رووماڵی کەناڵ8

ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا؛ کاردانەوە و لێکەوتەکانی

ئێران و ئەمریکا هێرش و بۆردومانەکانیان ڕاگرت
ئێران و ئەمریکا هێرش و بۆردومانەکانیان ڕاگرت

سەرکەوتنی دوولایەنە

دوای 39 ڕۆژ لە هێرش و بۆردومان، ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕێککەوتوون. بەگوێرەی ئەو 10 خاڵە، کە لەسەری ڕێککەوتوون، هێرش و بۆردومانەکان ڕادەگیرێن و گەرووی هورمز دەکرێتەوە. هەر یەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئێران ئاگربەستەکە بە سەرکەوتن بۆ خۆیان لێکدەدەنەوە.

پابەندیی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان

هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پابەند دەبێت بە ئاگربەستەکەوە و هێرش ناکاتە سەر ئێران، بەڵام لە دیدی ئیسرائیلەوە ئاگربەستەکە لوبنان و حیزبوڵای لوبنان ناگرێتەوە. لە بەرامبەریشدا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەوانە مقاوەمەی ئیسلامی ڕاگەیاندووە، هێرشەکانی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕادەگرێت.

بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا

بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28/2/2026 دەستیپێکرد و تاوەکو بەرەبەیانی 8/4/2026 ، واتە ماوەی 39 ڕۆژ بەردەوام بوو. لەو بۆردومانانەدا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی ئێران کوژران، هەروەها چەندین بنکە و بارەگای هێزە وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەکانی ئێران و بەشێک لە ژێرخانی ئابووری و وزەی ئێران بۆردومانکران.

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران

ئێرانیش لەو ماوەیەدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە ئیسرائیل و 12 وڵاتی ناوچەکە، جگە لە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا، ئێران بەندەر و فڕۆکەخانە و ژێرخانی وزەی بەشێک لەو وڵاتانەشی کردە ئامانج.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
محەممەد عەلی

ئەردۆغان: نابێت ڕێگە بە تێکدانی ئاگربەست بدرێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵیی بە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیاند و بە پێویستی زانی ڕێگە نەدرێت ئاگربەستەکە تێکبدرێت بەڵکو بکرێتە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی.

پەیوەندی تەلەفۆنی ئەردۆغان و ترەمپ

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا و بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان و ترەمپ تاوتوێی پێشهاتە هەنووکەییەکانی ناوچەکەیان کرد، بەتایبەت ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا کە شەوی ڕابردوودا ڕاگەیێنرا.

دەربڕینی خۆشحاڵی بە ئاگربەست

ئەردۆغان خۆشحاڵی بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە نیشانداوە و  بەپێویستی زانیوە ئەو دەرفەتە دوو هەفتەییەی پاش 40 ڕۆژ لە سەختی و تەنگوچەڵەمە بۆ هەموو جیهان کراوەتەوە، زۆر بە باشی بەکاربهێنرێت تاوەکو ڕێککەوتنی ئاشتیی هەمیشەیی لێبکەوێتەوە ڕێگە نەدرێت پرۆسەکە تێکبدرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەشکردووەتەوە، پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی چارەسەر کە لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەتایبەت پاکستان، بەردەوامە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
ئارام یوسف

تەندروستیی لوبنان: 112 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران

هێرشەکەی ئێسرائیل بۆسەر لوبنان کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، سوپای پاسداران هەڕەشەی لە تەلئەڤیڤ دەکات و نەتەوەیەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات.

سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون

لە هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممەی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، تاوەکو ئێستا 112 کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، بە فراوانترین هێرش دادەنرێت لەدوای دەستپێکردنی شەڕەوە.

لێدوانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا، 112 کەس کوژراون و 837 کەسی دیکەش برینداربوون.

کردنە ئامانجی بەپرسێکی حیزبوڵای لوبنان

لوبنان سوپای ئیسرائیل بە هێرشکردنەسەر ناوچەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییان سڤیل تۆمەتبار دەکات، تەلئەڤیڤ دەڵێت، بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات.

هەڕەشە و هۆشداری سوپای پاسداران

لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، ئەگەر هێرشەکان بۆسەر لوبنان بەردەوام بێت، تەلئەڤیڤ پەشیمان دەکەنەوە.

سوپای پاسداران دەشڵێت، هۆشدارییەکی تووند دەدەینە ئەمریکا، کە هەمیشە پەیمانەکان پێشێل دەکات، ئەگەر دەستبەجێ دەستدرێژییەکان بۆسەر لوبنان نەوەستێت، ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و دووژمن پەشیمان دەکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر لوبنانی کرد و داوایکرد، سوود لە دەرفەتی ئاگربەست ببینرێت لەنێوان ئەمریکا و ئێران.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

قالیباف بۆ ترەمپ: پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان ڕێککەوتنەکەتان پێشێل کردووە و ئاگربەست بێمانایە

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکان، 3 خاڵی سەرەکیی "پێشنیازە 10 خاڵییەکە"ی پێشێل کردووە. قالیباف جەختی کردەوە کە لە ژێر سایەی ئەم پێشێلکارییانەدا، ئاگربەست و دانوستان کارێکی "نالۆجیکییە".

بێمتمانەییەکی مێژوویی

ئەمڕۆ چوارشەممە 8-04-2026، محەممەد باقر قالیباف لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بێمتمانەیی تاران بەرامبەر بە واشنتن سەرچاوەی لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا گرتووە. قالیباف وتی: "ئەمە شێوازێکی کۆنە و جارێکی دیکە دووبارە بووەوە، ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نییە."

3 خاڵە پێشێلکراوەکە کامانەن؟

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ "پێشنیازە 10 خاڵییەکە"ی وەک بنەمای دانوستان قبووڵ کردووە، بەڵام تا ئێستا 3 بەندی سەرەکی لێ پێشێل کراوە

1- ئاگربەستی لوبنان: پابەندنەبوون بە بەندی یەکەم سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ لە لوبنان و ناوچەکانی دیکە، کە پێشتر شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک نێوەندگیر ئاماژەی پێکردبوو.

2- بەزاندنی ئاسمانی ئێران: هاتنە ناوەوەی درۆنێکی ئەمریکی بۆ ناو کایەی ئاسمانیی ئێران و تێکشکاندنی لە شاری "لار"ـی پارێزگای فارس، کە پێشێلکردنی ڕوونی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەیە.

3- مافی پیتاندن: نکۆڵیکردن لە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، کە لە بەندی شەشەمی ڕێککەوتنەکەدا جێگیر کرابوو.

دانوستان کارێکی نالۆجیکییە

قالیباف ڕەخنەی تووندی لە هەڵوێستی واشنتن گرت و ڕایگەیاند، کاتێک بنەماکانی دانوستان پێش دەستپێکردنی پڕۆسەکە پێشێل دەکرێن، ئیتر هیچ مانایەک بۆ وتووێژ نامێنێتەوە. ئەو وتی: "لە بارودۆخێکی وەهادا، پابەندبوون بە ئاگربەستی دوولایەنە یان چوونی سەر مێزی دانوستان، کارێکی ناتەبایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێران."

دواین پەیامی تاران

ئەم هەڵوێستەی قالیباف لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانوستانە فەرمییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەست پێ بکەن. بەڵام ئەم ڕاگەیەندراوە نیشانەی ئەوەیە کە درزێکی گەورە لە نێوان تاران و واشنتن دروست بووە و ئەگەری هەیە جارێکی دیکە بارودۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بڕوات.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

فاینانشاڵ تایمز: ئێران داوای باج لەو کەشتییانە دەکات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن

فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، کە ئێران داوای وەرگرتنی باج دەکات بۆ هەر کەشتییەك کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، ترەمیش دەڵێت ، وا بیر دەکەینەوە لە داهاتوودا پێکەوە ئەو پرۆژەیە لەگەڵ ئێران بەڕێوەبەرین.

بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بڕی دۆلارێک وەردەگرن

ئەمڕۆ چوارشەممە، فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە ئێران لە کاتی تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هوورمزدا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بڕی دۆلارێک وەردەگرن،  گوتووشیانە، بۆ ئەوەی ئەم باجە دەستی بەسەردا نەگیرێت لە کاتی سەپاندنی سزاکان ، دەیگۆڕن بۆ دراوی ئەلکترۆنی لە جۆی بیتکۆین.

شوێنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان

ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت کەشتییەکان بە هێڵی باکووردا (نزیک کەناراوەکانی ئێران)دا بڕۆن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و پێشوەختەش هەر کەشتییەک لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لە جۆری بارەکەی ئاگادار بکاتەوە، پاشان بڕی ئەو باجەیان پێ ڕادەگەیەنرێت کە پێویستە بیدەن بە دراوی دیجیتاڵی.

هەر ئەمرۆش لەو بارەوە پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا کە ئایا هەڵوێستی چییە لەسەر باجوەرگرتنی ئێران لە کەشتییەکان، گوتی،" بیردەکەینەوە ئەو پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەگەڵ ئێران بەرێوەبەرین".

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
ئارام یوسف

ئێران ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەکات

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تەواوەتی پابەندی ئاگربەست نەبووە، بۆیە ئامادەکاری دەکەن بۆ وەڵامدانەوە و هێرشکردنەسەر پێگەی سەربازییەکانی.

لە پای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان

سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی فارس نیوزی سەربە سوپای پاسدارانی گوتووە، "بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ئاگربەستی کاتی دژی لوبنان و مقاوەمەی ئیسلامی، وا دەخوازێت ئێران ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی بکات و هێرش بکاتەسەر پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستینی داگیرکراو".

گومان لە توانای کۆنترۆڵکردنی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە

ئەو سەرچاوەیە جەختلەوەش دەکاتەوە، لە تاران پێشنیازی ئەوە دروستبووە، بەردەوامبوونی هێرشەکان سەرەڕای ئاگربەست لەسەرجەم بەرەکان، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی یان ئەمریکا بێتوانایە لە کۆنتڕۆڵکردنی نەتانیاهوو، یاخود سێنتکۆم ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە ئازادانە مامەڵە بکات.

100 هێرش بۆسەر لوبنان

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 100 هێرشی ئاسمانی بۆسەر لوبنان ئەنجامدا، کە بە تووندترین هێرش دادەنرێت، لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانیانەوە لە مانگی ئازاری ڕابردوو.

کوژرانی زیاتر لە 100 کەس

بەهۆی ئەو هێرشانەوە، نزیکەی 100 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش برینداریوون.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، تاران لە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکشێتەوە، ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆسەر لوبنان بەردەوام بێت.

سوپای پاسداران هۆشداریدا لەوەی سەرەڕای ئاگربەستی دوو هەفتەیی، بەڵام متمانەیان بە ئەمریکا نییە و پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە، بۆ ڕوودانى هەر رووداوێک کە دروستدەبێت.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
ئارام یوسف

کوەیت کاربەڕێکی باڵیۆزخانەی عێراق بانگێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند،  بەهۆی هەڵکووتانەسەر باڵەخانەی کونسڵخانەکەیان لە بەسڕە ئەمڕۆ چوارشەممە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقیان بانگێشتکردووە و نامەیەکی ناڕەزایەتی ڕادەستکردووە .

ڕادەستکردنی نامەی ناڕەزایی

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، نامەیەکی ناڕەزایەتییان داوەتە کاربەڕێکی باڵیۆزخانەی عێراق و جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە عێراق ڕێکاری بەپەلە و تووند بکرێتەبەر، بۆ سزادانی ئەو کەسانەی لە هەڵکووتانە سەر کونسوڵخانەکەیان تێوەگلاون و گرەنتی دووبارەنەبوونەوەی بکەن.

کۆبوونەوەی دەیان کەس لەبەردەم کونسوڵخانەی کوەیت لە بەسڕە

ڕۆژی سێشەممە، دەیان کەس لەبەردەم کونسوڵخانەی کوەیت لە بەسڕە گردبوونەوە و بەشێکیان هەوڵی چوونە ناو کونسوڵخانەکەیاندا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بۆمبی فڕمێسک ڕێژ بڵاوەیان پێکردن.

لە کاردانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ماڵێک لە بەسڕە

گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکە لە کاردانەوەی هێرشێکی مووشەکی بوو بۆسەر ماڵێک لە بەسڕە، کە بەهۆیەوە چوار کەس کوژران، بەرپرسێکی ئەمنیش ئاشکرای کردبوو، هێرشەکە لە کوەیتەوە ئەنجامدراوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە، گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق، چەندین هێرشییان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو ئەنجامدا، کە بەشێک لەو هێرشانە بۆسەر وڵاتی کوەیت بوو.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
رێبوار حەمەوەیس

گرووپە چەکدارەکانى عێراق پابەندى ئاگربەستى ئەمریکا و ئێران دەبن

بەبێ ئەوەى بەشێک بن لە ئاگربەستى کاتى نێوان ئەمریکا و ئێران، گرووپە چەکدارەکانى عێراق، هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمى کوردستان و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەعێراق و ناوچەکەدا ڕاگرت، هاوکات هێرشە ئاسمانییەکانیش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە پارێزگا جیاوازەکانى عێراق ڕاگیراون.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت

دواى ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، گرووپە چەکدارەکانى عێراق ناسراو بە (مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و وەک خۆى دەڵێت، هێرشەکانى بۆ پێگەکانى دوژمن لە عێراق و ناوچەکەدا بۆ ماوەى دوو هەفتە ڕادەگرێت.

هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

لەسەرەتاى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە 28ـى شوبات، گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران لە عێراق، وەک پشتیوانییەک بۆ ئێران، هێرشە مووشەکى و درۆنییەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستپێکرد.

ژمارەی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان

بەگوێرەى ئامارەکان، هەرێمى کوردستان، لەماوەى جەنگەکەدا ڕووبەڕووى 700 هێرشى مووشەکى و درۆنى بووەتەوە و بەهۆیانەوە 17 کەس شەهید بوون، حەوت پێشمەرگە لە سنوورى سۆران، کارمەندێکى ئاسایش لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر، حەوت پێشمەرگەى هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دواتریشیان پێشمەرگەیەک و هاوسەرەکەى لە گوندێکى سنوورى هەولێر.

هێرش بۆسەر بارەگاکانی حەشد ڕاگیراوە

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئاگربەست، هێرشە ئاسمانییەکانیش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە پارێزگاکانى عێراق ڕاگیراون.

بەگوێرەى ئامارەکان، نزیکەى 70 هێرشى ئاسمانى کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى و بەهۆیانەوە 71 کەس کوژراون و 196 کەسى دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان چەکدارى حەشدى شەعبى بوون.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
رۆزا حیسام

ڕۆڵی چين لە ئاگربەستی ئەمريکا و ئێران دا

بەرپرسانی چين ڕايانگەياند، پەکين هەوڵی خۆی داوە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمريکا و ئێراندا، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا ستایشی چینی کرد کە ڕۆڵێکی سەرەکی لەو ڕێککەوتنەدا گێڕاوە.

ڕۆڵی چین لە کەمکردنەوەی ململانێکان

ماو نینگ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانيدا باسی لەوە کرد ، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا وڵاتەکەی ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی ململانێکاندا، بەڵام باسی لەوە نەکرد وڵاتەکەی چۆن ڕۆڵی بينيوە و وەک دەگوترێت چۆن تارانی ڕازی کردووە.

چەسپاندنی سەقامگیری درێژخایەن لە کەنداو

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چین بەردەوام بانگەشە بۆ ئاگربەست و چارەسەرکردنی ململانێکان دەکات لە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، هەروەها دەيەوێت سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستبهێنێت".

هاوبەشی چی و ئێران

ساڵانێکە چین یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە ستراتيجييەکانی ئێران و نزیکەی %90ی نەوتی هەناردەی لێکڕيوە، لەڕووی دیپلۆماسییەوە بەرگری لێکردووە و یارمەتی داوە دۆخی گۆشەگیرکردنی نێودەوڵەتی تێپەڕێنت.

چین دەستوەردانی کردووە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە سێ بەرپرسی ئێران بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی پاکستان بەڵام لە دوا خولەکەکاندا چين دەستوەردانی کردووە و داوای  لە ئێران کردووە نەرمی نیشان بدات و گرژییەکان کەم بکاتەوە، ئەويش داواکەی قبوڵکردووە.

 قایلبوونی ئەمریکا

هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پێش 90 خولەک واتە (کاتژمێر و نيوێک) پێش ئەو وادەيەی کە ترەمپ بۆ ئێرانی دانابوو ئەمريکا بە 10 خاڵەکەی ئێران قايلبووە.

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ترەمپ  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی "پێی وایە چین ئێرانی ڕازی کردووە بۆ دانوستان".

هەوڵەکانی حکومەتی چین

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چين گوتی 'لەوەتەی ململانێکان دەستیپێکردووە، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین 26 پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا پەیوەندیدارەکانی ئەنجامداوە، نێردەی تایبەتی پەکین چەندين جار گفتووگۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا ئەنجامداوە.

دەستپێشخەری چین

 هەفتەی ڕابردوو چین و پاکستان دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵییان ڕاگەياند، کە تێیدا داوای ئاگربەستی خێرایان بۆ شەڕی ئێران و پاراستنی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کرد.

لێدوانی باڵیۆزی ئێران لە چین

هەر ئەمڕۆ، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی باڵيۆزی ئێران لە چین بە جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییە نزیکەکانی پەکین لەگەڵ تاران، داوای لە وڵاتی خاوەنی دووەم گەورەترين ئابووری جيهان کرد، کە یارمەتی گەرەنتیکردنی ئاشتی بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گوتيشی "هیوادارن لایەنە جیاوازەکان بتوانن گرەنتی ئەوە بکەن کە ئەمریکا شەڕ دەستپێنەکاتەوە".

گوتيشی "هیوادارن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، وڵاتانی گەورەی وەک چین و ڕووسیا، هەروەها وڵاتانی نێوەندگیری وەک پاکستان و تورکیا، پێکەوە کار بکەن بۆ زامنکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا"، دەشڵێت "ئێران لە نزیکەوە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وڵاتانی دۆست و بەتایبەت چين".

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: فێڵبازەکان لیست و ڕێککەوتنی ساختە لەبارەی ئێران بڵاودەکەنەوە و ئێمە گەیشتینە ئاگربەست

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی بەڵگەنامەی ساختە لەبارەی دانوستانەکانی واشنتن و تاران بڵاودەکەنەوە. ڕاشیگەیاند کە تەنیا یەک جۆر ڕێککەوتن لای ئەمریکا قبووڵکراوە و لەسەر ئەو بنەمایەش گەیشتوونەتە ئاگربەست.

فێڵباز و چەواشەکارەکان ڕیسوا دەکرێن

ئەمڕۆ چوارشەممە 8-04-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە، کە چەندین ڕێککەوتن، لیست و نامەی جۆراوجۆر لەلایەن کەسانێکەوە بڵاودەکرێنەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە نییە. ترەمپ وتی: "ئەمانە کۆمەڵێک فێڵباز و چەواشەکارن، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانمان، بە زوویی ڕیسوا دەکرێن."

بنەمای سەرەکیی ئاگربەست

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە تەنیا یەک کۆمەڵە "خاڵ" هەن کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگەی بایەخن و لە پشت دەرگا داخراوەکاندا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. ترەمپ جەختی کردەوە: "ئەم خاڵانە بنەمای ئەو ئاگربەستەن کە لەسەری ڕێککەوتووین، شتێکی زۆر عاقڵانەیە و بە ئاسانی جێبەجێ دەکرێت." بەمەش ترەمپ بە فەرمی بوونی ئاگربەستێکی ڕاگەیاند کە لەسەر مەرجەکانی واشنتن داڕێژراوە.

هێرش بۆ سەر میدیاکان

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر کەناڵی "سی ئێن ئێن" و بە بڵاوکەرەوەی هەواڵی ساختە ناوی برد. سەرۆکی ئەمریکا وتی، شەوی ڕابردوو ئەو کەناڵە هەواڵێکی لە زاری "سەرچاوەیەک"ـەوە بڵاوکردووەتەوە کە هیچ دەسەڵات و شەرعیەتێکی نەبووە نامە بنووسێت یان لەبری حکومەت قسە بکات.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کارزان ساڵح

دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە چەند وڵاتێک دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی 50٪ بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەدا دەکات، کە چەک بۆ ئێران دابین دەکەن.

کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە تروس سۆشیال بڵاویکردوەتەوە، لەگەڵ ئێران لەگفتوگۆدان سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا و پرسی ڕەسمە گومرگییەکان.

سەپاندنی باج بەسەر چەند وڵاتێکدا

دەشڵێت، ئەو وڵاتانەی بە چەک، هاوکاریی سەربازیی ئێران دەکەن، بەبێ جیاوازی باجیان بەسەردا دەسەپێنێت، و هیچ لێخۆشبونێکیش نایانگرێتەوە.

ئاگربەستی دوو هەفتەیەیی

شەوى رابردوو ئاگاربەستى دوو هەفتەیی چووە بوارى جێبەجێکردنەوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا - ئیسرائیل، لەوبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیاریداوە هێرشە وێرانکەرەکانی سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕابگرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاگربەستەکە دوولایەنە بووە.

هەروەها ئاشکرای کردووە، پێشنیازێکی 10 خاڵییان لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە و وەک بنەمایەکی گونجاو بۆ دانوستان دەیبینن.

ترەمپ ئاماژەى بەوەشکردووە، زۆربەی خاڵە جێناکۆکەکانی پێشوو لە نێوان واشنتن و تاران چارەسەر کراون و ئەم دوو هەفتەیەش دەرفەتێکە بۆ کۆتاییهێنان و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
ئارا ئیبراهیم

نرخى زێڕو زیو بەرزبوونەوە و نەوتى خاو دابەزینى تۆمارکرد

نرخى زێڕو زیو بەرزبوونەوە و نرخى هەردوو جۆرەکەى نەوت دابەزینیان تۆمارکرد، ئەوەش پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکى دوو هەفتەیی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.

نرخى نەوتى برێنت 16% دابەزى

یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 91 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەوەش نرخەکەی 16% دابەزینى تۆمارکردووە، لەکاتێکدا پێش ئاگربەستى جەنگەکە بە 110 دۆلار بووە.

نرخى نەوتى تەکساس 18% دابەزى

هەروەها یەک بەرمیل نەوتى تەکساس 92 دۆلار و 51 سەنتە و بەڕێژەى 18% دابەزینى تۆمارکردووە، لەکاتێکدا پێش ئاگربەستى جەنگ بە 118 دۆلار بووە.

کاردانەوەی بازاڕی نەوت

بازاڕی نەوت کاردانەوەی ئاگربەستەکەی پێوەدیاربوو بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی و وەستانی جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران.

نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەوەی تۆمارکرد

هاوکات، نرخى زێڕ و زیو بەرزبوونەوەیان تۆمارکرد و یەک ئۆنسە زێڕ بە چوار هەزارو 773 دۆلارە و بەڕێژەى 2.53% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، یەک کیلۆ زێڕیش بە 153 هەزار دۆلارە.

زیو بەڕێژەی  6% بەرزبووەوە

هەروەها یەک ئۆنسە زیو بە 76 دۆلارە و بەڕێژەى  6% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، هاوکات یەک کیلۆ زیو بە دوو هەزارو 468 دۆلارە.

ئاگربەستی مەرجدار

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیانددووە ئاگربەستەکە مەرجدارە بەوەی ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە پێشنیازێکی 10 خاڵیی ئێرانیان پێگەیشتووە کە وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆکردن دەبینرێت، ئەمەش پاش ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ.

