چین: دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگیرێت

شی جین پینگ، سەرۆکی چین
شی جین پینگ، سەرۆکی چین

پاش شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، سەرۆکی چین داوای جێبەجێکردنی بێ مەرجی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ڕۆڵێکی بنیاتنەر دەگێڕێت بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی کەنداو

میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ خالید بن محەمەد بن زايد ئالنەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، داوای ڕێزگرتنی "تەواو"ی لە سەروەریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو کرد. ئەم داواکارییەی پەکین لە کاتێکدایە کە پاش شکستی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە پاکستان، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ چڕبوونەتەوە و ترسی وڵاتانیش لە دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە ئارادایە.

ڕەخنە لە بەکارهێنانی سەلەکتیڤی یاسا نێودەوڵەتییەکان

سەرۆکی چین ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی شکۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت بەو مانایە بێت کە تەنیا کاتێک سوودی بۆ وڵاتان هەبوو بەکاریبهێنن و کاتێکیش پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان بوو ڕەتی بکەنەوە و پێشێلی بکەن. شی جینپینگ جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی سەقامگیری.

ڕۆڵی چین وەک نێوەندگیرێکی بنیاتنەر

شی جینپینگ لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە دانوستانەکان کرد و ڕایگەیاند، پەکین ڕۆڵێکی بنیاتنەر دەگێڕێت لە برەودان بە دانوستانەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سەرۆکی چین بەڵێنیدا کە وڵاتەکەی لە بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی هات.