ترەمپ خامنەیی و خومەینی تێکەڵاو دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فۆتۆ: AFP

وەک هەمیشە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لەسەر هەڵەکانی لەڕووی زانیارییەوە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز، ئەمجارە تەنانەت هەڵەکەشی ڕاست نەکردۆتەوە و ناوی ڕابەری پێشووی ئێرانی بە هەڵە نووسیووە.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت، گورزی زۆر بەهێزمان لە ئێران داوە، هێزی ئاسمانیی و دەریاییان نەماوە، دژە درۆن و ڕادارەکانیان بێکەڵکن و زۆرینەی سەرکردەکانیان لەجیاتی ئەوەی بڵێت خامنەیی، دەڵێت خومەینی گیانیان لەدەستداوە.

رێبەری نوێی ئێران

ئەمە لەکاتێکدا ئەو ڕێبەرەی ئێران کە لە ئەنجامی هێرشەکانی یەکەم ڕۆژی ئیسرائیل و ئەمریکادا بۆ سەر وڵاتەکە کوژرا، عەلی خامنەییە و ڕێبەری ئێستای وڵاتەکەش موجتەبا خامنەییە.

کۆچی دوایی خومەینی

باسکردن لە خومەینی لەجیاتی خامنەیی لە کاتێکدایە، خومەینی یەکەم ڕێبەری ئێران بوو، زیاتر لە 37 ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 1989دا بەهۆی نەخۆشی کۆچی دواییکردووە.

هەڵە لە ڕێنووس و زانیارییە بنەڕەتییەکان

بەهۆی ئەوەی کە خودی خۆی پەیام و ڕاگەیێنراوەکانی دەنووسێت و لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە، ترەمپ ڕۆژانە چەندین پەیامی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە، زۆرکات هەڵەی ڕێنووسی و زانیاریی لە پۆستەکانیدا هەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە ئەمجارە بە بای خەیاڵیدا نەهاتووە و هەڵەکەی وەک خۆی ماوەتەوە و ڕاستی نەکردووەتەوە.