نوسینگەى ڕاگەیاندنى پارێزگار: تاوەکو ئێستا ڕێبوار تەها پارێزگارە
لەگەڵ ئەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک پرۆگرامى کارى کۆبوونەوەى سبەى ئەنجوومەنەکەى بڵاوکردەوەتەوە کە ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگارى کەرکووکە، بەڵام نوسینگەى ڕاگەیاندنى پارێزگارى کەرکووک لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ڕێبوار تەها تاوەو ئێستا پارێزگارە.
سبەی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە
بەگوێرەى پرۆگرامى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەى سبەى دەست لەکارکێشانەوەى پارێزگارى کەرکووک پەسەند دەکات و دەنگ لەسەر کەسێکى دیکە بۆ پۆستى پارێزگارى پارێزگاکە دەدات.
پارێزگار بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی
هاوکات نوسینگەى ڕاگەیاندنى پارێزگارى کەرکووک ڕایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا ڕێبوار تەها بە فەرمی پارێزگاری کەرکوکە و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆی.
پارێزگار پابەندی بڕیاری حیزبەکەی دەبێت
نوسینگەى ڕاگەیاندنى پارێزگار جەخت لە پابەندیی ڕێبوار تەها بە جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك دەدەت كە لە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ ئـاڵوگۆڕ لەم پۆستە درابێت و تا ئێستاش نووسراوى دەست لەکارکێشانەوەى بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا نەناردووە.
لە 11ى ئابى 2024 وە، لە ئاکامى ڕێکەوتنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بەشێک لە ئەندامانى عەرەبى ئەنجوومەنى پارێزگاکە تاوەکو ئێستا ڕێبوار تەها لە پشکى کورد و یەکێتى پارێزگارى کەرکووکە.
15/04/2026