لە 28ـى شوباتى 2026، چل ڕۆژ جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران ئەنجامدرا و بەو هۆیەوە تاران گەرووى هوورمزى داخست کە 20% نەوتى خاو و 25%ـى گازى سروشتى و یەک لەسەر سێى خۆراکى جیهانى پێدا تێپەڕدەبێت.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
یەسنا ئومێد

سوپای پاسداران: متمانەمان بە ئەمریکا نییە

سوپای پاسداران هۆشداریدا لەوەی سەرەڕای ئاگربەستی دوو هەفتەیی، بەڵام متمانەییان بە ئەمریکا نییە و پەنجەییان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانییانە، بۆ ڕوودانى هەر رووداوێک کە درووستدەبێت.

پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بڵاویان کردووەتەوە دەڵێن، ئەوان پابەندی بڕیارەکانی ڕێبەری باڵای هێزە چەکدارەکان، ئایەتوڵا سەید موجتەبا خامنەیین و ئامادەن و پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانییانە.

داوایەک لە وڵاتانی کەنداو

هەروەها داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکەن، هەماهەنگییەکانییان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێ بهێنن و دەڵێن، دوژمن هەمیشە فێڵباز بووە و ئێمە متمانەمان بە بەڵێنەکانییان نییە، هەر بۆیە وەڵامی هێرشەکانییان بەشێوەیەکی توندتر دەدەینەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران پاش چەند کاتژمێرێک دێت لە ئاگربەستە دوو هەفتەیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بەنێوەندگیرى پاکستان راگەیێندراوە و بڕیاریشە رۆژى هەینى لە ئیسلامئاباد کۆبوونەوەى نێوانیان بەڕێوەبچێت.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

جەى دى ڤانس دژە جەنگەکەى ناو کۆشکى سپى

جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ئەو پیاوەى ناو ئیدارەکەى ترەمپ کە ئێران خوازیاربوو دانوستانى لەگەڵدا بکات، دەڵێت سەرۆک داواى لێکردوون بە نیازێکى باشەوە دانوستان لەگەڵ ئێران بکەن.

ئاگربەستێکی ناسک

جەى دى ڤانس بەپێچەوانەى ستیف وتیکۆڤ و کارید کۆشنەرەوە مەیلى بۆ جەنگکردن لە دژى ئێران نەبوو، ئەویش دەڵێت ئاگربەستەکە ناسکە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت هەڵبووەشێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان نیازپاکبن هەبێت ئەوا دەگەنە ڕێککەوتن.

هێشتا شاندەکانى دانوستانى هەردوولا بەتەواوەتى دیارینەکراون، بەڵام وادیارە جەى دى ڤانس لەناو دانوستانەکاندایە.

بێمتمانەیی ئێرانییەکان لە شاندی دانوستانکار

پێشتر بۆ دانوستان ئێرانییەکان متمانەیان بە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەرى زاواى ترەمپ نەمابوو، بەرپرسانى تاران گوتوویانە جارێکى دیکە لەسەر مێزى دانوستان لەگەڵیاندا دانانیشن، گووتوشیانە ئەو دووانە لە "دواوە خەنجەریان لێداوین".

تاران واى دەبینێت ویتکۆف و کۆشنەر "ڕووخسارە خەڵەتێنەرەکەى" ئیدارەى ترەمپن و ئەندازیارى ڕێککەوتنى ئیبراهیمیشن.

بەڵام بۆچى ئێران دەیەوێت لەگەڵ جەى دى ڤانس دانوستان بکات، خۆ ئەویش لە ئیدارەى ترەمپە؟

بازنەی دەرەوەی هەڵۆکانی کۆشکی سپی

جەى دى ڤانس لە دەرەوەى بازنەى "هەڵۆکانى" کۆشکى سپییە کە شەڕخوازن، ئەو هەر لە سەرەتاوە و لە پشت پەردەوە لە دژى جەنگ بووە و پشتیوانیی ئەوە دەکات بەرژەوەندیى ئەمریکا پێش هەموو دەستەواژەکان بخرێت.

بەسەرچوونی زەمەنی ڕۆڵی پۆلیسی جیهان

جەى دى ڤانس، بۆچوونى وایە زەمەنى ئەوە بەسەرچووە ئەمریکا ڕۆڵى پۆلیسى جیهان بگێڕێت و لەگەڵ "گۆشەگیریى سیاسیدایە". کە بنەماکەى دەستوەرنەدانە لە ململانێ دەرەکییەکان، جەى دى ڤانس نوێنەرایەتی ئەو باڵە دەکات کە بۆچوونی وایە بەشداری لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەستچوونى سامانى ئەمریکایە.

جەی دی ڤاس چاوی لە چییە؟

بەستنەوەى ناوەکەى بە دانوستان لەگەڵ ئێران لە کاتێکدایە پێشتر بە دیپلۆماتکارێکى تەقلیدی نەناسراوە و بە دروستکردنی پردى پەیوەندى بەناوبانگ نییە، بەڵام لەبەرئەوەى کەسێکى واقیعبینە و وا خوێندنەوەى بۆ دەکرێت تاکە کەس بێت بە تێکەڵەیەک لە دڵسۆزی بۆ ترەمپ و ڕیالیزمی سیاسی کارەکانى بکات.

جەى دى ڤانس، چاوى لەوەیە لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا لە ساڵى 2028 خۆى بەربژێر بکات، بەڵام ئەم چانسەى بەهۆى جەنگەوە لە مەحەکدایە.

هەرچەندە ڤانس لە پشت پەردەوە دژایەتیی جەنگەکە بکات، بەڵام وەک بەشێک لەو ئیدارەیەی ترەمپ دەمێنێتەوە کە جەنگەکەى هەڵگیرساندووە، ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردنە نیمچەییەکانى ساڵى داهاتوو، کاریگەرییەکانى جەنگەکە نەبنە "کۆسپى لەبیرکراو" ئەوا هیواکانی ڤانس بۆ سەرۆکایەتیی بە هەڵمدەچن.

چاودێران دەڵێن لەبەر بەرژەوەندییەکانى خۆى ڤانس پێویستی بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە هەیە و ئەگەر بزانێت چانسى ڕاستەقینە بۆ راگرتنى جەنگ نییە، ئەوا ناچێتە ناو دانوستانەوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

ماکرۆن: سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەتییەک دەکەین کە ئاسایشی دەریایی دەستەبەر بکات

پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرگری لە کۆشکی ئیلیزیێ ڕایگەیاند، نزیکەی 15 وڵات بە سەرکردایەتیی پاریس سەرقاڵی پلاندانانن بۆ دەستپێکردنەوەی هاموشۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران جێبەجێ دەکرێت

ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەم ئەرکە "تەنیا بەرگرییانە" دەبێت و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئێران جێبەجێدەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی تاران ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ کۆتاییهێنان بە داخستنی ئەو ڕێڕەوە گرنگەی نەوت.

پلانەکە لەسەر بەڕێکردنی ئاشتیانەی کەشتییەکان دەبێت

سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، پلانەکە لەسەر بنەمای بەڕێکردنی ئاشتییانەی کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان دامەزراوە، گوتیشی 15 وڵات لە ئاسیا و ئەورووپا بەشدارییان لەو هاوپەیمانییەدا کردووە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
رۆزا حیسام

پاش ڕاگەیاندنى ئاگربەست دوو کەشتی بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕی

ڕوانگەی مارين ترافيک بۆ چاودێری جوڵەی دەريای ڕايگەياند، لەدوای ئاگربەسەتەوە دوو کەشتی بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕيوە.

تێپەڕبوونی دوو کەشتی بە گەرووی هورمزدا

ڕوانگەکە ڕايگەياندووە، کاتژمێر 9:59 خولەکی بەيانی ئەمڕۆ کەشتييەکی هەڵگری ئاڵای ليبری بە گەرووەکەدا تێپەڕيوە، هاوکات نيوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 11:44 خولەک دووەم کەشتی بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕيوە کە کەشتييەکی يۆنانی بووە.

بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی ئێران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتی ئێکس ڕايگەياند، ئەمریکا و ئێران لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ڕێککەوتون لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە، لەو ماوەیەدا تێپەڕینى کەشتییەکان بە گەرووی هوورمز لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێت.

