فەڕەنسا و بەریتانیا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز ڕێکدەخەن
لە ڕاگەیەندراوێکی کۆشكی ئەلیزێ، فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆژی هەینی لە پاریسەوە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی بۆ ئەو وڵاتانە ڕێکدەخەن کە "بەشدارییان لە جەنگدا نەکردووە و ئامادەن بۆ پێشکەشکردنى هاوکاریی بۆ "ئەرکێکی فرەلایەنەی بەرگریی" لە گەرووی هوورمزدا.
فەراهەمکردنی ئازادی هاتووچۆی دەریاییە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و کييەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکەن، ئامانج لێی فەراهەمکردنی ئازادیی هاتووچۆی دەریاییە، ئەمە بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی کۆنفرانسەکە خرابێتەڕوو.
ئەرکی بەریتانیا و فەڕەنسا جیاوازە
سەرۆکایەتی فەڕەنسا، دەڵێت، ئەم ئەرکە جیاوازە لە هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئامانجی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایییە بۆ گەرووی هورمز، کاتێک بارودۆخی ئەمنی ڕێگە بدات.
داڕشتنی پلانێکی فرەنەتەوەیی
وتەبێژێکی "داونینگ ستریت" ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی لوتکەکە داڕشتنی "پلانێکی فرەنەتەوەیی، هەماهەنگ و سەربەخۆیە بۆ پاراستنی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی دوای کۆتاییهاتنی جەنگ."
داخستنی گەرووی هورمز
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، تاران بە شێوەیەکی تەواوەتی گەرووی هورمزی داخستووە، کە پێنجیەکی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی شل لە جیهاندا پێیدا تێدەپەڕێت، تەنیا بۆ ئەو کەشتیانە نەبێت کە مۆلەتى هاتووچۆ لە هێزە ئەمنییەکانى ئێران وەردەگرن، وەک ئەوەى سوپاى پاسداران پێشتر رایگەیاندبوو.
لێدوانی فەرمی فەڕەنسا
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەمڕۆ سێشەممە بە ڕادیۆی فەڕەنسای نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، تا ئێستا بە دەیان وڵات بەشدارییان لە کارە بەراییەکاندا کردووە، کە تێیدا سەرۆک ئەرکانەکان ئامادە بوون بۆ دیاریکردنی ئەو چوارچێوەیەی کە ئەرکێکی لەو شێوەیەی لەسەر بونیاد دەنرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ سێشەممە ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکى فەڕەنسا پەیوەندییەکانى تەلەفۆنى لەگەڵ مەسعود پزیشکیان،سەرۆککۆمارى ئێران ئەنجامدا و پرسی ئاسایشی هاتوچۆى دەریایی بەشێک بوو لە گفتوگۆکانیان.
14/04/2026