەدەن و پێست ئەستوورتر دەکەن، ئەمەش وا دەکات کونیلەکان نەگیرێن و گەورە نەبن.
- نەخۆشیی سەدەف: نەخۆشیی سەدەف نەخۆشییەکە تێیدا کەسەکە بەهۆی هەوکردنەوە، خانە نوێیەکانی پێستیان زۆر زوو گەشەدەکەن و دەبێتەهۆی کەڵەکەبوونی خانەکانی پێست. رێتینۆڵ دەتوانێت گەشەی خێرای خانەکانی پێست و هەوکردن کەمبکاتەوە. بەڵام گرنگە پزیشکی پسپۆڕ چاودێری کەسەکە و جۆری بەرهەمەکەش بکات.
- نیشانەی کشانی پێست: لەگەڵ زیادبوونی کێش، دابەزاندنی کێش و گەورەبوونی ماسولکەکان بە شێوازێکی خێرا، پێست دەکشێت و چەند نیشانەیەک دروستدەبن. رێتینۆڵ دەکرێت ئەم نیشانانە کاڵ بکاتەوە.
- چرچیی پێست: چەند هۆکارێک هەن بۆ دروستبوونی چرچیی پێست، لەگەڵ بەتەمەنچووندا، خانەکانی پێست هێواشتر دابەشدەبن، چینی ناوەڕاستی پێست تەنکتر دەبێت، شێداریی پێست کەمدەکات و کۆلاجین کەم دەبێتەوە، هەموو ئەمانەش بەیەکەوە پێست چرچ دەکەن. بەکارهێنانی ترێتینۆین و تازارۆتین، لەرێگەی کەمکردنەوەی تێکشکانی کۆلاجین، دەکرێت یارمەتیی کەمکردنەوە و دواخستنی ئەم چرچییانە بدەن.
ئایا رێتینۆڵ بۆ پێست باشە؟
ئەو بەرهەمانەی رێتینۆڵیان تێدایە یارمەتیی کەمکردنەوەی زیپکە و دواخستنی نیشانەکانی پیری دەدەن، بەڵام نابێت هەموو کەسێک بەکاریبهێنێت چونکە پێکهاتەیەکی زۆر بەهێزە. ئەو کەسانەی هەستەوەریی پێستیان هەیە و پێستیان هەستیارە، باشترە رێتینۆڵ بەکارنەهێنن. ریتینۆڵ پێست هەستیارتر دەکات بۆ تیشکی خۆر، بۆیە گرنگە هەموو رۆژێک دژەخۆر بەکاربهێنرێت و بەکارهێنەر بەرکەوتنی زۆری لەگەڵ تیشکی خۆردا نەبێت.
رێتینۆڵ چۆن بەکاردەهێنرێت؟
گرنگە ئەو کەسەی دەیەوێت رێتینۆڵ بەکاربهێنێت، پێش بەکارهێنانی لەسەر رووخساری، بۆ چەند رۆژێک کەمێک لە بەرهەمەکە بدات لە بەشێکی دەستی بۆ ئەوەی بزانێت کە هەستەوەریی بە رێتینۆڵ هەیە یان نا، ئەگەر هیچ سووربوونەوە و گرفتێکی پێست دروست نەبوو، کەسەکە دەتوانێت بۆ رووخساریشی بەکاریبهێنێت.
بە گشتیی بۆ بەکارهێنانی رێتینۆڵ دەبێت کەسی بەکارهێنەر ئەم مەرجانە پەیڕەو بکات:
- دەبێت سەرەتا کەسەکە رووخساری بە پاکی بشوات و وشکی بکاتەوە
- لەکاتی بەکارهێنانی رێتینۆڵەکەدا، نابێت کەسەکە دەستی لە رووخساری زۆر بخشێنێت
- دەبێت بڕێکی زۆر کەم لە رێتینۆڵەکە بۆ رووخسار بەکاربهێنرێت، بە نزیکەیی بڕەکەی دەبێت بەقەد نۆکێک بێت
- نابێت رێتینۆڵ بەر دەم، چاو و لووت بکەوێت
- باشترە لە سەرەتای بەکارهێناندا، کەسەکە تەنیا دوو جار لە هەفتەیەکدا بەکاریبهێنێت و ماوە ماوە ژمارەی جەرەکانی بەکارهێنان زیاد بکات
- لە کۆتاییدا پێویستە کەسەکە شێدارکەرەوە بەکاربهێنێت بۆ رێگریکردن لە وشکبوونەوەی پێست
- تەنیا شەوان دەبێت بەکاربهێنرێت
- لە رۆژدا پێویستە دژەخۆر بەکاربهێنرێت
لێکەوتەکانی بەکارهێنانی رێتینۆڵ دەکرێت چیبن؟
- وشکبوون و هەستیاربوونی پێست
- هەستکردن بە سووتانەوەی پێست
- سووربوونەوە و پێستهەڵدان
- سووتان بە خۆر
ئەم لێکەوتانە کاتیین و لەگەڵ راهاتنی پێست بە بەرهەمەکە، نامێنن
تێبینی/ ئەم بابەتە تەنیا سەبارەت بە ئەو بەرهەمانەی رێتینۆڵە کە بە راستەوخۆ دەدرێن لە پێست.
06/04/2026