سێنتکۆم: 10 هەزار سەرباز بەشدارییان لە گەمارۆى سەر بەندەرەکانى ئێران کردووە

کەناڵ8 14/04/2026
ژمارەیەک کەشتی سەربازیی ئەمریکا لە کاتی چالاکییەکانیان لە کەنداوی عەرەبی و دەووروبەری گەرووی هورمز
ژمارەیەک کەشتی سەربازیی ئەمریکا لە کاتی چالاکییەکانیان لە کەنداوی عەرەبی و دەووروبەری گەرووی هورمز

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بە بەشدارى زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئەمریکی و سەکۆى دەریایى و ئاسمانى پێشکەوتوو کراوە.

بە بەشداری چەندین هێزی سەربازی جیاواز

فەرماندەیی ناوەندی ڕایگەیاندووە، ئەو هێزە هاوبەشە ئەندامانى هێزەکانی دەریایی و مارێنز و ئاسمانی لەخۆدەگرێت، کە بە زیاتر لە 12 کەشتی جەنگی و دەیان فڕۆکە و کەشتی چاودێرى پشتگیری دەکرێن.

هیچ کەشتییەک تێنەپەڕیووە

ئاماژەبەوەشکراوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی24 کاتژمێری یەکەمی گەمارۆکەدا سەرکەوتووانە ڕێگرییان لە هەر پێشێلکارییەک کردووە، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەناو بازنەى ئەمنیدا تێپەڕێت.

پابەندبوونی کەشتییەکان

باسلەوەشکراوە، شەش کەشتیی بازرگانی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان بۆ گۆڕینی ڕێڕەو و گەڕانەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران.

گەمارۆیەکی بێلایەنانەیە

واشنتن جەختی لەوەکردەوە ئەو گەمارۆیە "بێلایەنانە" بەسەر هەموو کەشتیەکاندا جێبەجێ دەکرێت بەبێ گوێدانە ڕەگەزنامە یان ئاڵاکەیان، بە مەرجێک شوێنی مەبەستیان بەندەرەکانی ئێران بێت لە کەنداوی فارس یان کەنداوی عومان.

دژی هەموو کەشتییەک بیەوێت بچێتە بەندەرەکانی ئێران

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، ئەو گەمارۆیە لە دژی کەشتییەکانی هەموو ئەو وڵاتانە سەپێنراوە کە لە بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێران لەنگەر دەگرن یان دەچنە دەرەوە.

ڕوونیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا پشتگیری لە ئازادی کەشتیگەلی دەکەن بۆ ئەو کەشتیانەی کە لە گەرووی هوورمزەوە تێدەپەڕن بۆ بەندەرەکانی دەرەوەی ئێران و دەگەڕێنەوە.

ڕۆژی دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندی ئاگادارییەکی بۆ دەریاوانەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو کە سوپای ئەمریکا کۆنترۆڵی دەریایی لە کەنداوی عوممان و دەریای عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هوورمز دەسەپێنێت و ئەم ڕێوشوێنە هەموو کەشتییەکان دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە ئاڵاکەیان.

کەناڵ8

14/04/2026