بە سەدان کەشتی لە ناوچەکە گیریانخواردووە

ڕوانگەی مارين ترافيک بۆ چاودێری جوڵەی دەريای دەڵێت "سەدان کەشتی لە ناوچەکەدا گيريانخواردووە، لەوانە 426 نەوت هەڵگر و 34 کەشتی هەڵگری غاز و 19 کەشتیی گازی سروشتی، کە زۆرينەيان لەکاتی داخستنی گەرووەکەوە لە 3ی ئازارەوە گيريان خواردووە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

سوپا سالاری ئەمریکا: هەموو لایەنەکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى جەنگ

دان کەین، سوپا سالاری ئەمریکا ڕایگەیاند، 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون، 13 هەزار ئامانجیان لە ئیران بۆردومانکردووە و 80% سیستمی بەرگریی ئێران و دوو هەزار ناوەندیی فەرماندەیی ئێران لەناوبراون. گوتیشی سەرەڕای پێشوازی لە ئاگربەستەکە هەموو لایەنەکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ.

13 سەربازی ئەمریکی کوژراون

دان کەین، سوپا سالاری ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی زیانی سەربازانی ئەمریکا لە جەنگەکەیاندا لەگەڵ ئێران گوتی، لە جەنگەکەدا 13 سەربازمان کوژراون و  پێشوازى لە ئاگربەست دەکەین و سوپاسى سەرجەم وڵاتانى کەنداو دەکەم ".

ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ

سوپاسالارى ئەمریکا گوتیشی سەرەڕای پێشوازییان لە ئاگربەستەکە، بەڵام هەموو لایەنەکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى جەنگ.

 80% سیستمی بەرگریی ئێران لەناوبراوە

دان کەین لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "80%ـى سیستمى بەرگریى ئێرانمان لەناوبردووە و  دوو هەزار ناوەندى فەرماندەیى ئێرانمان لەناوبردووە".

13 هەزار ئامانج بۆردومانکراوە

سوپاسالارى ئەمریکا ئەوەشی گوت، " 13 هەزار ئامانجمان لە ئێران بۆردوومان کردووە و 150 کەشتیى ئێرانمان لەناوبردووە".

"لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەرکەوتین"

دان کەین، سوپاسالارى ئەمریکا: "90%ـى کارگەکانى چەکمان لە ئێران لەناوبردووە و لەم ئۆپراسیۆنەدا سەرکەوتین و شانازى دەکەین".

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

وەزیرى جەنگى ئەمریکا: ئێران شکستى هێناوە

وەزیرى جەنگى ئەمریکا  لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هەموو سەرکردە پلە باڵاکانی ئێرانیان لەناوبردووە و ئێران شکستى هێناوە.

لەناوبردنی کارگەکانی مووشەکی ئێران

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران گوتی، "کارگەکانى مووشەکى ئێرانمان لەناوبردووە".

سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران

وەزیرى جەنگى ئەمریکا باسی ئەوەشیکرد، لەو ماوەی هێرشەکانیاندا هەموو سەرکردە پلە باڵاکانی ئێرانمان لەناوبرد و  ئێران شکستى هێناوە.

ڕێککەوتنەکەی ترەمپ

پیت هێگسێت، وەزیرى جەنگى ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، "کەس وەکو سەرۆک ترەمپ ناتوانێت ڕێککەوتن بکات".

پاڵپشتیی هاوپەیمانان

وەزیرى جەنگى ئەمریکا گوتیشی، "لە پاڵپشتى هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبین و شانازى بەم سەرکەوتنەوە دەکەین".

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
یەسنا ئومێد

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: ڕێککەوتنەکە ناسکە و دەکرێت لە هەر ساتێک هەڵبووەشێتەوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ هەنگاریا باسی لە ڕێککەوتنە دوو هەفتەییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئاگربەستەکە ناسکە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت هەڵبووەشێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان نییەتێکی باشیان هەبێت ئەوا دەگەنە ڕێککەوتن.

"ترەمپ گاڵتەی پێ ناکرێت"

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە ئاگربەستەکە کرد، داوای لە ئێرانیش کرد بە نیەتێکی باش دانوستان بکەن تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن، ڤانس هۆشداریشی پێدان کە وەکخۆی دەڵێت، ترەمپ کەسێک نییە بتوانیی گاڵتەی لەگەڵدا بکەیت، ئەو پێشکەوتنی دەوێت.

ئێرانییەکان گەرووەکە دەکەنەوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لە بناغەی ئەم ئاگربەستە کرد و ڕایگەیاند، ئێرانییەکان گەرووەکە دەکەنەوە، لە بەرامبەردا ئەوان و هاوپەیمانەکانیان هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕادەگرن، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان نەیەنە سەر مێزی دانوستان، ئەوکات دەبینن کە سەرۆکی ئەمریکا کەسێکە ئارامیی زۆر کەمە.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان ڕاگرتووە

جەی دی ڤانس، جێگریی سەرۆکی ئەمریکا زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتیشی، "ئێرانییەکان قایلبوون بەوەی گەرووی هوورمز بکەنەوە، ئەمریکاش ڕازیی بووە بەوەی هێرشەکانی ڕابگرێت، نەک تەنیا ئەمریکا بەڵکو هاوپەیمانەکانیشمان ڕازیی بوون هێرشەکانیان ڕابگرن، ئەمەش بناغەی ئەم ئاگربەستە ناسکەیە کە تەنیا تەمەنی 8 بۆ 12 کاتژمێر دەبێت".

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
رۆزا حیسام

سەرۆکوەزیرانی پاکستان: دۆناڵد ترەمپ شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە

سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە خۆی خاوەن پاشخانێکی بازرگانییە، توانی وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتن دەربکەوێت و ئاگری جەنگی نێوانیان بکوژێنێتەوە.

ڕۆڵی لە نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێران

مەیان محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، وەک نێوەندگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەرکەوت. ناوبراو بە جیا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کرد، هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکاش کۆبووەوە کە لە نێویاندا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەبوو.

پاشخانی سیاسی و شێوازی کارگێڕی

شەهباز شەریف لە مانگی ئازاری 2022ـەوە سەرۆکایەتی حکومەتی پاکستان دەکات. لە ڕووی سیاسییەوە بەوە ناسراوە کە توانایەکی باشی لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا هەیە و شێوازی ئیدارەدانەکەی بە "Can-do" یان "پێی دەکرێت" وەسف دەکرێت.

پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ

لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات، شەهباز شەریف سەردانی کۆشکی سپی کردووە و لەلایەن ترەمپەوە بە سەرکردەیەکی باش وەسف کراوە. هەردوو سەرکردەکە لە دیداری ئاشتی غەززە لە میسر یەکتریان بینیوە. شەریف بە توندی پاڵپشتی لە بیرۆکەی ئاشتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ناوبراوی بە "پیاوی ئاشتی" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە. لە بەرامبەردا، ترەمپ شەریفی بە "پیاوێکی گەورە" ناوبردووە و چەند جارێک لێدوانەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.

ژیانی بازرگانی و خێزانی

شەهباز شەریف لە بنەماڵەیەکی بازرگانی ناسراوەوە هاتووە کە بە خاوەندارێتی پیشەسازییەکانی پۆڵا، شەکر و قوماش دەناسرێن. دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لە زانکۆیەکی حکومی لە شاری لاهۆر، دەستی بە کارکردن کردووە لە "گرووپی ئیتیفاق" کە موڵکی خێزانەکەیەتی، لەوێ ئەزموونێکی زۆری لە بواری بازرگانی و بەرهەمهێناندا بەدەستهێناوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
عەدنان ئەحمەد

نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەکەین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن ڕادەگەیەنێت و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ وەسفی دەکات.

پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی ئاگربەست

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بە فەرمی پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی بونیادنەر لە ناوچەکەدا.

پابەندبوون بە مەرجەکانی ئاگربەست

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەمریکا و ئێران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو جەنگەکە کرد کە پابەندی بڕیاری ئاگربەستەکە بن. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە نیەتپاکییەوە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ هێنانەئارای ئاشتییەکی بەردەوام.

