ڤێرشتاپن بەهۆی ڕۆیشتنی ئەندازیارەکەیەوە نیگەرانە
ماکس ڤێرشتاپن، شۆفێری هۆڵەندیی تیمی ڕێدبوڵ لە 'فۆرمولا 1' نیگەرانە لە ئەگەرەکانی ڕۆیشتنی ئەندازیاری پێشبڕکێکانی تیمی ڕێد بوڵ، بەم هۆیەوە داهاتووی ناڕوونە و بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر ئەندازیارەکەی بڕوات، ئەویش تیمی ڕێدبوڵ بەجێدەهێڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 'بی بی سی'، جانپیێرۆ لامپیازیی ئەندازیاری پێشبڕکێکان لە تیمی ڕێدبوڵ نزیکبووەتەوە لەوەی تیمەکە بەجێبهێڵێت و لەگەڵ یەکێک لە تیمە ڕکابەرەکان کە تیمی ماکلارێنە دەستبەکار بکات، ئەوەش نیگەرانیی ڤێرشتاپنی لێ کەوتووەتەوە، لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی دۆستانەی درێژخایەنی لەگەڵ ئەم ئەندازیارەدا هەیە و بە بەشێک لە سەرکەوتنەکانی لە قەڵەم دەدات.
سەرەڕای ئەوەی هیچکام لە دوو تیمەکە (ڕێدبوڵ و ماکلارێن) لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیان نەداوە، بەڵام "بی بی سی" جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەندازیارە ئیتاڵی-بەریتانییەکە زۆر نزیکە هەنگاوەکانی بکات بەفەرمی.
ڤێرشتاپن و لامپیازی ماوەی 10 ساڵە یەکدی دەناسن و بەیەکەوە کاردەکەن، بۆ دواجار لە 2024 نازناوی پاڵەوانی 'فۆرمولا 1'یان بەیەکەوە چنییەوە.
09/04/2026