لە غانا هێرشى چەکدارى کرا و یاریزانێک کوژرا

لە هێرشێکى چەکداریدا، دۆمینیک فرمیپۆنگى غانایی و یاریزانى یانەى بیریکۆى چێڵسى کوژرا، حکومەتى غاناش ڕاگەیاندراوێکى لەسەر ئەو ڕووداوە بڵاو کردەوە.

فیدراسیۆنى تۆپى پێی غانا، ئاشکراى کردووە، لە کاتى گەڕانەوەى شاندى یانەى بیریکۆم چێڵسیى غانایی بۆ خاکى وڵاتەکە، لە لایەن چەند چەکدارێکەوە هێرش کراوەتە سەر پاسى تایبەت بە یانەکە و شەڕە تەقە دروست بووە، لە ئەنجامیشدا دۆمینیک فریمپۆنگ گیانى لەدەست داوە.

یانەى بیریکۆمیش بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتاى هێرشەکەدا، چەکدارەکان بە دەمانچە تەقەیان کردووە،  شۆفێرى پاسەکەش ویستوویەتى بگەڕێتەوە، بەڵام دواتر هێرشەکان چڕ بوونەتەوە و لەو کاتەشدا فریمپۆرنگ راستەوخۆ کوژراوە.

لەلایەکى ترەوە، حکومەتى غانا، لە ڕاگەیاندراوێکى فەرمیدا، بە توندى ئیدانەى ئەو هێرشە و کوژرانى یاریزانە تەمەن 21 ساڵەکەى کرد و ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، چیتر ڕێگە نادەن ڕووداوى لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە.

ئاشکراشی کردووە، دڵنیایی بە یانەکانى غانا دەدەن کە لە کاتى گەشتەکانیاندا، گەرەنتى سەلامەتى ڕیگاکانیان بۆ دەکەن.

ئەوەش دووەم هێرشى چەکدارییە لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا کە دەکرێتە سەر یانەکانى غانا، پێشتر و لە ساڵى 2023 یانەى لیگۆن سیتیز کرایە ئامانج، بەڵام هیچ کوژراوێکى تێدا نەبوو، تەنها چەند یاریزانێک بریندار بوون.