فاینانشیاڵ تایمز: ئێران مانگێکی دەستکردنی چینی بۆ سیخوڕیکردن لەسەر بنکە ئەمریکییەکان بەکارهێناوە
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، تاران لە ڕێگەی مانگێکی دەستکردی چینییەوە توانایەکی نوێی بۆ چاودێریکردن و بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان دەستکەوتووە.
کەشفکردنی توانایەکی نوێی سیخوڕی
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەبارەی چۆنییەتی سیخوڕیکردنی ئێران بەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بڵاوکردەوە. تێیدا ئاشکرایکردووە کە ئێران مانگێکی دەستکردی چینیی بۆ سیخوڕیکردن بەکارهێناوە، ئەمەش توانایەکی نوێی بە تاران بەخشیوە بۆ دەستنیشانکردنی وردی شوێنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرچاوە و جۆری مانگە دەستکردەکە
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە سەربازییە دزەپێکراوەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا، ئەم مانگە دەستکردەی کە لە جۆری TI-E-01Bـییە لە وڵاتی چین دەستیکەوتووە. ئەم تەکنەلۆژیایە لەلایەن کۆمپانیای Earth Eyeی چینییەوە دروستکراوە و ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی چاودێری.
چاودێریکردنی بنکەکان لە سعودیە و ئوردن
ڕۆژنامەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی شەڕی 40 ڕۆژە، لێکۆڵینەوەی لە وێنەی مانگە دەستکردەکان و شیکردنەوە خولگەییەکان کردووە. مانگە دەستکردەکە لە 13 و 14 و 15ی ئازاردا وێنەی بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتانی لە سعودیە گرتووە. پاشان لە 14ی ئازاردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە فڕۆکە ئەمریکییەکان لەو بنکەیەدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مانگە دەستکردەکە چاودێری بنکەی ئاسمانیی "موەفەق سەڵتی" لە وڵاتی ئوردنیش کردووە.
سیخوڕیکردن لەسەر هەرێمی کوردستان و بەحرەین
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تاران ئەم تەکنەلۆژیایەی بۆ چاودێریکردنی شوێنەکانی نزیک لە بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە مەنامەی بەحرەین و فڕۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە. ئەم چاودێرییانە هاوکات بوون لەگەڵ ئەو هێرشانەی کە سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانیان لەو ناوچانەدا ڕاگەیاندبوو، ئەمەش پیشانی دەدات کە وێنەکان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان بەکارهێنراون.
بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە هەستیارانە، تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن کۆشکی سپی، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەسەر ئەم پرسە بڵاونەکراوەتەوە. هاوکات وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی چین و کۆمپانیای "Earth Eye"یش بێدەنگییان هەڵبژاردووە و لێدوانیان لەسەر بەکارهێنانی ئەو مانگە دەستکردە لەلایەن ئێرانەوە نەداوە.
15/04/2026