تەندروستیی جیهانی: دەتوانرێت لە ڕێگەی پێکەوتە و پشکنینی پێشوەختەوە ڕێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بکرێت
شێرپەنجەی ملی منداڵدان چییە؟
شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە شێوەیەکی هێواش لە خانەکانی ملی منداڵدانەوە سەرهەڵدەدات، شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە قۆناغەکانی سەرەتادا نیشانەیەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام دەتوانرێت بە ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە شێرپەنجەکە دەستنیشان بکرێت، ئەگەر لە ئەنجامەکاندا دەرکەوت خانەکانی ملی منداڵدان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەوا وەرگرتنی چارەسەری پێویست سوودبەخش دەبێت.
جۆرەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان چین؟

دوو جۆری سەرەکی شێرپەنجەی ملی منداڵدان هەیە، باوترینییان بریتییە لە: شێرپەنجەی squamous cell carcinoma، ئەم شێرپەنجەیە لەو خانانەوە سەرهەڵدەدات کە ڕووپۆشی دەرەوەی ملی منداڵدانیان کردووە، جۆرەکەی دیکە بریتییە لە: adenocarcinoma، ئەم جۆری شێرپەنجەیە لەو خانانەوە سەرهەڵدەدات لە ناوپۆشی جۆگەی ملی منداڵدانیان کردووە(بەشی ناوەوەی ملی منداڵدان).
نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان چین؟

- خوێنبەربوونێک کە پێشتر خانمەکە نەیبووە
- بوونی دەردراو لە کۆئەندامی زاوزێی خانمەکە، پێشتر نەیبووە
- بوونی ئازار لە ناوچەی حەوزی خانمەکە
شێرپەنجەی ملی منداڵدان چۆن چارەسەر دەکرێت؟

چەند جۆرێکی جیاوازی چارەسەری شێرپەنجەی ملی منداڵدان هەن لەوانە:
- نەشتەرگەری
- چارەسەری تیشک
- چارەسەری کیمیایی
- چارەسەری سیستمی بەرگری
جۆری چارەسەرەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان پشتدەبەستێت بە:
- قۆناغی شێرپەنجەکە
- قەبارەی گرێکانی شێرپەنجەکە
- بارودۆخی گشتی تەندروستیی خانمەکە
- ئایا خانمەکە دەیەوێت لە داهاتوودا دووگیان ببێتەوە
- ئایا خانمەکە گەیشتووەتە قۆناغی لێچوونەوە لە سوڕی مانگانە
12/04/2026