لالیگا یاخود شانۆگەریی ناوبژیوانان؟

بەڕاستی ئەوەی لە خولی ئیسپانیا دەگوزەرێت کارەساتە، لەبری ئەوەی چێژ لە تۆپی پێ و ڕکابەریی یانەکان وەربگرین، هەموو هەفتەیەک باس و خواسی سەرەکی، دەبێتە باسی هەڵە بێمانا و زەقەکانی ناوبژیوانان.

"نزیکە لە لەکەداریی"

ئاستی ناوبژیوانیی لە ئیسپانیا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژووی خۆی، بڕیارەکان هێندە سەیر و پڕ لە کێشەن، خەریکە ناوی "لالیگا" وەک یەكێك لە بەهێزترین پێنج خولە گەورەكەی ئەورووپا، لە لەکەدار دەکەن.

 کاتێک تەکنەلۆژیای (VAR) هەیە بۆ دەستنیشانكردنی وردترین هەڵە، بەڵام هەڵەی وا دەبینین، هـــاندەر گومان لە بێلایەنی و لێهاتووییان دەکات، پێموابێت كاتی ئەوە هاتووە فیدراسیۆنی ئیسپانیا چارەسەرێکی ڕیشەیی بکات، چونکە بەم شێوەیە بڕوات چێژی یەكێك لە بەهێزترین و پڕ چێژترین خول ناهێڵن.

"پەڵەیەکى ڕەشە"

ئاستی ناوبژیوانانی ئیسپانیا نەک هەر خراپە، بەڵکو بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی لالیگا و فیدراسیۆنەكەوە، ئەو هەڵە زەقانەی دەیکەن نەک هەر ئەنجامی یارییەکان دەگۆڕێت، بەڵکو وایکردووە خولەکە لەبەر چاوی بینەر و هاندەرانی تۆپی پێ ناشرین بكەن.

تۆپی پێ دادپەروەری دەوێت، نەک بڕیاری هەڕەمەکی و بێ بنەما، دەڵێن لالیگا خولی ئەستێرەکانە و دوو یانە تۆقێنەرەكەی جیهانی لەخۆ گرتووە ، بەڵام پێدەچێت خولی "هەڵە بکوژەکان" بێت!  ئەوەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەیکەن، زۆر كـــەمتر لە خولە ئاست مامناوەندەكانیش دەبینرێت، لە هەموو جیهان و خولەكاندا بەرەو پێشچوونی گرنگ بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ئیسپانیا و لـــالیگا هەموو هەفتەیەک بە بڕیارە سەیرەکانیان سەرساممان دەکەن

. بەردەوامبوون لەسەر ئەم ئاستە نزمە، لالیگا لە باشترین خولی جیهانەوە دەکاتە نزمترین خول لە ڕووی کوالێتی بەڕێوەبردنەوە.

"مۆندیال باشترین بەڵگەیە"

بەڵگە بۆ قسەکانمان، کە ناوبژیوانانى لالیگا خراپترین ناوبژیوانن لە ئەورووپا، ئەوەیە کە فیدراسیۆنى تۆپى پێی جیهان لیستى ناوبژیوانانى مۆندیالى بڵاوکردووەتەوە و هیچ ناوبژیوانێکى ئیسپانی تێدا نیە، کە لە ڕابردوودا ئەو وڵاتە چەندین ناوبژیوانى گەورە و مەزنى تێدا بووە و یارییە هەستیارەکانیان بەڕێوە بردووە، ئەوەى فیفا بەرامبەر ناوبژیوانانى ئیسپانیا ئەنجامیداوە، ئەگەر بەرپرسانى ئەو وڵاتە یەک تۆز هەستیان هەبێت، دەبێت بیکەنە وانەیەک بۆ خۆیان و فریا بکەون ئاستى ناوبژیوانەکیان چاک بکەن، بە پێچەوانەوە ڕوویان نایەت مێژووى خۆیان بخوێننەوە لە داهاتوودا.

نووسینى: سەرخێل شێخ مەهدی