توێژینەوەیەک: مەترسیی تووشبوون بە گرفتی بێخەوی لە خانماندا زیاترە

وێنەی خانمێک گرفتی بێخەوی هەیە
وێنەی خانمێک گرفتی بێخەوی هەیە

گرفتی بێخەوی چییە؟

بێخەوی یەکێکە لە گرفتە باوەکانی نووستن، تێدا کەسەکە بە زەحمەت دەتوانێت بنووێت، ئەگەر بشنووێت زۆر بەئاسانی بەئاگا دێتەوە و ناتوانێت دووبارە بنووێتەوە، ئەو کەسانەی گرفتی بێخەوییان هەیە، بەردەوام هەست بە ماندوویی دەکەن، ئەم بێخەویەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی کەسەکە دروست دەکات، کەسێکی ئاسایی پێویستە شەوانە حەوت بۆ نۆ کاتژمێر بنووێت.

نیشانەکانی بوونی گرفتی بێخەوی چین؟

  1. کەسەکە شەوان بە زەحمەت دەتوانێت بنوێت
  2. کەسەکە لەکاتی نووستندا زوو زوو بەئاگا دێتەوە
  3. کەسەکە لە ڕۆژدا هەست بە ماندوویی بەردەوام دەکات
  4. هەستکردن بە خەمۆکی
  5. کەمیی سەرنج
  6. کەسەکە بەردەوام بیر لە نووستن دەکاتەوە

هۆکارەکانی تووشبوون بە گرفتی بێخەوی چین؟

  1. بوونی فشاری دەروونی
  2. تێکچوونی شێواز و کاتی نووستن لە کاتی گەشتکردن
  3. نەبوونی شێوازێکی تایبەت بە نووستن، واتە کەسەکە لە چەند کاتێکی جیاوازدا بنووێت
  4. نان خواردن لە درەنگانی شەودا
  5. بوونی نەخۆشییە دەروونییەکان
  6. بەکارهێنانی هەندێک دەرمان
  7. خواردنەوە کحولییەکان و ئەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندن بە کافاین
  8. ڕەگەز(مەترسیی تووشبوون بە گرفتی بێخەوی لە خانماندا زیاترە
  9. هەڵکشانی تەمەن

هۆکارە خۆپارێزییەکان بۆ تووشنەبوون بە گرفتی بێخەوی چین؟

  1. کاتێکی دیاریکراو بۆ نووستن و بەئاگابوونەوە لە نووستن دیاریبکرێت
  2. ڕۆژانە کەسەکە چالاک بێت، ئەمە وادەکات شەوانە کەسەکە زووتر بتوانێت بنووێت
  3. ڕۆژانە کەمتر کەسەکە سەرخەو بشکێنێت
  4. دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان و ئەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندن بە کافاین
  5. شەوانە ژەمە خواردنی گەورە نەخورێت
  6. جێگای نووستن ئاسودەبەخش بێت
  7. شەوان پێش خەوتن کەسەکە بخوێنێتەوە یان گوێ لە میوزیکێکی خاو بگرێت