حیزبوڵای عێراق بڕیاری ئازادکردنی ڕۆژنامەوانە ئەمریکییەکەی دەرکرد

شێڵی کیتڵسۆن، ئەو ڕۆژنامەوانە ئەمریکییە کە لە بەغداد ڕفێنراوە
شێڵی کیتڵسۆن، ئەو ڕۆژنامەوانە ئەمریکییە کە لە بەغداد ڕفێنراوە

حیزبوڵای عێراق ڕایگەیاند، وەک ڕێزێک بۆ هەڵوێستی سوودانی، بڕیاریانداوە، بە مەرجی جێهێشتنی عێراق، ئەو ڕۆژنامەوانە ئەمریکییە ئازاد بکەن، کە کۆتایی مانگی ئازار لە بەغداد ڕفاندیان.

"لەبەر ڕێزی سەرۆکوەزیرانی ماوە بەسەرچوو"

ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئاسایشی حیزبوڵای عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "وەک ڕێز و پێزانین بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیرانی ماوە بەسەرچوو، بڕیارماندا شێڵی کیتڵسن، ڕۆژنامەوانی ئەمریکی ئازاد بکەین، بەو مەرجەی دەستبەجێ خاکی عێراق بەجێبهێڵێت."

دەستپێشخەری وا دووبارە نابێتەوە

عەساف باسی لەوەش کردووە، ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕۆژانی داهاتوودا دووبارە نابێتەوە، چونکە ئەوان لەو شەڕەدان کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئیسلام بەرپایان کردووە، لەم کاتانەشدا هیچ خاترگرتنێک نامێنێت و زۆرێک لە پێزانینەکان نامێنن.

دانپێدانیشی بڵاوکردووەتەوە

حیزبوڵاى عێراق دانپێدانانى ڕۆژنامەوانەکەى بڵاوکردووەتەوە و کیتڵسن دەڵێت، ڕاهێنانى هەواڵگری لە سووریا کردووە و ئەمریکا داوای لێکردووە، زانیاری لەبارەى حەشدى شەعبی و حیزبوڵا و گرووپەچەکدارەکان پێبدات.

حکومەت هیچ ڕاگەیەندراوی نییە

تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکان، هیچ ڕاگەیێنراوێکیان سەبارەت بە ئازادکردنی کیتڵسن بڵاونەکردووەتەوە.

شێڵی کیتڵسن، ڕۆژنامەوانی ئەمریکی، لە ئێوارەی ڕۆژی 31ـی ئازار لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە بەغداد ڕفێنرا.

هەر ئەو کاتە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فرانس پرێسی ڕاگەیاند، یەکێک لە ڕفێنەرەکانیان، لە ناوچەی موسەیب لە نزیک جرف سەخر لە پارێزگای بابل دەستگیرکردووە، کە ناوچەی سەرەکی حیزبوڵایە و دەرکەوتووە، سەربە لیوای 45ـی حەشدی شەعبییە، کە لیوایەکی سەربە حیزبوڵای عێراقە.

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و چالاکوانی بیانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕفێنران، کە نوێترینیان، ئیلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی-ڕووسی بوو، کە پاش دوو مانگ و نیو لە ڕفاندنی لە بەغداد، ئازاد کرا.