نرخى زێڕو زیو بەرزبوونەوە و نەوتى خاو دابەزینى تۆمارکرد

نرخى زێڕو زیو بەرزبوونەوە و نرخى هەردوو جۆرەکەى نەوت دابەزینیان تۆمارکرد، ئەوەش پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکى دوو هەفتەیی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.

نرخى نەوتى برێنت 16% دابەزى

یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 91 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەوەش نرخەکەی 16% دابەزینى تۆمارکردووە، لەکاتێکدا پێش ئاگربەستى جەنگەکە بە 110 دۆلار بووە.

نرخى نەوتى تەکساس 18% دابەزى

هەروەها یەک بەرمیل نەوتى تەکساس 92 دۆلار و 51 سەنتە و بەڕێژەى 18% دابەزینى تۆمارکردووە، لەکاتێکدا پێش ئاگربەستى جەنگ بە 118 دۆلار بووە.

کاردانەوەی بازاڕی نەوت

بازاڕی نەوت کاردانەوەی ئاگربەستەکەی پێوەدیاربوو بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی و وەستانی جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران.

نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەوەی تۆمارکرد

هاوکات، نرخى زێڕ و زیو بەرزبوونەوەیان تۆمارکرد و یەک ئۆنسە زێڕ بە چوار هەزارو 773 دۆلارە و بەڕێژەى 2.53% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، یەک کیلۆ زێڕیش بە 153 هەزار دۆلارە.

زیو بەڕێژەی  6% بەرزبووەوە

هەروەها یەک ئۆنسە زیو بە 76 دۆلارە و بەڕێژەى  6% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، هاوکات یەک کیلۆ زیو بە دوو هەزارو 468 دۆلارە.

ئاگربەستی مەرجدار

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیانددووە ئاگربەستەکە مەرجدارە بەوەی ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە پێشنیازێکی 10 خاڵیی ئێرانیان پێگەیشتووە کە وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆکردن دەبینرێت، ئەمەش پاش ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ.

لە 28ـى شوباتى 2026، چل ڕۆژ جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران ئەنجامدرا و بەو هۆیەوە تاران گەرووى هوورمزى داخست کە 20% نەوتى خاو و 25%ـى گازى سروشتى و یەک لەسەر سێى خۆراکى جیهانى پێدا تێپەڕدەبێت.