محەممەد سەمعان لە پشکى تورکمان بووە پارێزگارى کەرکووک

کەناڵ8 16/04/2026
محەممەد سەمعان، پارێزگارى کەرکووک
محەممەد سەمعان، پارێزگارى کەرکووک

لە کەرکووک بەگوێرەى ڕێککەوتنى مانگى ئابى ساڵى 2024 ئاڵوگۆڕى پۆستەکان ئەنجامدرا و محەممەد سەمعان لە پشکى تورکمان بوو بە پارێزگار و نەشئەت شاهوێز لە پشکى کورد پۆستى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاکەى وەرگرت.

ژمارەی دەنگەکانی پارێزگاری نوێ و جێگرەکەی

لە کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە کۆی 16 ئەندام، 14 ئەندام بەشداربوون، بە تەنیا دوو ئەندامەکەى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنەکە بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد، بەگوێرەى ڕێککەوتنى پێشتر، محەممەد سەمعان بە 12 دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەن بووە پارێزگار، نەشئەت شاهوێز بە 14 دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنەکە پۆستى جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنى پارێزگای وەرگرت.

بەبێ جیاوازى خزمەتى هەمووان دەکەن

لە پاش کۆبوونەوەکە، محەممەد سەمعان، پارێزگارى نوێى کەرکووک ڕایگەیاند، ئەگەرچى ئەوان لە پێکهاتەى تورکمان ئەو پۆستەیان وەرگرتووە، بەڵام بەبێ جیاوازى خزمەتى هەمووان دەکەن و هەوڵى پاراستنى ئەو متمانەیە دەدەن کە پێیان دراوە.

سوپاسێک بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی و محەممەد حەلبوسی

پارێزگارى نوێى کەرکووک گوتیشى، سوپاسى هەوڵە بەردەوامەکانى بافڵ جەلال تاڵەبانى و محەممەد حەلبوسى دەکات کە سەلماندی زمانى گفتوگۆ لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە و وەک یەک تیم پێکەوە کاردەکەن بۆ یەک ئامانج کە ئەویش سەقامگیرى و پێشکەوتنى پارێزگاکەیە.

پۆستەکانی یەکێتی لە کەرکووک

بەگوێرەى ڕێککەوتنى بەڕێوەبردنى شارى کەرکووک، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بەرامبەر پۆستى پارێزگار ژمارەیەک پۆستى گرنگ لە حکومەتى خۆجێیی وەردەگرێت و لەکاتى پێدانى پۆستەکە بە پێکهاتەى عەرەب، یەکێتى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە وەردەگرێت.

کەناڵ8

16/04/2026