فڕۆکەی ڕۆژی قیامەت

بۆینگ E-4B، فڕۆکەی ڕۆژی قیامەتە، وا ناوەکەی نراوە، لە ساڵی 1974 دەست بە درووستکردنی کراوە
بۆینگ E-4B، فڕۆکەی ڕۆژی قیامەتە، وا ناوەکەی نراوە، لە ساڵی 1974 دەست بە درووستکردنی کراوە

فڕۆکەی ڕۆژی قیامەت، ئەو فڕۆکەیەی بۆ هێرشی ئەتۆمیی و ڕووداوە گەورە مەترسیدارەکان درووستکراوە و نزیکەى حەوت ڕۆژ دەتوانێت بە بەردەوامی بە ئاسمانەوە بفڕێت، لە ڕێگەی فڕۆکەی سوتەمەنی هەڵگریشەوە، دەتوانێت هەر لەو ئاسمانە، سوتەمەنی وەربگرێت.

پنتاگۆنی فڕیوو

ئەم فڕۆکەیە وەک پنتاگۆنی فڕیو کار دەکات، بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاکان بتوانن لە کاتی لەناوچوونی بنکە زەمینییەکاندا، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان و چەکە ئەتۆمییەکان بکەن.

دەکرێتە سەرکردایەتی ناوەندیی بۆ جەنگ

فڕۆکەیەکی ئاسایی نییە، دەتوانێت ناوەندی سەرکردایەتی هەر جەنگ و ڕووداوێکی گەورەبێت، ئەمریکا، 52 ساڵ پێش ئێستا بیری لە درووستکردنی کردووەتەوە.

خاوەنی چوار بزوێنەرە

چوار بزوێنەری هەیە، بەجۆرێک دیزان کراوە، کە دەتوانێت پەیوەندی بە زەوییەوە بکات لەهەر شوێنێک بێت. 67 ئەنتێنی هەیە بۆ پەیوەندیکردن.

توانای فڕین

لە هەر کاتێکدا بێت و لەهەر دۆخێکدا بێت، توانای فڕینی هەیە، تەنانەت لەکاتی جەنگی ئەتۆمیشدا.

کەی دروستکراوە

بۆینگ E-4B، فڕۆکەی ڕۆژی قیامەتە، وا ناوەکەی نراوە، لە ساڵی 1974 دەست بە درووستکردنی کراوە، ئەوکات بیر لەوە کراوەتەوە، ئەگەر ئەمریکا، نەتوانێت لەسەر زەویی فەرماندەیی جەنگێکی مەترسیدار یان ڕووداوێک بکات، ئەوا لە ئاسمانەوە ئەو کارە دەکەن. نرخی فڕۆکەکە 223 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

تواناکانی فڕۆکەکە

توانای ئاڕاستەکردنی مووشەکی هەیە، ڕووبەڕووی کارتێکەرە موگناتیسییەکان دەبێتەوە، بەرگری لە هێرشی ئەلیکترۆنی دەکات، لە سەروو هەموویانەوە، بەرپەرچی هێرشی ئەتۆمی دەگرێت، بە کوردی و کورتی، لە هیچ فڕۆکەیەکی دیکە ناچێت.

کار و ئەرکی نهۆمی سەرەوە

نهۆمی سەرەکی دابەشکراوە بۆ شەش ناوچەی کارکردن، لەوانە شوێنی کاری فەرماندەیی، ژووری کۆنفرانس، نهۆمی ئۆپراسیۆنەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و شوێنی حەوانەوە.

توانای هەڵگرتنی چەند تۆنی هەیە؟

هەر فڕۆکەیەکی E-4B زۆرترین کێشی فڕینی نزیکەی 360 هەزار کیلۆگرامە، دەتوانێت نزیکەی 12 کاتژمێر بەبێ سووتەمەنی وەرگرتنەوە بفڕێت، و بەرزایی فڕینەکەشی دەگاتە سەروو 30 هەزار پێ (نزیکەی 9091 مەتر).

تەنها یەکجار چالاککراوە

فڕۆکەی E-4B تەنیا یەکجار لە بارودۆخی فریاگوزاریی ڕاستەقینەدا چالاک کراوە، ئەویش لە دوای هێرشەکانی 11ـى سێپتەمبەری 2001 بوو، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی کارەکانی حکومەت.

لە ئێستادا چوار دانە E-4B لە خزمەتدان. هەمیشە لانیکەم یەک فڕۆکەیان لە حاڵەتی ئامادەباشی بەردەوامدایە.