چیرۆکی ملیارەها دۆلاری بلۆککراوی ئێران لەنێوان سزاکانی ئەمریکا و دانوستانە نهێنییەکاندا

بڕێک لە یەدەگی دۆلار لە کۆگای یەکێک لە بانکەکاندا
بڕێک لە یەدەگی دۆلار لە کۆگای یەکێک لە بانکەکاندا

ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانى ئێران، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی نێو دانوستانی واشنتن و تاران. ئێران زیاتر لە 100 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراویی هەیە و لە مێژوودا چەند جارێک پارەى بلۆککراوی ئێران ئازاد کراوە و مێژووی بلۆککردنی سامانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979.

بڕی پارە بلۆکراوەکانی ئێران

تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی ڕوون نییە بڕی پارەکە چەندە، بەڵام زیاتر لە دەیان سەرچاوە باس لە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار یان زیاتر لە 86 ملیار یۆرۆ دەکەن.

بۆچی پارەی ئێران لە دەرەوەیە؟

لە بنەڕەتدا ئەو پارانەی ئێران لە پای فرۆشی نەوت، پێدانی قەرز بە وڵاتان، پارەی دانراو لە بانکەکان بۆ پاڵپشتی دراو و چەند هۆکارێکی دیکە لە وڵاتانی دەرەوە دانراون، کە لە کاتی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سیاسەتی تاران بلۆککراون.

ئازادکردنی پارەبلۆکراوەکان و هەڵاوسان

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئێران لە ئەمریکا ئازادکردنی پارە بلۆکراوەکانە، کە ئازادکردنیان دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی ڕیاڵی ئێرانی کە بەر لە هەڵگیرساندنی جەنگ گەیشتووەتە هەرە نزمترین ئاستی لە مێژوویدا، بەجۆرێک 100 دۆلار دابەزینی بەرامبەر بە زیاتر لە 17 ملیۆن تمەن بینیوە، ئەمەش وایکردووە ڕێژەی هەڵاوسان بەرز ببێتەوە و هەر ئەم هەڵاوسانە پشێویی و ناڕەزایەتی دانیشتووانەکەی لێبکەوێتەوە.

دۆخی ئابووریی ئێران پێش جەنگ

پێش ئەوەی جەنگەکە هەڵگیرسێت، ئێران لە لە دۆخێکی نائاسایی ئابووری بوو، ناوەندی ئاماری ئێران لە مانگی شوباتدا هەڵاوسانی ساڵی لە 68.1% ڕاگەیاند، کە بەرزترین ئاستە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی ئێران ڕێژەی کەمێک کەمتری بە 62.2%ـی ڕاگەیاند.

دابەزینی ئەم ڕێژە بەرزە و ئاساییکردنەوەی ژیانی هاوڵاتییانی ئێرانی پێویستی بە ئازادکردنی پارە بلۆکراوەکانە.

چەند جارێک پارەی ئێران بلۆککراوی ئێران ئازاد کراوە

یەکەمجار نییە ئێران داوای ئازادکردنی پارەی بلۆککراوی بکات و یەکەمجاریش نابێت کە پارەکانیان ئازادبکرێت، بەجۆرێک ڕووداوی هاوشێوە لە ساڵی 2015دا ڕوویدا، لەو ساڵەدا لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕووسیا گەیشتە ڕێککەوتنێکی کاتیی ئەتۆمی، بەمەش ڕێگەی پێدرا 4.2 ملیار دۆلار (3.6 ملیار یۆرۆ) داهاتی نەوتی لە دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە وڵاتەکەی.

ساڵی 2015

هەروەها لەساڵی 2015دا تاران ڕەزامەندی پشاندا بۆ کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕێگە بە چاودێرانی بیانی دا کە پشکنینی شوێنە ئەتۆمییەکانی بکات و لە بەرامبەردا 100 ملیار دۆلاری ئازاد بکرێت.

ساڵی 2018

بەڵام لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزا بەرفراوانەکانی ئەمریکای سەپاندەوە، ئەمەش بەشێوەیەکی کاریگەر سەروەت و سامانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات بلۆککردەوە.

کام وڵاتان خاوەنی سەروەت و سامانی ئێرانن؟

ڕاپۆرتەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا باس لەوە دەکەن، یەدەگی بەرچاوی ئێران لە کۆریای باشوور و ژاپۆن هەڵگیراوە کە لە مێژوودا کڕیاری سەرەکی هەناردەی نەوتی ئێرانن. بەگوێرەی تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی ئەمریکا، کڕیارانی نەوت مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ ئێران لە وڵاتانی وەک سێنگاپوور و ئیمارات، چین، ئەڵمانیا، هیندستان و تورکیا بەڕێوەدەبات.

قەرزی ئێران بە بانکە ئەمریکییەکان

ئێران نزیکەی 3.7 ملیار دۆلار (3.1 ملیار یۆرۆ) قەرزی بە بانکە ئەمریکییەکان داوە، لەگەڵ 1.4 ملیار دۆلاری دیکە (1.19 ملیار یۆرۆ) لە لاهای بۆ یەکلاییکردنەوەی داواکارییە بازرگانییە نەدراوەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 2.9 ملیار دۆلار (2.48 ملیار یۆرۆ) بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە بۆ تاران.

پارەکەی کۆریای باشوور

دوایین گواستنەوەی سەروەت و سامانی ئێران بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ئەیلولی 2023دا بوو، کاتێک نزیکەی 6 ملیار دۆلار (5.1 ملیار یۆرۆ) لە داهاتی نەوتی ئێران، کە لە ساڵی 2019ـەوە لە بانکەکانی کۆریای باشوور بەسترا بوو، گواسترایەوە بۆ هەژمارە بانکییەکانی لە قەتەڕ، لەبەرامبەر ئازادکردنی چەند زیندانییەک، بەڵام ئەوەی دۆخەی تێکدا دەنگۆی تێوەگلانی ئێران بوو لە دابینکردنی پارەی بودجەی شەڕی حەماس دژی ئیسرائیل، بەمەش جارێکی دیکە پارەکان بلۆککرانەوە.

گومان لەسەر بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکان

بەگشتیی مێژووی بلۆککردنی سەروەت وسامانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979، هەر جارێک باس لە ئازادکردنی سامانەکانی کراوەتەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تووندی ڕەخنەیان گرتووە، بە گومانی ئەوەی تاران ئەو پارانە بۆ بەهێزکردنی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتان و بەرنامەى ئەتۆم و کڕینی چەک تەرخان دەکات.