وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سعودیە فشار دەخاتە سەر واشنتن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی هوورمز
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کردووە کە ئێستا سعودیە فشارەکانی بۆ سەر ئەمریکا چڕکردووەتەوە بۆ دەستبەرداربوون لە گەمارۆدانی گەرووی هوورمز و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و دانوستانەکان، ئەمەش لەبەر ترسی ئەوەی داخستنی گەرووەکە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەکە و پەکخستنی ڕێڕەوە ستراتیجییەکانی کەشتیوانی.
نیگەرانیی وڵاتانی کەنداو
بە پرسانی وڵاتەکە عەرەبییەکە کە قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە باسیان لەوەکردووە، ئەم هەنگاوە نیشاندەری ئەو نیگەرانییانەیە کە وڵاتانی کەنداو لە لێکەوتەکانی داخستنی گەرووەکە هەیانە چونکە کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان دروستدەکات.
گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران
گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دوای نیوەڕۆی دووشەممە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی دانوستانەکانی کۆتایی هەفتە نەیانتوانی ئێران ڕازی بکەن بە کردنەوەی گەرووی هوورمز.
سعودیە هەناردەی نەوتەکەی ئاسایی کردووەتەوە
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، سعودیە لەم دواییانەدا توانیویەتیی هەناردەی نەوتەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ کە نزیکەی حەوت ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، سەرەڕای داخستنی گەرووە ستراتیجییەکە، ئەویش لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتەکەی بە ناو بیاباندا بەرەو دەریای سوور.
مەترسی لەسەر هەناردەی نەوتی سعودیە
بەڵام ئەم هەناردانە دەکەونە مەترسییەوە ئەگەر ڕێگەی دەرچوون لە دەریای سووریش دابخرێت، کە تێیدا حوسییەکانی یەمەن کۆنترۆڵی ڕێڕەوێکی درێژی کەناراوەکان دەکەن لە نزیک بابولمەندەب، کە لە زۆربەی کاتەکانی ماوەی جەنگی غەززەدا ئەو ڕێڕەوەیان بە شێوەیەکی بەرچاو داخستبوو.
سعودیە بەڵێنی لە حوسییەکان وەرگرتووە
بەرپرسانی کەرتی وزەی سعودیەش بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە، ڕیاز بەڵێنی لە حوسییەکان وەرگرتووە کە خۆی یان ئەو کەشتییانەی بە بابولمەندەبدا تێدەپەڕن نەیانکەنە ئامانج. بەڵام سعودیە بە ئەمریکای ڕاگەیاندووە، بارودۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و ڕەنگە حوسییەکان نیازی زیاتری تێوەگلانیان لە ململانێکان هەیە ئەگەر لەلایەن ئێرانەوە فشاری زیاتریان بخرێتە سەر.
حوسییەکان داوای باج دەکەن
بەپێی گوتەی بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی، ڕەنگە حوسییەکان دەست بکەن بە سەپاندنی باج لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان. هەرچەندە جەنگی ئێران قۆناغێکی نوێی لە ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی گەمارۆی سەر گەرووی هوورمزە لەلایەن ترەمپەوە، ئەوەش ئەو کارتە فشارەیە کە ئەمریکا دەیەوێت ئێران ناچار بە ڕێککەوتن بکات، دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد سەرکەوتوو نەبوون.
14/04/2026