خەتیب زادە: پێویستە پێش تێپەڕبوونى هەرکەشتییەک هەماهەنگى لەگەڵ سوپاى ئێران بکەن

سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران
سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران

سەعید خەتیب زادە، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، گەرووى هوورمز کراوەیە و دانەخراوە، بەڵام بۆ تێپەڕبوون پێیدا پێویستە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانى ئێران بکرێت، بۆ ئەوەى پارێزراوبن.

پێویستی بە هەماهەنگی بۆ تێپەڕبوون

لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵى جەزیرەى ئینگلیزى، سەعید خەتیب زادە، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران دەڵێت، تێپەڕبوون بە گەرووى هوورمز پێویستى بە هەماهەنگى تەکنیکى هەیە بەهۆى بارودۆخى سەربازى.

مەرجی تێپەڕینی کەشتییەکان

لەوەڵامى ئەوەى ئایە کەشتییە ئەمریکیەکانیش دەتوانن بەگەرووەکەدا تێپەڕن؟، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران دەڵێت، هیچ جیاوازى نییە هەموو کەشتییەک بەوانەى ئەمریکاشەوە دەتوانن هاتووچۆبکەن، بەمەرجێک هەڵسوکەوتى خراپ و دوژمنکارانە نەکەن.

هۆکاری ڕێکارەکانی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز

بەگوتەى خەتیب زادە ئەم ڕێکارانە، بۆ ئەوەیە، کە ئاسایشى دوورگەکە بپارێزرێت، چونکە گەرووەکە تەنگ و باریکە و دۆخى ئەمنیش بەهۆى جەنگەوە نالەبارە، بۆیە هەرکەستییەک کە دەیەوێت هاتووچۆ بکات، پێویستە پەیوەندى بە سوپاوە بکات.

ڕێکارەکانی سەردەمی جەنگ

لەگەڵ ئەوەشدا خەتیب زادە گوتى، لەماوەى جەنگدا هەندێک ڕێکار گیراونەتەبەر بۆیە ئەم پلانەیان داناوە بۆ ڕێکخستنەوەى هاتووچۆى کەشتییەکان لە گەرووى هوورمز.