نرخاندنی هەوڵە نێوەندگیرییەکان

لە ڕاگەیێنراوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی ئەو لایەنە نێوەندگیرانەی بەرز نرخاند کە بوونە هۆکاری گەیشتن بەم ڕێککەوتنە. نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەم قۆناغە نوێیە ببێتە هۆی پەرەپێدانی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە تەواوی ناوچەکەدا و کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە بهێنێت کە لە ماوەی ڕابردوودا دروست ببوون.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
پرژە عەتا

چین پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

حکومەتی چین پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن دەکات و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە.

پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە

چین بە فەرمی پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 2 هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد. ئەم پێشوازییە لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چین ڕۆڵی هەبووە لە ڕازیکردنی ئێران بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئاگربەست بۆ ڕاگرتنی جەنگ.

پشتگیری لە هەوڵە نێوەندگیرییەکان

ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لەو هەوڵە نێوەندگیرییانە دەکات کە لەلایەن پاکستان و وڵاتانی دیکەوە ئەنجامدراون. چین جەختی کردەوە کە هەمیشە داکۆکی لە کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە زووترین کاتدا دەکات و داوا دەکات ناکۆکییەکان تەنیا لە ڕێگەی ئامرازی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن.

ئامانجی چین لە ناوچەکە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکی وڵاتەکەی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چین لە ڕابردووشدا هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ ئەم مەبەستە خستووەتە گەڕ و وەک زلهێزێکی کاریگەر بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
یەسنا ئومێد

ئیمانوێل ماکرۆن: ڕاگەیاندنی ئاگربەست شتێکی زۆر باشە

سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران دەکات و جەخت لە پێویستیی گشتگیرکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ ناو خاکی لوبنانیش دەکاتەوە.

پێویستیی وەستاندنی جەنگ لە لوبنان

پاش ئەوەی ئاگربەستی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردن، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازی لە وەستاندنی جەنگەکە کرد. ماکرۆن ڕایگەیاند، پێویستە ئەو ئاگربەستە لوبنانیش لەخۆ بگرێت و جەنگ لەوێش بوەستێت. ئەم لێدوانەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان بەردەوام دەبێت، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا جەخت لە وەستاندنی گشتگیری پێکدادانەکان دەکاتەوە.

هەماهەنگی بۆ پاڵپشتی سوپای لوبنان

سەرۆکی فەڕەنسا داوای کرد هەماهەنگییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی سوپای لوبنان دەستپێبکاتەوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت دڵنیاببنەوە لەوەی هەماهەنگییەکانی نێوان واشنتن و پاریس بۆ بەهێزکردنی هێزە سەربازییەکانی لوبنان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکەکەیان و نەهێشتنی هەژموونی حیزبوڵا لەو وڵاتەدا.

گرنگیی دانوستان و سەقامگیری

ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند، نزیکەی 40 ڕۆژە جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا لە ڕێگەی دانوستانەوە دەکرێت گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بێتە کایەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاگەیاندنی ئەم ئاگربەستە هەنگاوێکی زۆر باشە، بەڵام پێویستە هەوڵەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی هاوکاری تەواوەتی لوبنان بکرێت و ئارامی بۆ تەواوی ناوچەکە بگەڕێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
عەدنان ئەحمەد

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بۆ دووەمجار لەمساڵدا کۆدەبێتەوە و پرسی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و بنکە نوێیەکانی ناتۆ لە ئەجێندای سەرەکی کۆبوونەوەکەدا دەبن.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە ئەنقەرە

بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ دووەمجار لە ساڵی 2026ـدا، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی حکومەت، سەرۆکی میت، سوپاسالاری تورکیا و فەرماندەی هێزە ئاسمانی، وشکانی و دەریاییەکان بەشدار دەبن.

پرۆسەی ئاشتی و دۆخی ڕۆژئاوا

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتە مەیدانییەکانی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت کە ماوەی 1.5 ساڵە دەستیپێکردووە. هاوکات، ڕاپۆرتی ئەمنی و هەواڵگریی پەیوەست بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەخرێتەڕوو و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ ئەنجام دەدرێت.

جەنگی ئێران و بنکە نوێیەکانی ناتۆ

بڕیارە لەم دانیشتنەدا باس لە جەنگی ئێران، ئاگربەست و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بکرێت. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دوایین ئامادەکارییەکانی دانانی بنکەی نوێی ناتۆ لە ئەدەنە و دەریای ناوەڕاست دەکرێت وەک بەشێک لە پلانە بەرگرییەکانی تورکیا.

وادەی کۆبوونەوەکان

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا 2 مانگ جارێک کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی. دواین کۆبوونەوەی ئەم ئەنجوومەنە لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

دەرئەنجامی شەڕی ئێران کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی سیاسیی نەتانیاهوو

شیکەرەوان پێشبینی دەکەن ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی ژیانی سیاسیی بنیامین نەتانیاهوو، لەکاتێکدا ناوبراو هەوڵدەدات لە ڕێگەی بەردەوامبوونی شەڕی لوبنانەوە پێگەی خۆی بپارێزێت.

چارەنووسی سیاسیی نەتانیاهوو

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستى نێوان ئەمریکا و ئێران، شیکەرەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆتایی جەنگ دەکرێت ببێتە کۆتایی ژیانی سیاسیی بنیامین نەتانیاهوو. مهەنەد مستەفا، شارەزای بابەتەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەواوبوونی ئەم شەڕە داهاتووی نەتانیاهوو دیاری دەکات کە لە بنەڕەتدا لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتییەوە داواکراوە و لە ناوخۆی وڵاتەکەشیدا ڕووبەڕووی چەندین دانیشتنی دادگا بووەتەوە.

شکستی سیاسیی ئاگربەست

بە بڕوای شیکەرەوان، ئەم ئاگربەستە شکستێکی سیاسیی گەورەیە بۆ نەتانیاهوو، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی مەرجەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە چی بوون. نەتانیاهوو گرەوی لەسەر بەردەوامیی ئەم شەڕە کردبوو بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکوەزیران و ڕزگاربوونی لەو سزایانەی کە بەهۆی ئاستەنگییەکانی وڵاتەکەیەوە ڕووبەڕووی ببوونەوە.

بەردەوامبوونی شەڕ لە لوبنان

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامبوون. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە و وڵاتەکەی لە شەڕ دژ بە حیزبوڵا بەردەوام دەبێت. لەم بارەیەوە مایلز کاگینەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن دەتوانێت ئیسرائیل قایل بکات شەڕ لە لوبنانیش ڕابگرێت، بەڵام ئێستا وازی لێ دەهێنن تاوەکو ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئەو ناوچەیە بێتەوە.

لەدەستدانی کاریگەری لەسەر ترەمپ

بەگوێرەی شیکەرەوان، نەتانیاهوو توانای پێشووی نەماوە بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ قایل بکات بە ئەنجامدانی شەڕی نوێ. پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردبوو کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ڕێگەی چەند بەڵێنێکی گەورەوە کە نەهاتوونەتە دی، ئەمریکای تێوەگلاندووە لە شەڕی ئێران، بەڵام ئێستا ئەو توانایەی لەدەستداوە و ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ حیزبوڵا بە تەنیا دەمێنێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
پرژە عەتا

ئەکسیۆس: موجتەبا خامنەیی بەشێوەیەکی کاریگەری بەشداری لە دانوستانەکان کردووە

ماڵپەڕی ئەکسیۆس زانیاریی نوێ لەبارەی ڕێککەوتنی واشنتن و تاران بڵاودەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، موجتەبا خامنەیی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە گەیشتن بە ئاگربەست و ترەمپیش دەستبەجێ فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی دەرکردووە.

