دوورگەی خارگ کرایە ئامانج

دیمەنێکی دوورگەی خارک لە ئاسمانەوە
دیمەنێکی دوورگەی خارک لە ئاسمانەوە

ئاژانسی میهری ئێرانی ڕایگەیاند، فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دوورگەی خارگیان لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج و دەنگی تەقینەوە لە دوورگەکە بیستراوە.

کوژرا و بریندار هەبووە لە باکووری ئێران

هاوکات، یاریدەدەری پارێزگاری ئەلبورز لە باکووری ئێران ڕایگەیاندووە، لەو هێرشانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە سەر پارێزگاکە، 18 کەس کوژراون کە دوو منداڵیان تێدایە، 24 کەسی دیکەش بریندار بوون.

نوێکردنەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران نوێ کردەوە بەوەی دەیانگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی بەردین" ئەگەر تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو لە کاژێر سێی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتن نیشان نەدەن؛ جەختیشی کردەوە کە هیچ مۆڵەتێکی دیکە بۆ ئێران درێژ ناکاتەوە.

وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا لەڕێی پاکستانەوە

لای خۆشیەوە، ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران وەڵامی خۆی لەبارەی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕادەستی پاکستان کردووە، تێیدا ڕەتیکردووەتەوە تەنیا ئاگربەست بکرێت و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە کۆتاییەکی هەمیشەیی بە جەنگ کردووەتەوە.

شوێنی جوگرافی دوورگەی خارگ

دوورگەی خارگ دەکەوێتە ئاوەکانی کەنداوی فارس و بە بڕبڕەی پشتی ژێرخانی نەوتی ئێران دادەنرێت، چونکە نزیکەی 90%ـی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لەوێوە ئەنجام دەدرێت.

ئەم دوورگەیە وەک ناوەندی گواستنەوەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی بۆرییەوە کاردەکات و بە گەورەترین کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی وەک مارون، ئەهواز و گەچسارانەوە بەستراوەتەوە.

ئێران کە سێیەم بەرهەمهێنەری ئۆپێکە، ڕۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و 1.3 ملیۆن بەرمیل کۆندێنسات بەرهەم دەهێنێت.