سینەر بە نازناوی مۆنتی کارلۆوە گەڕایەوە بۆ لوتکەی جیهان

ئامادەکارییە بەهێزەکانی یانیک سینەر جارێکی دیکە بوونە کلیلی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتی تێنسی ماستەرزی مۆنتی کارلۆ، دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بەرامبەر بە کارلۆس ئەلکاراز سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەم سەرکەوتنەش پێگەی یەکەمی ڕیزبەندیی جیهانی گرتەوە.

دوای درەوشانەوەی لە پاڵەوانێتییەکانی ئیندیان وێڵز و مەیامی، چاوەڕوان دەکرا سینەر بە مەبەستی پشوودان لە مۆنتی کارلۆ بکشێتەوە، بەڵام ئەستێرە 24 ساڵە ئیتاڵییەکە بەردەوامی دایە زنجیرە سەرکەوتنەکانی و ئەو نازناوەشی چنییەوە.

دەستکەوتی دەگمەن

سینەر بە بردنەوەی لە ئەلکاراز بە ئەنجامی (7-6) و (6-3)، یەکەم نازناوی گەورەی لە یاریگای لمین چنییەوە، بەمەش بوو بە یەکەم یاریزان لە دوای نۆڤاک جۆکۆڤیچ (2015) کە بتوانێت سێ یەکەمین نازناوی ماستەرزی وەرز بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

سینەر بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "ئەوەی کردم هەرگیز کارێکی ئاسان نییە، بەڕاستی ئەنجامەکە بۆ خۆشم جێگەی سەرسوڕمانە."

تەکتیک و پەرەپێدانی تەکنیکی

بە پێچەوانەی پاڵەوانێتییەکەی مانگی ڕابردووی ئیندیان وێڵز کە جەختی لەسەر ئامادەسازی جەستەیی دەکردەوە، سینەر بۆ مۆنتی کارلۆ تەواوی سەرنجی خستبووە سەر لایەنی تەکتیکی و تەکنیکی، بە تایبەت پەرەپێدانی لێدانەکان و داڕشتنی پلان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕکابەرێک.

لەم بارەیەوە دەڵێت، "هەموو ڕۆژێک وەک ئەوە دەست پێ دەکەم کە یاریزانێکی نوێم و دەمەوێت نوێگەری لە خۆمدا بکەم، ئەم جارە ڕاهێنانەکان بۆ تێگەیشتن بوو لە ڕکابەرەکان، چونکە بەتەما نەبووم بەرامبەر هەموو ڕکابەرەکان بە یەک شێواز یاری بکەم."

پشوویەکی کورت و گەڕانەوە بۆ مەدرید

سینەر ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستی بە چەند ڕۆژێک دوورکەوتنەوە لە یاریگا هەیە بۆ ئەوەی پشوو بە جەستەی بدات، چاوەڕوانیش دەکرێت سینەر لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە مەدرید، یان لە سەرەتای مانگی ئایاردا لە ڕۆما بگەڕێتەوە نێو کێبڕکێکان.