ڕۆڵی موجتەبا خامنەیی لە دانوستانەکاندا

ئەکسیۆس لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردەوە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداریی لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا کردووە. ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر ڕەزامەندیی ئەو نەبوایە، ڕێککەوتنەکە ئەنجام نەدەدرا. ئەمە لە کاتێکدایە خامنەیی لە دوای هێرشەکەی 28ی شوباتەوە هیچ دەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆی نەبووە و تەنیا 3 جار پەیامی نووسراوی بڵاوکردووەتەوە.

پەیوەندییەکانی ترەمپ و نەتانیاهوو

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە درێژایی ڕۆژ لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە پابەندبوونی واشنتن بە مەرجەکانی ئاگربەستەکە. هاوکات ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندبوو کە پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێران بە هەموو پێوەرێک "کارەساتە"، بەڵام دواتر لەسەر ڕەشنووسێکی نوێ ڕێککەوتوون.

نێوەندگیریی پاکستان و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە

دەوڵەتی پاکستان نێوەندگیریی سەرەکیی دانوستانەکانی کردووە و ڕەشنووسی نوێی لە نێوان ستیڤ ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاڵوگۆڕ کردووە. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە واشنتن ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی نوێکراوەی ئاگربەستی 2 هەفتەیی وەرگرت. دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بڕیاریداوە هێرشەکان ڕابگرێت بە مەرجی کردنەوەی گەرووی هورمز.

فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

تەنیا 15 خولەک دوای بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس"، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی فەرمیی بە هێزەکانی ئەمریکا کردووە کە لە ناوچەکان بکشێنەوە. ئەم بڕیارە دوای 40 ڕۆژ لە گرژی و هێرشی بەردەوام دێت کە لە 28ی شوباتەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردبوو.

کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئیسلامئاباد

حکومەتی پاکستان بانگهێشتی شاندی هەردوولای کردووە تاوەکو ڕۆژی هەینی لە ئیسلامئاباد کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ناکۆکییەکان. بڕیارە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتی شاندی واشنتن بکات و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکایەتی شاندەکەی تاران بکات.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
شۆڕش محەمەد

قەتەر: داواى قەرەبووکردنەوە لە ئێران دەکەین

قەتەر بە فەرمی داوای قەرەبوو لە ئێران دەکات بۆ ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لێی کەوتووە و هۆشداریش دەدات کە مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە.

ئاڕاستەکردنی سکاڵا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان

وەزارەتى دەرەوەى قەتەر دوو نامەى ئاڕاستەى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش کرد. لە نامەکاندا باس لەو بۆردوومانانە کراوە کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە سەر خاکی قەتەر. وەزیرى دەرەوەى قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە مووشەکى و درۆنییەکان لەناو خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کراون و تەنانەت لەدوای بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ ڕاگرتنى هێرشەکان، ئێران بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی قەتەر و وڵاتانی تری کەنداو.

پێشێلکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان

وەزارەتى دەرەوەى قەتەر ئەم دەستدرێژییانەی وەک پێشێلکردنى بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش ژمارە 1817ـى ساڵى 2026 ناوبرد. قەتەر ڕایگەیاندووە کە بەرپرسیارێتى ئەنجوومەنى ئاسایشە ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى بپارێزێت و ڕێکاریى پێویست بۆ ڕاگرتنى ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارانە بگرێتەبەر.

داواکاری قەرەبووکردنەوە

حکومەتی قەتەر داوا لە ئێران دەکات قەرەبووى سەرجەم ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ڕووبەڕووى وڵاتەکەی بووەتەوە. لە نامەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی هەڵسەنگاندنی وردی زیانەکانن و دواتر دەرەنجامەکان ئاڕاستەى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش دەکەن.

مافی وەڵامدانەوە و پاراستنی سەروەری

وەزارەتى دەرەوەى قەتەر هۆشدارى داوە کە بەگوێرەى ماددەى 51 لە ڕێککەوتننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان، مافى قەتەرە وەڵامى دەستدرێژیى و بۆردوومانەکان بداتەوە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ڕێکاریى پێویست بۆ پاراستنى سەروەریى، ئاسایش و سەلامەتى هاووڵاتییان و هەموو ئەو کەسانەی لەسەر خاکی وڵاتەکەیان نیشتەجێن دەگرنەبەر.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
رۆزا حیسام

ڕۆڵی پاکستان لە نێوەندگيری ئەمريکا و ئێراندا

پاش زنجیرەیەک هەوڵی دیپلۆماسی چڕ، پاکستان توانی ئاگربەستێکی 2 هەفتەیی لە نێوان تاران و واشنتن بەدەستبهێنێت و ئێستا ئامادەکاری بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان دەکات.

پێگەی پاکستان وەک نێوەندگیر

پاکستان لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا وەک نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان ئێران و ئەمریکا کاری کردووە. ئەم وڵاتە بەهۆی هەبوونی سنوورێکی هاوبەش و پەیوەندییەکی مێژوویی و برایانە لەگەڵ ئێران، لەگەڵ هەبوونی پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، توانیویەتی پەیامەکان لە نێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ بکات.

ڕۆڵی عاسم مونیر لە نزیکبوونەوەی لایەنەکان

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عاسم مونیر، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی پاکستان، ڕۆڵێکی کاریگەری لەم نێوەندگیرییەدا هەبووە. مونیر کە کەسێکی جێگەی متمانەی دۆناڵد ترەمپە، توانیویەتی کەناڵەکانی پەیوەندی بە کراوەیی بهێڵێتەوە و ئاستەنگەکان لەبەردەم گەیشتن بە ئاگربەست کەم بکاتەوە.

تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسلامئاباد

پاکستان سوودی لە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان وەرگرتووە، بەتایبەت پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو، هاوکات پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ چین. ئەم پێگەیە یارمەتیدەر بووە تاوەکو پاکستان وەک لایەنێکی متمانەپێکراو بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە دەربکەوێت و پێگەی خۆی لە ئاسیادا بەهێزتر بکات.

ئاڵنگارییەکانی پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست

کاتژمێرەکانی پێش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە بۆ پاکستان پڕ بوون لە گرژی، بەتایبەت دوای هێرشەکانی سەر پرد و دامەزراوەکانی ئێران و هێرشەکانی تاران بۆ سەر سعودیە. ئەم ڕووداوانە مەترسییان دروست کردبوو کە پڕۆسەی نێوەندگیرییەکە لە دوا خولەکەکاندا شکستی پێ بهێنرێت، بەڵام هەوڵەکان بەردەوام بوون تاوەکو گەیشتن بە ئەنجام.

ڕاگەیاندنی فەرمیی ئاگربەست

کاتژمێر 5ی بەیانی، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند. ناوبراو هەردوو لایەنی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ڕۆژی هەینی 10ی نیسان لە ئیسلامئاباد دەست بە گفتوگۆ بکەن. ئامانجی پاکستان ئەوەیە بگاتە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە لە خولەکانی پێشوودا عومان نەیتوانیبوو بەدەستی بهێنێت.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

وەزارەتی دەرەوەی عومان: پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی عومان لەبارەی ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو هەوڵانەی کە پاکستان لەم نێوەندەدا گێراویەتی بەرز دەینرخێنین و هەروەها هەوڵی هەموو ئەو لایەنانەی کە داوای ڕاگرتنی جەنگیان کردووە.

 وەزارەتی دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەشکردووە: جەخت لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو چارەسەرانەی کە کۆتایی بە قەیرانەکان لە ڕەگ و ریشەوە دەهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی عومان ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەخت لەسەر گرنگی بەدیهێنانی کۆتاییهاتنی هەمیشەیی بۆ دۆخی جەنگ و کردەوە دوژمنکارییەکان لە ناوچەکەدا دەکەینەوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازی لە ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەکات

فرێدرێش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، ڕێکاری گونجاو دەگرینە بەر بۆ زامنکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە هورمز.

