بافڵ تاڵەبانی: مام جەلال وەک یەکەم پێشمەرگە و یەکەم کورد بووە سەرۆککۆماری عێراق
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 21 ساڵەی هەڵبژاردنی جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆککۆمار، دووپاتی دەکاتەوە کە پەیڕەوی لە هەمان سیاسەتی "پێشمەرگە و سەرۆک" دەکەن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
یادێکی مێژوویی و شانازیی بۆ کورد
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ساتی شانازی و بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی پرشنگدارە لە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ یەکەمجار پێشمەرگەیەک و ڕابەری شۆڕشی نوێ، سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین کورد بووە سەرۆککۆماری عێراق و یەکەم سەرۆککۆماری هەڵبژێردراویش بوو کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا متمانەی بەدەستهێنا.
پابەندبوون بە ڕێباز و میراتی سیاسی
سەرۆکی یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە حزبەکەی هەڵگری میراتە دەوڵەمەند و بەنرخەکەی سەرۆک مام جەلالە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە شوێن هەنگاوە سیاسییەکانیدا دەڕۆن و لەسەر هەمان ڕێباز کار دەکەن بۆ بونیادنانی وڵاتێکی گەشاوەتر، پتەوکردنی برایەتی و چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان هەموو لایەنە جیاوازەکاندا.
بانگەواز بۆ دیالۆگ و پێکەوەیی
لە پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی یەکێتی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە باوەڕی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەبێت. بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی ئەوان بەدیهێنانی ئاشتی، پێکەوەیی، ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکە، ئەمەش وەک درێژەپێدەری ئەو پەیامە سیاسییەی کە مام جەلال لە کۆشکی سەلامەوە پەیڕەوی دەکرد.
06/04/2026