مانچێستەر یونایتد چۆن کەلێنی "مایسترۆ" چارەسەر دەکات
لە کاتێکدا پڕۆسەی نوێکردنەوەی ژێرخان و پێکهاتەی مانچێستەر یونایتد هەنگاوی خێرا دەنێت، یەکێک لە کۆنترین قەیرانەکانی یانەکە جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە، ئەویش قەیرانی نەبوونی مایسترۆیەکی گونجاوە، کە لە پێگەی ژمارە شەشدا هەمان ڕۆڵی ئەفسانەکانی پێش خۆی ببینێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی "تێلیگراف"، ڕەگی ئەم گرفتە بۆ قۆناغی پێش ماڵئاوایی سێر ئەلێکس فێرگسۆن لە ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە و قەیرانەکە دەرهاویشتەی سەردەمی "دوای فێرگسۆن" نییە، بەڵکو لە ساڵانی کۆتایی ئەو ڕاهێنەرەدا سەریهەڵداوە، کاتێک یانەکە لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ پێگەی ڕۆی کین شکستی هێنا.
یەکێک لەو ئەستێرانەی بۆ ئەم پێگەیە ڕاسپێردرا مایکڵ کاریک بوو، کە ئێستا ڕاهێنەری یانەکەیە و بەشێکە لە پڕۆژەی نوێی سەردەمی سێر جیم ڕاتکلیف، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە ئەم ڕاهێنەرە بەهۆی ئەزموونی یاریکردنی لە پێگەی ژمارە شەشدا لە هەڵبژاردنی یاریزانانی داهاتووی هێڵی ناوەند، کاریگەریی دەبێت.
هەڵەی پلان
هەوڵەکانی یونایتد لەم ساڵانەی دواییدا بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، بە شێوازێکی هەڕەمەکی و بێسەروبەر بووە.
یانەکە لە نێوان کڕینی یاریزانانی خاوەن خەسڵەتی تەکنیکیی جیاواز و بێ ئامانجدا وێڵ بووە، جۆرێک لە تێنەگەیشتن و خوێندنەوەی هەڵە لە بنیادنانی هێڵی ناوەند دروست بووە، نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن لە دۆزینەوەی یاریزانێک کە توانای سەپاندنی هەژموون و ڕێکخستنی جوڵەی تیپی سەرەکیی هەبێت، کارگێڕیی و ڕاهێنەرانی یانەکە لەم هەوڵەدا دەستەوەستان بوون.
یونایتد لە ڕابردوودا لە هەوڵی کڕینی سێسک فابریگاسی ئیسپانییەوە چووە ناو هاوکێشەی گرێبەستکردن لەگەڵ مەروان فێلاینی، یان لە شکستی پڕۆژەی فرێنکی دی یۆنگەوە بازیان دا بۆ کڕینی کاسێمیرۆ، ئەم پاشەکشە و هەڵەخوێندنەوانەش، گوزارشتن لە نەبوونی فەلسەفەیەکی جێگیر لە پلانداناندا.
سەرکەوتوویی ڕکابەرەکان
لە بەرامبەر هەوڵە نەزۆکەکانی مانچێستەر یونایتد، ڕکابەرە سەرەکییەکان لە دۆزینەوە مایسترۆیەک، یان یاریزانی ژمارە شەشدا سەرکەوتوو بوون، بۆ نموونە، مانچێستەر سیتی سەرکەوتوو بوو لە هێنانی ڕۆدری، فابینۆ لە لیڤەرپوڵ (لە پێشوودا لیڤەرپووڵ ئەم هەنگاوەی نا).
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مێرکاتۆی هاوینە، ئیدارەی نوێی 'ڕێد دێڤڵز' درک بە قەبارەی ئەم گرفتە دەکەن، بەنیازن گۆڕانکاریی گەورە بکەن و چەند یاریزانێک بفرۆشن، لە بەرامبەردا چاودێرییان خستووەتە سەر چەندین ئەستێرەی پرێمەرلیگ، وەک ئادەم وارتۆن و ساندرۆ تۆنالی.
13/04/2026