مێرز گوتیشی: دەبێت ئێستا ئامانجەکە دانوستان بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئێران بە شێوەیەکی هەمیشەیی.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

تۆکیۆ پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست کرد و ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەوڵەکان بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی سەلامەت دەکەین.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

سەرۆکوەزیرانی مالیزیا داوا دەکات پێشنیازەکەی تاران بکرێتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر

سەرۆکوەزیرانی مالیزیا گوتی، پێشنیازە 10 خاڵییەکەی تاران مژدەی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیریییە و دەبێت بکرێتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

وەزارەتی دەرەوەی ئەندۆنیزیا پێشوازی لە ئاگربەست دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەندۆنیزیا ڕایگەیاند، پێشوازی لە ئاگربەست دەکەین و پێویستە هەموو لایەنەکان ڕێز لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و دیپلۆماسیەت بگرن.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

ئوسترالیا پشتیوانی لە ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەکات

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا گوتی: پێشوازی لە ئاگربەستەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرانبەر ئێران دەکەین و ئاگربەستەکە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام لێدوانەکانی ترەمپ جێگەی نیگەرانین.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران گوتی: پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان واشنتن و تاران دەکەین و داوا لە سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان دەکەین پابەندی بەڵێنەکانیان بن بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مەرجەکانی ئاگربەست جێبەجێ بکەن.

گۆتێرێس گوتیشی، جەخت لە ڕاگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان دەکەینەوە کە کارێکی زۆر بەپەلەیە بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و کەمکردنەوەی کارەساتە مرۆییەکان و دەستخۆشی لەو هەوڵانە دەکەین کە پاکستان و وڵاتانی دیکە بۆ ئاسانکاری لە گەیشتن بە ئاگربەست ئەنجامیانداوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

ئەڵمانیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئاگربەستەکە ڕایگەیاند

یۆهان فادیفول وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: پشتگیری لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی سەبارەت بە ئێران دەکەین و لێکەوتەکانی بەردەوامبوونی جەنگ کارەساتبار دەبن.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی ئەوەشیکرد" ڕاگرتنی شەڕ یەکەم هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەبێت بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

میسر پشتیوانی لە ئاگربەستەکە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی میسر لەبارەی ئاگربەستەکەوە ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە پێشهاتێکی ئەرێنی گرنگە بەرەو گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری. ئاگربەستەکە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرچاوەکانی گەلانی ناوچەکە و جیهان بەگشتی لێدەکەوێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە گرنگەی ئەمریکا دەرفەت بە دیپلۆماسی دەبەخشێت و ڕێگە دەدات بە دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستانێکی جددی لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

یەکێتیی ئەوروپا پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات

کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی،  یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە ئاگربەستی ئێران دەکات کە ڕێگەی دیپلۆماسی دروست دەکات.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

سەرۆکی فەرەنسا: پێشوازی لە ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەکەین و هەنگاوێکی زۆر باش بوو

ماکرۆن لەبارەی ئاگربەستەکەوە گوتی، ئاگربەستەکە زۆر باشە و پێویستە لوبنانیش بەتەواوی بگرێتەوە و تەنیا دانوستان گرەنتی ئەمنی لە ناوچەکەدا دەکات.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، پشتیوانی له گەیشتن به ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین کە ئاسایش و  سەقامگیری بەدەست بهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەکەین کە سەرجەم پرسە ناکۆکەکان بخاتەڕوو کە دەیان ساڵە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری و سعوودیه جەخت لەسەر پێویستی کرانەوەی گەرووی هورمز دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە باسی ئەوەشیکردووە، هەوڵە بەرهەمدارەکانی سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان بەرز دەنرخێنین.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

وەزیری دەرەوەی عومان: ئێستا دانوستانی جددی پێویستە

بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان گوتی، جیهان بۆ ماوەیەکی کاتی پاشەکشەی کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان و گوتیشی وەزیری دەرەوەی عومان: ئێستا دانوستانی جددی بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی زۆر پێویستە و ئێمە پشتگیری لەم هەوڵە دەکەین.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

خوێندنی ئۆنلاین نەگۆڕدراوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند، بڕیارى خوێندنى ئۆنلاین نەگۆڕدراوە و  ئەنجوومەنى وەزیران لەگەڵ وەزارەتەکان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

کایەی ئاسمانیی عێراق کرایەوە

بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى هەولێر گوتی، کایەى ئاسمانى عێراق کرایەوە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

چین پشتیوانیی خۆی بۆ ئاگربەستەکە ڕاگەیاند

چین ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

ترەمپ لەگەڵ نەتانیاهوو قسەی کردووە

ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، پێش ڕەزامەندییەکە ترەمپ لەگەڵ نەتانیاهوو قسەى کردووە و دواى 15 خولەک لە پۆستەکەى ترەمپ فەرمانى کشانەوە بۆ هێزەکانى ئەمریکا چووە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

سعودیە پشتیوانی لە ئاگربەستەکە دەکات

سعودیە: هیوادارین ئاگربەست دەرفەتێک بۆ ئاسایبوونەوەى هەمەلایەنە و بەردەوام لە ناوچەکەدا بڕەخسێنێت و هیوادارین دەستدرێژى بۆ سەر سەروەریى وڵاتانى ناوچەکە بوەستێت.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

هێرشی درۆنی کرایە سەر بەحرەین

بەحرەین: لە هێرشێکى درۆنى ئێراندا دوو کەس بریندار بوون

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

ئیسپانیا: پێویستی بە شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیە

سەرۆ وەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا پێویستمانە دیپلۆماسی و شەرعیەتی نێودەوڵەتی و ئاشتییە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

جێگری سەرۆککۆماری ئێران: جیهان چووەتە سەردەمی ئێران

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری جێگری سەرۆککۆماری ئێرانەوە: جیهان پێشوازیی لەو دەسەڵاتە نوێیە کردووە و سەردەمی ئێران دەستی پێکردووە.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

سوپای ئیسرائیل: پابەندین بە ئاگربەست

سوپای ئیسرائیل: ئێمە پابەندین بە ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە هەمان کاتدا ئامادەکارییەکی تەواویشمان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک.

نوێکراوەتەوە / 08/04/2026
کەناڵ8

دەقی 10 خاڵەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکرایەوە

تاران مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕادەگەیەنێت و پێشنیازێکی 10 خاڵی ئاراستەی ئەمریکا دەکات کە تێیدا مەرجی هەڵگرتنی سزاکان و وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز جێگیر کراوە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گۆڕینی ئاگربەست بۆ ئاشتی

دوای هەڕەشە تووندەکانی واشنتن و چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، وردەکاری ئەو پێشنیازە 10 خاڵییە ئاشکرا بوو کە ئێران بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی کردووە. ئەم پێشنیازە کە ترەمپ وەک بنەمایەکی کارا بۆ دانوستان وەسفی کردووە، جەخت لەسەر گۆڕینی ئاگربەستی کاتی بۆ کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگ دەکاتەوە.

مەرجە 10 خاڵییەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی جەنگ

پێشنیازەکەی ئێران بۆ ئیدارەی ئەمریکا ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

1- دەستەبەرکردنی گەرەنتی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر ئێران.

2- کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ، نەک تەنیا ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی.

3- ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.

4- هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران.

5- کۆتاییهێنان بە هەموو شەڕ و پێکدادانە ناوچەییەکان دژی هاوپەیمانەکانی ئێران.

6- ئێران گەرووی هورمز دەکاتەوە.

7- ئێران بڕی 2 ملیۆن دۆلار وەک باجی تێپەڕبوون لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.

8- ئێران ئەو باجەی وەریدەگرێت لەگەڵ وڵاتی عوماندا دابەشی دەکات.

9- ئێران یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ تێپەڕبوونی بێمەترسی لە گەرووی هورمز دادەنێت.

10- ئێران داهاتی ڕسوماتەکانی گەرووی هورمز بۆ بنیاتنانەوە بەکاردەهێنێت لە بری داواکردنی قەرەبووی جەنگ.

ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی کاتی

ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی 2 هەفتەیی. ئامانجی ئەم ماوەیە ئەوەیە کە وردەکارییەکانی ئەم 10 خاڵە لە پەیماننامەیەکی ئاشتیی درێژخایەندا جێگیر بکرێن و هەردوولا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنیان ڕێکبکەون.