مامۆستایەکی ئایینی لە دهۆک وتاردانی لێ قەدەغە دەکرێت
مامۆستایەکی ئایینی لە شاری دهۆک بە بڕیارێکی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف واتارخوێندنەوەی ناو مزگەوتی لێ قەدەغە دەکرێت.
ناتوانێت وتار بدات
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مامۆستایەکی ئایینی لە دهۆک بەناوی هەرمان خەلیل بیفسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی شارەکەوە، ئاگادار کراوەتەوە کە بە بڕیارێک سبەینێ هەینی ناتوانێت وتار بدات.
ڕەخنەی لە گرانیی کارەبا گرتووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، مامۆستا ئاینییەکە بە هۆکاری ئەوەی ڕەخنەی لە گرانیی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی گرتووە، ئەم بڕیارەی بۆ دەرکراوە.
بە فشاری میدیا و چالاکوانان چووەتەوە سەر مینبەر
ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، مامۆستا هەرمان لە وتارێکیدا ڕەخنەی لە گرانیی نرخی کارەبا گرتبوو، پارێزەرەکەی دەڵێت، لەسەر ئەو وتارە، بە مامۆستا ئایینییەکە گوتراوە، کە چیتر ناتوانێت وتار بخوێنێتەوە، دەشڵێت، هێشتا کات ماوە و بڕیارەکە ڕەنگە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، وەک پارێزەرەکەی دەڵێت، ئەمە یەکەمجار نییە مامۆستا هەرمان لە وتار دان دوور دەخرێتەوە، بەڵام بە فشاری میدیا و چالاکوانان، دووبارە چووەتەوە سەر مینبەر.
16/04/2026