هەڵۆ عەسکەرى: سەنتەرى نیشتمانی بۆ کوالێتى هەوا لە عێراق دامەزرێندرا

هەڵۆ مستەفا عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق
هەڵۆ مستەفا عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق

هەڵۆ عەسکەرى، وەزیرى ژینگەى عێراق ڕایگەیاند، سەنتەرى نیشتمانیان بۆ کوالێتى هەوا دامەزراندووەو سەرەتا لە پارێزگاى بەغداد و پاشان پارێزگاکانى دیکەش بە هەرێمى کوردستانەوە دەگرێتەوە.

عێراق زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکاری کەشوهەوای لەسەرە

وەزیرى ژینگەى عێراق بەکەناڵ8ـى ڕاشیگەیاند، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، لەم دیدەشەوە وەزارەت توانی بۆ یەکەمجار ناوەندێکی نیشتمانی دابمەزرێنێت، بۆ چاودێریی کوالێتی هەوا.

 قۆناغی یەکەم

قۆناغی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی وێستگەکان بۆ چاودێریی و کۆنترۆڵکردنی هەوای بەغداد.

شوێنی سەنتەری نیشتمانیی بۆ کوالیتی هەوا

سەنتەرى نیشتمانی بۆ کوالێتى هەوا لە ناوچەی وەزیریە لە بەغدای پایتەخت دامەزراوە بە هاوکاری زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانی عێراق، ئەمەش ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ژینگەیی و توێژینەوەکاندا لەبارەى پیسبوون و پاککردنەوەى هەواى پایتەخت. 

لەسەرجەم پارێزگاکان بنیات دەنرێت

هاوکات، ئەوەشى ڕوونکردەوە، سەنتەرى نیشتمانیی بۆ کوالێتى هەوا سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.

عێراق زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی گەشوهەوای لەسەرە

عێراق لە ئاستی جیهانیدا وەک یەکێک لەو پێنج وڵاتە پۆلێن دەکرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، چونکە ڕووبەڕووی مەترسیی تێکچوونی ژینگەیی توند و کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بیابانبوون دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئاو دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بەرفراوانی ناوخۆ بەتایبەتی لە باشوور و کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانى لێبکەوێتەوە بەهۆى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا.