لە مام جەلالەوە تا نزار ئامێدی؛ چۆن یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماری کردە خزمەتکاری خەڵک؟

لەسەروبەندی گۆڕانکاریی لە لوتکەی دەسەڵاتی عێراق، نزار ئامێدی وەک پێنجەمین سەرۆککۆماری کورد و نوێنەری ناوچەی بادینان دەستبەکار دەبێت، کە توانیویەتی ژمارەیەکی پێوانەیی لە دەنگەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

سەردەمی مام جەلال و بەرزبوونەوەی پێگەی عێراق

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، کورد ڕۆڵێکی سەرەکی لە بنیاتنانەوەی عێراق گێڕا. لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆککۆماری کورد پۆستەکە وەربگرێت. مام جەلال لە 7ـی نیسانی 2005 دەستبەکاربوو و تاوەکو 24ـی تەمووزی 2014 بۆ دوو خول لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا بە "سەمامی ئەمانی عێراق" دەناسرا و پێگەی نێودەوڵەتی عێراقی بەرزکردەوە.

فوئاد مەعسووم و تێپەڕاندنی سنوورە ناوچەییەکان

دوای مام جەلال، دکتۆر فوئاد مەعسووم لە ساڵی 2014 وەک دووەم سەرۆککۆماری کورد متمانەی پێبەخشرا. مەعسووم کە لە دایکبووی شاری کۆیەیە و خێزانەکەی لە هەورامانەوە چووبوونە ئەو شارە، بووە نیشانەی ئەوەی کە یەکێتی لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا هەموو هەرێمی کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکات و پۆستەکەی بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو قۆرخ نەکردووە.

بەرهەم ساڵح؛ خوێندکارەکەی مام جەلال لە سەرۆکایەتیدا

لە ساڵی 2018 تاوەکو 2022، دکتۆر بەرهەم ساڵح کە لە دایکبووی سلێمانییە، پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرت. بەرهەم ساڵح وەک کەسایەتییەکی بەهێز و خاوەن ئەزموون ناسراو بوو، کە زۆرجار وەک خوێندکاری قوتابخانە سیاسییەکەی مام جەلال وەسف دەکرا و توانی سوود لەو ئەزموونانە وەربگرێت بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەکە.

لەتیف ڕەشید و گرنگیی پسپۆڕی لە دەسەڵاتدا

لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2022، دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید وەک سەرۆککۆمار دیاریکرا. ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی مانچستەر (ساڵی 1978) و پێشتر وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بووە. دیاریکردنی ئەو بۆ ئەم پۆستە بۆ چەسپاندنی ئەو ئایدیایە بوو کە کەسایەتییەکان گرنگی بە پۆستەکە دەدەن.

نزار ئامێدی؛ نوێنەری بادینان و "خوێنی نوێ" لە بەغداد

ئێستا نزار محەممەد سەعید، ناسراو بە نزار ئامێدی، وەک کەسایەتییەکی نوێ لە ناوچەی بادینانەوە بووەتە سەرۆککۆمار. ئامێدی لە ساڵی 1968 لە قەزای ئامێدی لە دایکبووە و دەرچووی ئەندازیاری میکانیکییە لە زانکۆی موسڵ. ناوبراو خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە، لەوانە:

لە ساڵی 1993 تا 2003 لە نووسینگەی سکرتێری گشتی یەکێتی کاری کردووە.

لە ساڵی 2005 تا 2022 ڕاوێژکاری سێ سەرۆککۆماری عێراق بووە.

لە ساڵی 2022 تا 2024 وەزیری ژینگەی عێراق بووە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە لە بەغداد.

نزار ئامێدی؛ خاوەنی بەرزترین ڕێژەی دەنگ لە مێژووی پەرلەماندا

لە دوای جەنابی مام جەلال، نزار ئامێدی توانیویەتی زۆرترین دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش نیشانەی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی یەکێتییە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. بەراوردی دەنگەکان بەم شێوەیەیە:

نزار ئامێدی: 227 دەنگ.

بەرهەم ساڵح: 219 دەنگ.

فوئاد مەعسووم: 211 دەنگ.

لەتیف ڕەشید: 162 دەنگ.