نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع: دەبێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ چڕ بکرێنەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی سووریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە.
تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی شەڕ و ڕێگەچارەکان
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 2026/4/6، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریاوە پێگەیشت. هەردوولا بیروڕایان دەربارەی دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی گۆڕییەوە. هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان.
پاراستنی سەقامگیری و سەرکۆنەکردنی هێرشەکان
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، پرسی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق باسی لێوەکرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنیان کرایەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لەم ماوەیەدا دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکەن.
دۆخی کورد لە سووریا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە دۆخی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا. هەروەها نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و عێراق و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان لە ناوچەکەدا.
07/04/2026