ڕۆژنامەنووسێکى نزیک لە پارتى: ئێستا یەکێتی چۆنى بوێت ئاوا تەقلە بە پارتى لێدەدات

ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان
ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان

لە وتارێکدا ڕێبوار کەریم وەلى، کە بە ڕۆژنامەنوسێکى نزیک لە پارتى دیموکراتى کوردستان دەناسرێت، بەتایبەت باڵى نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى، ئاماژە بەوەدەکات، کە ئێستا یەکێتی چۆنى بوێت بەوجۆرە تەقلە بە پارتى لێدەدات.

پارتی بڕیاری دروستی نەداوە

وتارەکەى ڕێبوار کەریم وەلى بەناونیشانى "پارتى چ دەکات" بڵاوکردووەتەوە و تێدایە هاتووە، "بە دیاریکراوی لە نۆ ساڵی ڕابردوودا، موبالەغە نییە ئەگەر بگوترێ، پارتی نە بۆ ناوخۆی خۆی و نە بۆ دەرەوەی خۆی یەک بڕیاری دروستی نەداوە".

غرور پارتیی تووشی سەرلێشواوی کردووە

ڕێبوار کەریم وەلى دەڵێت، غرور، خۆبەزلزانی و تاکڕەوییە بەردەوامەکانی پارتى وایکرد کە بە تەنیا بمێنێتەوە. چ لە بەغدا و چ لە کوردستان، ئەمەش پارتی تووشی سەرلێشێواوی و قەیرانێکی قوڵ کردووە و فاکتەری ململانێی ناوخۆییش وایکردووە پارتی نەتوانێ بەردەمی خۆی ببینێ.

ئێستا یەکێتی چۆن بیەوێت تەقلە بە پارتی لێدەدات

لە وتارەکەیدا ڕێبوار کەریم وەلى ئاماژەى بە دۆخى جارانى یەکێتی داوە کە وەکو پێویست نەبووە و دەڵێت، جاران یەکێتی لە سیاسەتدا، نانی بە نرخی ڕۆژ دەخوارد، کەچی ئێستا لە کوێ و چۆن بیەوێ تەقلە بە پارتی لێدەدات.

ئەوەی گوتویایانە کردوویانە

هەروەها ئاماژە بە پەیوەندى توندى نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى دەکات و دەڵێت، ئەوەى گوتویانە کردوویانە، وەک ئاماژەیەک بە قسەکانى سەرۆکى یەکێتى کە لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردن دەیگوت، ئەوەى دەیڵێم جێبەجێى دەکەم.

توانای حیزبێک بۆ مانەوەی کوڕێک

لەبەشێکى وتارەکەیدا ڕێبوار کەریم وەلى دەڵێت، پارتی بۆ داپۆشینی قەیرانی ناوخۆیی خۆی شەو و ڕۆژ خەریکی دوژمنتاشینە بۆ خۆی و خۆشی پێ مەرجەعی میللەتی کوردە و داوا دەکات کە خەڵکی کوردستان باجی هەڵەکانی ئەو بدەن. هەروەها باس لەوەدەکات کە مەسعود بارزانى هەموو تواناى حیزبەکەی و بنەماڵەکەى بۆ مانەوەى کوڕەکەى تەرخانکردووە کە مەبەستى مەسرور بارزانییە، تاوەکو جارێکى دیکە پۆستى سەرۆکى حکومەت وەربگرێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بووەتە ڕاوچیی هاوپەیمانەکانی پارتی

ئینجا باس لە پەیوەندییەکانى ئەم ماوەیەى یەکێتى و پارتى دەکات و دەڵێت، "لە دوایین ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی و یەکێتیدا، یەکێتی سەرۆککۆماری دیاریکرد و بەوەش پەردەی لەسەر هاوپەیمانییەکی تازە لا دا. بافڵ جەلال تاڵەبانی ئێستا بووەتە ڕاوچیی هاوپەیمانە ناوخۆیی دەرەکییەکانی پارتی؛ لە کاتێکدا کە هێشتا حزبەکەی هاوپەیمانی سەرەکیی شیعەیە، دەرگای هاوپەیمانیی لەگەڵ عارەبی سوننەش(حەلبوسی)کردەوە و قەرارە پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش بۆ چەند مانگێک بدات بە بەرەی تورکمانی و ئینجا بەوەش لە تورکیاش نزیک بێتەوە".

بۆ عەقڵ و مەنتق بگەڕێنەوە

لە کۆتایشدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئێستا دۆخى پارتى زۆر خراپە و لەبەدەم بڕیارێکى چارەنوسسازدایە، بە کشانەوەى لە پڕۆسەى سیاسی عێراق هیچ ڕوونادات، چونکە پارتى بەتەنیا نوێنەرایەتى کورد ناکات و حیزبى دیکە هەن. بۆیە وەک ئامۆژگارییەک دەڵێت، " بڕیاری چارەنوسساز ئەوەیە کە بۆ عقڵ و مەنتق بگەڕێتەوە، سەرۆکی پارتی دەستبەرداری ئەو عینادییە لەسەر کوڕەکەی بێت و پۆستێکی بۆ بدۆزێتەوە".