هێرشەکانی ئێران کاریگەرییان لە سەر هەناردەی نەوتی سعودیە هەبووە

بە ئامانجگرتنى کۆگایەکى نەوتى خاو لە جەدەى سعودیە لەلایەن ئێرانەوە
بە ئامانجگرتنى کۆگایەکى نەوتى خاو لە جەدەى سعودیە لەلایەن ئێرانەوە

ئاژانسی هەواڵی سعودیە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران، چەندین دامەزراوەی وزە لە سەرانسەری وڵاتەکە کاریان ڕاگیراوە، لەوانە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، گواستنەوە و پاڵاوتن و دامەزراوە پترۆکیمیاییەکان و کەرتی کارەبا لە ڕیاز و ناوچەی شەرقییە و و شاری پیشەسازیی یەنبوع.

600 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە کەمیکردووە

ئاژانسی هەواڵی سعودیە لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی وزەی وڵاتەکەوە ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا دامەزراوە گرنگەکانی وزەی سعودیە ڕووبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە، لە ئەنجام دا کارکردن لە دامەزراوە سەرەکییەکانی وزەی وڵاتەکە پەکیان کەوتووە و توانای بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.

تواناى 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێک دا

ئەمە جگە لە کەمبوونەوەی ڕۆژانەی 700 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێک دا لە پاڵاوگەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، کە پێش داخستنی گەرووی هورمز، لە ڕێگەی بۆرییەکەوە دەگوێزرایەوە، کە ڕۆژانە توانای گواستنەوەی حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەبووە.

بە ئامانجگرتنى نەوتى مەنیفە

هەروەها بەهۆی بە ئامانجگرتنیەوە لە لایەن ئێرانەوە، وێستگەی نەوتی مەنیفە، بەرهەمەکەی ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت کەمی کردووە.

پاڵاوگەکانیش بێبەش نەبوون

بە گوێرەی ئاژانسە فەرمییەکەی سعودیە، هێرشەکان دامەزراوە گەورەکانی پاڵاوتنی نەوتیشیان گرتووەتەوە، لەوانە دامەزراوەکانی ساتۆرپ لە جوبەیڵ، پاڵاوگەی ڕەئس تەنورە، پاڵاوگەی سامرف لە یەنبوع و پاڵاوگەی ڕیاز، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەناردەی بەرهەمە سرووشتییەکانی وڵاتەکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان، لەکاتێکدا پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد.