جەى دى ڤانس دژە جەنگەکەى ناو کۆشکى سپى

کەناڵ8 08/04/2026
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا

جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ئەو پیاوەى ناو ئیدارەکەى ترەمپ کە ئێران خوازیاربوو دانوستانى لەگەڵدا بکات، دەڵێت سەرۆک داواى لێکردوون بە نیازێکى باشەوە دانوستان لەگەڵ ئێران بکەن.

ئاگربەستێکی ناسک

جەى دى ڤانس بەپێچەوانەى ستیف وتیکۆڤ و کارید کۆشنەرەوە مەیلى بۆ جەنگکردن لە دژى ئێران نەبوو، ئەویش دەڵێت ئاگربەستەکە ناسکە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت هەڵبووەشێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان نیازپاکبن هەبێت ئەوا دەگەنە ڕێککەوتن.

هێشتا شاندەکانى دانوستانى هەردوولا بەتەواوەتى دیارینەکراون، بەڵام وادیارە جەى دى ڤانس لەناو دانوستانەکاندایە.

بێمتمانەیی ئێرانییەکان لە شاندی دانوستانکار

پێشتر بۆ دانوستان ئێرانییەکان متمانەیان بە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەرى زاواى ترەمپ نەمابوو، بەرپرسانى تاران گوتوویانە جارێکى دیکە لەسەر مێزى دانوستان لەگەڵیاندا دانانیشن، گووتوشیانە ئەو دووانە لە "دواوە خەنجەریان لێداوین".

تاران واى دەبینێت ویتکۆف و کۆشنەر "ڕووخسارە خەڵەتێنەرەکەى" ئیدارەى ترەمپن و ئەندازیارى ڕێککەوتنى ئیبراهیمیشن.

بەڵام بۆچى ئێران دەیەوێت لەگەڵ جەى دى ڤانس دانوستان بکات، خۆ ئەویش لە ئیدارەى ترەمپە؟

بازنەی دەرەوەی هەڵۆکانی کۆشکی سپی

جەى دى ڤانس لە دەرەوەى بازنەى "هەڵۆکانى" کۆشکى سپییە کە شەڕخوازن، ئەو هەر لە سەرەتاوە و لە پشت پەردەوە لە دژى جەنگ بووە و پشتیوانیی ئەوە دەکات بەرژەوەندیى ئەمریکا پێش هەموو دەستەواژەکان بخرێت.

بەسەرچوونی زەمەنی ڕۆڵی پۆلیسی جیهان

جەى دى ڤانس، بۆچوونى وایە زەمەنى ئەوە بەسەرچووە ئەمریکا ڕۆڵى پۆلیسى جیهان بگێڕێت و لەگەڵ "گۆشەگیریى سیاسیدایە". کە بنەماکەى دەستوەرنەدانە لە ململانێ دەرەکییەکان، جەى دى ڤانس نوێنەرایەتی ئەو باڵە دەکات کە بۆچوونی وایە بەشداری لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەستچوونى سامانى ئەمریکایە.

جەی دی ڤاس چاوی لە چییە؟

بەستنەوەى ناوەکەى بە دانوستان لەگەڵ ئێران لە کاتێکدایە پێشتر بە دیپلۆماتکارێکى تەقلیدی نەناسراوە و بە دروستکردنی پردى پەیوەندى بەناوبانگ نییە، بەڵام لەبەرئەوەى کەسێکى واقیعبینە و وا خوێندنەوەى بۆ دەکرێت تاکە کەس بێت بە تێکەڵەیەک لە دڵسۆزی بۆ ترەمپ و ڕیالیزمی سیاسی کارەکانى بکات.

جەى دى ڤانس، چاوى لەوەیە لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا لە ساڵى 2028 خۆى بەربژێر بکات، بەڵام ئەم چانسەى بەهۆى جەنگەوە لە مەحەکدایە.

هەرچەندە ڤانس لە پشت پەردەوە دژایەتیی جەنگەکە بکات، بەڵام وەک بەشێک لەو ئیدارەیەی ترەمپ دەمێنێتەوە کە جەنگەکەى هەڵگیرساندووە، ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردنە نیمچەییەکانى ساڵى داهاتوو، کاریگەرییەکانى جەنگەکە نەبنە "کۆسپى لەبیرکراو" ئەوا هیواکانی ڤانس بۆ سەرۆکایەتیی بە هەڵمدەچن.

چاودێران دەڵێن لەبەر بەرژەوەندییەکانى خۆى ڤانس پێویستی بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە هەیە و ئەگەر بزانێت چانسى ڕاستەقینە بۆ راگرتنى جەنگ نییە، ئەوا ناچێتە ناو دانوستانەوە.

کەناڵ8

08/04/2026