فیوری: هێشتا من باشترینی کێشی سەرو قورسم و مەحموودۆڤ دەبێتە قوربانی

تایسۆن فیوری، پاڵەوانی پێشووی  بۆکسێنی جیهان، دووپاتی دەکاتەوە، هێشتا هێشتا پاڵەوانی ژمارە یەکە و لە کێشی قورسدا هەمووان هەوڵی بەزاندنی دەدەن.

ئەم لێدوانانەی فیوری لە کاتێکدایە کە خۆی ئامادە دەکات ڕۆژی شەممە بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی بۆکسێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەرسلانبێک مەحموودۆڤ.

فیوری، کە بە سەرکێشییەکانی ناسراوە، شەممەی داهاتوو لە یاریگای تۆتنهام هۆتسپێرز دەگەڕێتەوە ناو حەلەبەکانی بۆکسێن و بەڵێنی بە هاندەرانی دەدات، بە لێدانی تەکنیکیی  یەکلاکەرەوە (KO) سەرکەوتن بەسەر ئەو ڕکابەرە ڕووسیەدا بەدەستبهێنێت، کە بە "زۆرانبازی ورچ" ناسراوە.

هەڕەشە و پەیامی توند

فیووری لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، "سەری مەحموودۆڤ لە جەستەی جیادەکەمەوە، چونکە من وەک لپگۆی تۆتنهام وام، وەک ئەو کەڵەشێرەم کە لە لوتکەی یاریگای تۆتنهام دانراوە، ئەویش ئەو پیاوە دەبێت کە بە بێهۆشی لەسەر زەوی دەکەوێت."

ئامادەکاری و گەڕانەوە لە وازهێنان

بۆکسێنەرە تەمەن 37 ساڵەکە، 16 هەفتەی ڕابردووی لە کەمپێکی مەشقیی چڕوپڕ لە تایلەند بەسەر بردووە، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی بۆ پێنجەم جار لە کاروانی وەرزشیدا لە وازهێنان گەڕاوەتەوە، بەڵام هەست دەکات لە لوتکەی ئاستی جەستەیی و هونەریی خۆیدایە.

فیوری لە دوای دۆڕانەکەی بە بڕیاری ناوبژیوانان بەرامبەر ئۆلێکساندەر ئۆسیک لە کانوونی یەکەمی 2024، هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە هێشتا جەمسەری سەرەکیی بوارەکەیە و دەڵێت، "بەڕاستی بەزەیم بە مەحموودۆڤدا دێتەوە، چونکە دەبێت بەرەوڕووی منێک ببێتەوە کە هیچ پێکانێکی نییە و لەوپەڕی ئامادەباشیدایە."

ئایندەی پشتێنەکان

فیووری پەیامێکی توندیشی ئاڕاستەی پاڵەوانە گەنجەکانی ئێستا دەکات و دەڵێت، "زوو بێت یان درەنگ، ئەوانەی ناوی پاڵەوانیان لە خۆیان ناوە دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ڕووبەڕووم ببنەوە، هەموو ئەوانەی پشتێنەکانیان لایە لێم دەپاڕێنەوە و لەسەر چۆک دەکەون و تکام لێ دەکەن شەڕیان لەگەڵ بکەم."

پەخشی ڕاستەوخۆ و بایەخی بازرگانی

بڕیارە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە شێوەیەکی تایبەت لە پلاتفۆرمی جیهانیی "نێتفلێکس" پەخش بکرێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ناوی فیوری هێشتا بۆ کۆمپانیا گەورەکان جەمسەرگیرییەکی بازرگانیی بەهێزە.