پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکانی پێشخست

کەناڵ8 07/04/2026
یەکێک لە خوێندنگەکانی عێراق
یەکێک لە خوێندنگەکانی عێراق

وەزارەتی پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکانی نزیکەی دوو هەفتە پێشخستووە، هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارەش، ناسەقامگیریی بارودۆخی ئەمنییە لە عێراق.

بڵاوکردنەوەی خشتەی نوێی تاقیکردنەوەکانی ساڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی کات و خشتەی نوێی تاقیکردنەوەکانی ساڵی خوێندنی 2025-2026ـی بۆ قۆناغە جیاوازەکان بڵاوکردەوە.

بڕیارەکە کوێ دەگرێتەوە؟

وەزارەتەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕیارەکە خوێندنی عەرەبی و ئینگلیزی و ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە سیستمی خوێندنی کوردی و تورکییان هەیە.

ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا، داوای لە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان و قوتابخانەکان کردووە، خوێندکاران ئاگادار بکەنەوە لە خشتە و وادە نوێیەکەی تاقیکردنەوەکان.

تاقیکردنەوەکان هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە

ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنیی هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیاریکردنی پێشوەختەی کاتی تاقیکردنەوەکان، سەقامگیریی پرۆسەی خوێندن بپارێزێت و ڕێگری بکات لە هەر پەککەوتنێکی چاوەڕواننەکراو.

کەناڵ8

07/04/2026