ئەمریکا: چەند هێرشێک لە نزیک سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسی لە بەغداد ئەنجام دراوە

لۆگۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد
لۆگۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە بە درۆن هێرشکراوەتەسەر ناوچەیەکی نزیک لە سەنتەری پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە بەغداد و دەڵێت، میلیشیا چەکدارەکان بەنیازن لە هێرشەکانیان بەردەوام بن.

ئەنجامدانی چەندین هێرشی درۆنی

باڵیۆزخانەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، "میلیشیا چەکدارە تیرۆریستەکانی سەر بە ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، چەندین هێرشی درۆنییان لە نزیک سەنتەری پاڵپشتیی دیپلۆماسی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ئەنجامداوە".

سەرەڕای ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران

هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بە مقاوەمەی ئیسلامی ناسراون، دوای ئەوەدێت کە ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستیان ڕاگەیاند.

هۆشداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، هۆشداری دەدات و دەڵێت، میلیشیا چەکدارە عێراقییەکان بەنیازن هێرشی زیاتر بۆسەر هاوڵاتییان و بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام بدەن.

هەوڵی کردنەوەی کایەی ئاسمانیی عێراق

باسلەوەش دەکات، حکومەتی عێراق بەنیازە کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بکاتەوە و گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان دەستپێبکاتەوە، ئامۆژگاری هاوڵاتییانی ئەمریکا دەکەین، لەناوخۆی عێراقدا گەشتی ئاسمانیی ئەنجام نەدەن، بەهۆی بەردەوامیی مەترسییەکانی مووشەک، درۆن و تەقەمەنییەکان لە کایەی ئاسمانی عێراق، هەروەها ئامۆژگاری ئەو هاوڵاتییانەمان دەکەین لە عێراقن، ئەو وڵاتە لەڕێگەی وشکانییەوە جێبهێڵن.

بەگوتەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، گرووپە چەکدارەکان بەنیازن هاوڵاتییانی ئەمریکا، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیا بیانییەکان، ژێرخانی وزە، هۆتێل و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج، ئەگەر پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەبێت.